بوونی كورد له‌ناو به‌ڵگه فه‌رمییه‌كانی ده‌وڵه‌تانی رۆژئاوایی‌دا دیارده‌یه‌كی باو نه‌بووه و نییه. مه‌به‌ستم له به‌ڵگه‌ی فه‌رمی ده‌وڵه‌ته‌كان؛ بێگومان ئه‌و به‌ڵگانه‌یه كه له سیستمی سیاسی و یاسایی نێوده‌وڵه‌تیدا بایه‌خی یاساییان هه‌یه و له كایه‌ی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا وه‌ك لێڤه‌گه‌ڕ سه‌یر ده‌كرێن. له ناوخۆی وڵاتاندا به‌ڵگه‌گه‌لێكی وه‌ك ده‌ستوور، یاسای په‌سه‌ندكراوی په‌رله‌مانه‌كان، به‌ڵگه‌نامه‌كانی حكوومه‌ته‌كان، میتۆدی په‌روه‌ده‌یی و...تاد؛ له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا ئه‌و یاسا نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی كه له‌لایه‌ن لێڤه‌گه‌ڕێكی وه‌ك ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، دادگای نێوده‌وڵه‌تی، هه‌ندێ ڕێكخراوی وه‌ك یه‌كێتی ئه‌وروپا، هه‌ندێ ده‌زگای سه‌ربازی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك ناتۆ، به‌ڵگه‌نامه دیپلۆماسییه‌كان و یاساكانی بازرگانی جیهانی و.. تاد، مشتێكن له گۆڕه‌پانێكی فراوانی به‌ڵگه‌نامه‌یی و لێڤه‌گه‌ڕی سیاسی و یاسایی جیهانی.
بوونی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه، كولتوور، مێژوو و سه‌رجه‌م سه‌روه‌رییه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ناو نزیكه‌ی سه‌داسه‌دی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌دا نزیكی سفره. به‌داخه‌وه ئه‌گه‌ر شتێكیش هه‌بێت، ئه‌وا یان به دیدگای نه‌رێنی داڕێژراوه و یانیش به‌دڵی ده‌وڵه‌ته داگیركه‌ره‌كانی كوردستان مۆری جیاجیای ناڕه‌وایان لێ داوه و یانیش وه‌ك به‌شێكی بچووك له نه‌ته‌وه خۆ پێ مه‌زنه‌كانی فارس و تورك و عه‌ره‌ب وێنا كراوه.
هه‌ر ئه‌م دیارده نه‌گریسه‌ش، واتا سڕانه‌وه و سڕینه‌وه له فه‌رمییه‌تی جیهانی و وێناكردنی نه‌رێنی و ناڕه‌وا له‌لایه‌ن ده‌زگای زه‌به‌لاحی ئایدۆلۆجی ده‌وڵه‌ته داگیركه‌ره‌كانه‌وه؛ بووه‌ته هۆكاری سه‌ندرۆمێكی قووڵ له سایكۆلۆجیای تاك و كۆمه‌ڵگا و بگره جووڵانه‌وه‌ی سیاسی و هاوكات رووناكبیرانی كورد. سه‌ندرۆمی خۆناساندن و خۆسه‌لماندن به دنیای ده‌ره‌وه. واتا له هزری هه‌ر تاكێكی كورد له هه‌ر پێگه‌یه‌ك بێت ئه‌م دوو ڕسته‌یه هه‌یه و كه‌م و زۆر كاری بۆ ده‌كات؛ "دنیای ده‌ره‌وه ئێمه‌ی كورد وه‌ك پێویست ناناسێت" ، "كورد و مێژووه‌كه‌ی و داواكارییه‌كانی و دۆزه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی ناشیرین و تیرۆریزه كراوه". ڕێك له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا؛ هه‌موو كوردێك بڕوای ته‌واوی وایه كه ده‌بێ خۆمان به دنیا بناسێنین، ده‌بێ بیسه‌لمێنین كه خه‌بات و دۆزی نه‌ته‌وه‌ییمان ڕه‌وایه ئێمه له‌سه‌ر حه‌قین. خۆ ئه‌مانه ڕاستن، به‌ڵام یه‌كێكن له ئه‌ركه گرنگه‌كان نه‌ك هه‌موو ئه‌ركه‌كه بێت. خۆڕازاندنه‌وه‌مان بۆ ده‌ره‌وه واتا بیچم و ڕواڵه‌تمان گرنگی زیاتری پێ ده‌درێت تا گه‌وهه‌ر و ناوه‌ڕۆك و ناخمان. دروشممان زیاتره له كردارمان.
به‌م سایكۆلۆجییه‌وه ئێمه‌ی كورد زۆر به‌و هه‌نگاوه‌ی فڕه‌نسا واتا به‌جێكردنه‌وه‌ی كورته‌یه‌ك له مێژوو و دۆخی نه‌ته‌وه‌ی كورد و تایبه‌تمه‌ندی و داواكارییه‌كانی له پرۆگرامی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی ئه‌و وڵاته‌دا ده‌ڵخۆشین. ڕێك وای لێكده‌ده‌ینه‌وه كه بابمان له گۆڕ زیندوو بووه‌ته‌وه و ژیانی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه. له‌و رۆژانه‌دا هه‌ندێكیشم بینین هه‌ر شاگه‌شكه بوون. نایشارمه‌وه منیش هه‌روا بووم. یه‌كێكم بینی له تیڤییه‌كدا ده‌یگوت؛ "ئیتر پێویست ناكات كورد ماڵ به ماڵ بگه‌ڕێن و گه‌نجی فڕه‌نسی له‌سه‌ر مێژوو و دۆزی كورد ئاگادار بكه‌نه‌وه، له‌مه‌ودوا گه‌نجی فڕه‌نسی "ناچارن" خۆیان فێری مێژووی كورد بكه‌ن".
