كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل دوژمنی یه‌كترن. له یه‌كه‌مین رۆژی دوای گه‌یشتنی به ده‌سه‌ڵات، كۆماری ئیسلامی ئیسرائیلی وه‌ك كانسه‌ر و گرێی شێرپه‌نجه‌یی و سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كان له ناوچه‌كه بینیوه كه ته‌نیا به له‌ناوبردن و ڕیشه‌كێشكردنی یه‌كجاری، كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كرێن. له به‌رانبه‌ردا ئیسرائیل ڕژێمی كۆماری ئیسلامی به دوژمنی سه‌ره‌كی و هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی ده‌بینێت، هاوكات به پاڵپشتی دابینكردنی چه‌ك و سه‌رچاوه‌ی دارایی بۆ گرووپ و ڕێكخراوه نه‌یاره‌كانی فه‌له‌ستین و لبنان تۆمه‌تبار ده‌كات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رگیز شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ له نێوانیاندا ڕووی نه‌داوه.
به درێژایی چوار ده‌یه‌ی رابردوو، شێوه‌یه‌ك له شه‌ڕی سارد و بریكاری له نێوان ئێران و ئیسرائیل به‌دی كراوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ تێكچوونی بارودۆخی سووریا و ئاشكرابوونی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران و جێگیربوون و فراوانبوونی پێگه‌ی سوپای پاسدارانی ئێران له‌سه‌ر خاكی سووریا، هاوكێشه‌كه گۆڕانێكی جۆریی به‌سه‌ردا هاتووه.
نزیكبوونه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی ئێران و گرووپه شیعییه هاوپه‌یمانه‌كانی له سووریا بۆ سنووره‌كانی، له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ی رژد له‌سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری وڵات لێكدرایه‌وه. بۆیه له ماوه‌ی ١٠ ساڵی رابردوودا، ئیسرائیل ده‌یان جار راسته‌وخۆ په‌لاماری بنكه‌كانی سوپای پاسداران و گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ربه ئێرانی داوه و زه‌بری گه‌وره‌ی لێ وه‌شاندوون.
ئاشكرابوونی دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی ئێران و هه‌وڵی ئێران بۆ په‌ره‌پێدانی ته‌كنۆلۆجیای ناوكیی و مووشه‌كی و سه‌ربازی، بۆ ئیسرائیل زه‌نگێكی تری مه‌ترسیدار بووه. بۆیه ڕێگری له به‌ره‌وپێشچوونی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی و ده‌ستخستنی چه‌كی ناوكیی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه، بۆ ئیسرائیل گرنگی ستراتیجی هه‌یه. له‌به‌رئه‌وه ئیسرائیل و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كه‌ی له دژی به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران، جۆره‌ها كرده‌وه‌یان ئه‌نجام داون. هه‌ر له تیرۆری زانا و به‌رپرسه باڵاكانی بواری ئه‌تۆمی، تا ئاشكراكردنی لایه‌نه نهێنییه‌كانی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران و لۆبی و گوشاری نێوده‌وڵه‌تی و دیپلۆماسی و هێرشی سایبێری و چه‌ندان كرداری تێكده‌رانه، شوێنپه‌نجه‌ی ئیسرائیلن. له‌وه‌ش زیاتر له ڕووداوی ته‌قینه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمی نه‌ته‌نزدا، په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ ئیسرائیل درێژ كرایه‌وه و به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌یش خۆیان لێ بێده‌نگ كردووه و ئه‌و ده‌نگۆیانه ڕه‌ت ناكه‌نه‌وه (هه‌رچه‌نده پشتڕاستیشیان نه‌كردووه).
كۆماری ئیسلامیی ئێران له به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر هێز و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له سووریا، هه‌روه‌ها كرده‌وه دوژمنكارانه‌كانی له دژی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئه‌و وڵاته، جگه له هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه و جنێودان، به كرده‌وه هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی پێشان نه‌داوه.
ئیسرائیل به ئاره‌زووی خۆی جووڵه ده‌كات و له هه‌ر كوێ و هه‌ر ساتێك‌دا ویستبێتی، له دژی ئێران و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌یش ته‌ڤگه‌ر ده‌نوێنێت، كه‌چی به‌رپرسانی سیاسی و سه‌ربازی كۆمار ته‌نیا بڕناخه‌كانیان پڕ له فوو ده‌كه‌ن، هاوار ده‌كه‌ن و وتاری ئاگرین ده‌ڵێنه‌وه و دروشم ده‌هاوێن، له‌سه‌ر قه‌باخی مووشه‌كه‌كانیان ناوی ئیسرائیل و دروشمی دژبه زایۆنیزم ده‌نووسنه‌وه، كه‌چی راستییه‌كه‌ی له ئاست ئیسرائیل و جموجووڵه‌كانی، ده‌سته‌وه‌ستانن.
ئه‌وه له كاتێكدایه له كاردانه‌وه‌ی كوژرانی قاسم سلێمانی، بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكای له عێراق مووشه‌كباران كرد. جێی سه‌رنجه ئێران له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌ریكا بێ منه‌تتره.
راستییه‌كه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئیسرائیل هاوشێوه‌ی مار یان ئه‌ژدیهایه‌كه كه سه‌ره‌ڕای ترسناكی سیما و ڕواڵه‌تی، به‌ڵام ژه‌هره‌كه‌ی ده‌ركراوه و هیچ مه‌ترسیی نه‌ماوه. هه‌ر خۆی دروشم و گوتاره دژه جووله‌كه و دژه ئیسرائیلییه‌كانی به‌رپرسانی كۆمار، زۆربه‌ی كات له گۆڕه‌پانی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌كه‌وێته خزمه‌تی ئه‌جێندای ئیسرائیله‌وه، سۆزی زیاتری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و پاڵپشتی زیاتری زلهێزه رۆژئاواییه‌كان بۆ ئیسرائیل ڕاده‌كێشێت.
سه‌یر له‌وه‌دایه گوتار و كرده‌وه و هه‌ڵسوكه‌وت و دروشمه‌كانی كۆماری ئیسلامی و شوێنكه‌وتوو و ده‌ستوپێوه‌نده‌كانیان له به‌ره‌ی به‌رگریی، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و ڕه‌ها، به قازانجی ئیسرائیل ده‌شكێته‌وه و ئاو ده‌ڕژێننه ئاشی دوژمن.
ئێران پێش شۆڕشی ١٩٧٩ و هاتنه‌سه‌ر كاری كۆماری ئیسلامی، تاكه وڵاتی دۆست و هاوكاری ئیسرائیل بوو له دنیای ئیسلامی‌دا. هه‌ر ئێرانی دوای شۆڕش و تا ئێسته‌یش، ته‌پڵی دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌كوتێت، به جۆرێك كه گوێ ئازار ده‌دات. كه‌چی ئێسته وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامیی بۆ ڕێككه‌وتن و ئاشته‌وایی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، به نۆره ڕیز بوون یان ڕیز كراون. ئه‌مه پارادۆكسێكی سه‌یر و ناوازه‌یه.