بێگومان دوای نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌ك؛ فڕه‌نسا هه‌نگاوێكی زۆر گرنگی ناوه و مایه‌ی دڵخۆشییه، ده‌كرێت سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ گۆڕینی زۆر چه‌مك و تیۆری دروستكراوی سه‌پێنراوی سیستمی داگیركاری. ئه‌م لایه‌نه‌ی بابه‌ته‌كه شیاوی ڕێزلێنان و بگره پێداهه‌ڵگوتنیشه. من بۆ خۆم هیچ لاریم له‌وه نییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌ندێ شت هه‌یه كه ناكرێت نادیده‌ی بگرین و خۆمانی لێ گێل بكه‌ین:
یه‌كه‌م؛ بابه‌تی مێژوو و كولتوور و به‌ها پێوه‌ندیداره‌كان به ناسنامه‌ی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌وه، كۆمه‌ڵێك مه‌رج و پێوه‌ری تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌كان مێژووی یه‌كتر ده‌خوێنن، به‌ڵام له دانانی بابه‌ت و لێڤه‌گه‌ڕ بۆ سه‌رچاوه و بابه‌ته پسپۆڕییه‌كان، له‌ڕێی كۆمه‌ڵێك میكانیزمه‌وه پرس و ڕا و لێكۆڵینه‌وه‌ی هاوبه‌ش ده‌كه‌ن و پێوان و هه‌ستیارییه‌كانی یه‌كتر ڕه‌چاو ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌رچی مێژووی كورد بریتییه له مێژووی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان؛ به‌ڵام له ئه‌رزی واقعیدا هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هاوكات زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان، لێڤه‌گه‌ڕی هه‌موو كوردن.
(هه‌رچه‌ند له‌وانه‌یه من زانیاریم نه‌بێت) تا ئێسته ئاگاداری ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی ده‌زگا پێوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم نیم له‌مه‌ڕ چۆنیه‌تی ئه‌و پرۆسه‌یه، كه ئایا پرس و ڕایان پێ كراوه، ئاگادار بوونه یان نا؟ ئه‌گه‌ر ئاگادار نه‌بوون، ئه‌وا جێی ڕه‌خنه‌یه كه ده‌بوو وێڕای ده‌ستخۆشی، به‌ڵام ئه‌م گله‌ییه‌شیان له فڕه‌نسا بكردبایه. ئه‌گه‌ر ئاگادار بوونه و پرس و ڕایان پێ كراوه؛ ئه‌وكاته ئێمه‌ومانان دوو گله‌ییان لێ ده‌كه‌ین. یه‌كه‌میان؛ ده‌بوو ڕای گشتی ئاگادار بكه‌نه‌وه له بڵاوكراوه‌یه‌كدا كۆی پرۆسه‌كه و سه‌رچاوه‌كان بۆ خه‌ڵك ڕوون بكه‌نه‌وه. دووه‌میان؛ ئه‌وه‌نده‌ی له میدیاكانه‌وه باس له كۆی بابه‌ته‌كه كراوه، شتی نوقسانی زۆرن و زیاتر له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا چڕ بووه‌ته‌وه.
دووه‌م؛ نه‌مبیستووه ڕۆڵی وڵاتانی رۆژئاوایی و فڕه‌نسا خۆیشی له قۆناخی پارچه‌كردنی كوردستان باس كرابێت. باسی جینۆسایده‌كان، باسی سه‌پاندنی ده‌سته‌واژه‌ی تیرۆریزم به‌سه‌ر تێكۆشانی كورد، باسی چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری پرسی كورد له ڕوانگه‌ی ده‌وڵه‌تی فڕه‌نسا و زۆر پرسی تری ستراتیجی. به‌ڕاستی پێناسه‌یه‌ك بۆ كورد جێی بایه‌خه كه ڕێ له‌به‌ر تێگه‌یشتنی ئه‌مجۆره پرسانه‌دا بكاته‌وه. ئه‌گه‌رنا ئه‌مه‌ش بۆ كورد وه‌ك چیرۆكه‌كه‌ی تره. یان به خراپی وێنای ده‌كه‌ن، یان تۆزێك ئه‌رێنیتر. به دڵنیاییه‌وه جیاوازی له نێوان ئه‌م دووانه‌دا هه‌یه، به‌ڵام یه‌ك خاڵی هاوبه‌شیشیان هه‌یه و ئه‌ویش؛ له هه‌ردووكیاندا كورد بۆ خۆی داڕێژه‌ر نییه.
فڕه‌نسا له ساڵانی هه‌شتاكانه‌وه له چه‌ندان وێستگه‌دا ڕۆڵی گرنگی بۆ هاوكاری بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد گێڕاوه. ده‌كرێت وه‌ك دۆستی كورد حیسابی له‌سه‌ر بكرێت. ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه گرنگه ئه‌وه‌یه مادام كه‌سێك و ده‌وڵه‌تێك كراوه‌یه هاوكار و پشتیوانی دۆزی كوردی بێت؛ ئه‌وكاته ئێمه‌ی كورد ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بین كه ئه‌و ته‌نیا به‌شێوازی خۆی یارمه‌تیمان بدات، به‌ڵكو هه‌وڵ بده‌ین بۆچوون و باكگڕاوندێكی به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆمانی تێدا جێگیر بكه‌ین.
با به‌م گله‌ییه كۆتایی پێ بێنم؛ ده‌بوو میدیاكار و ڕۆشنبیر و نووسه‌رانی كورد له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته زۆریان بنووسیایه، ده‌بوو چوار ئه‌وه‌نده‌ی سه‌فه‌رێكی كازمی بۆ هه‌رێم گرنگییان پێ بدایه.