له ماوه‌ی ڕابردوودا بینه‌ری فراوانبوونی هێرشه‌كانی داعش بووین له هه‌ندێ له ناوچه جۆراوجۆره‌كانی عێراق، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعشی له‌م وڵاته‌دا كرده ڕاستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر. هه‌رچه‌نده له ساڵی ٢٠١٨ له چه‌ندان بۆنه‌ی جۆراوجۆردا، حكوومه‌تی عێراق و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر تیرۆرستاندا ڕاگه‌یاندبوو، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و كاته‌یش هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن گومانیان هه‌بوو كه ئه‌مه به واتای كۆتاهاتنی ڕاسته‌قینه‌ی داعش بێت له عێراق و ناوچه‌كه‌دا.
له‌مدواییه‌ش به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان و ته‌نانه‌ت عێراقیش، له چه‌ندان بۆنه‌دا ئه‌وه‌یان ڕاگه‌یاند كه داعش خه‌ریكی خۆڕێكخستنه‌وه‌یه. هه‌ر له كاتی سه‌رهه‌ڵدانی كۆرۆناوه تا ئێسته، هێزه‌كانی داعش نزیك به ١٥٠ هێرشی جۆراوجۆریان له ناوچه جیاوازه‌كاندا ئه‌نجام داوه.
له‌م دۆخه‌دا كه هه‌ڕه‌شه‌ی كۆرۆنا هێشتا مه‌ترسی له‌سه‌ر عێراق و دنیا ماوه، به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت، عێراق له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ڕووبه‌ڕووی ته‌نگژه‌ی گه‌وره‌ی ئابووری ده‌بێته‌وه و ته‌نگژه‌ی حوكمڕانیش له عێراق وه‌ك ناكۆكییه‌كانی هه‌ولێر-به‌غدا، خۆپێشاندانه‌كان و هتد هه‌ر به‌رده‌وامه، بۆیه له‌م دۆخه ناله‌باره‌دا سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی داعش، ده‌توانێ وڵاته‌كه ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی و كاره‌ساتی گه‌وره بكاته‌وه.
له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی داعش، ده‌توانین له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا بیانخه‌ینه‌ڕوو:
١- ناكۆكییه‌كانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدراڵی، به تایبه‌ت له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ٢٠١٧ كاریگه‌ریی نه‌رێنیی هه‌بووه له‌سه‌ر دۆخی ئاسایش به‌تایبه‌تی له ناوچه كوردستانییه دابڕاوه‌كان، چونكه به‌هۆی نه‌مانی پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه، جۆرێك له بێمتمانه‌یی و دابڕان له هاوكارییه سه‌ربازییه‌كانی نێوان هه‌ولێر-به‌غدا دروست بووه، ئه‌م بۆشاییه‌ش ده‌رفه‌تێكی زێڕینی بۆ چه‌كدارانی داعش ڕه‌خساندووه تا چالاكیی له‌و ناوچانه‌دا زیاتر بكه‌ن.
٢ -سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا له دنیا كه عێراقیشی گرتووه‌ته‌وه، بووه‌ته هۆی ناچالاكبوون و سستی هێزه سه‌ربازییه‌كانی عێراق، ئه‌مه‌ش بۆشایی له سیستمی سه‌ربازیی-ئاسایشیی عێراقدا دروست كردووه، ئه‌م دۆخه له‌لایه‌ن داعشه‌وه كه‌ڵكی لێ وه‌رگیراوه و بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی زیاتر باوه‌ڕ و متمانه‌یان به خۆیان هه‌بێت و ده‌ست به جموجووڵ بكه‌ن.
٣ -له چه‌ند مانگی ڕابردوودا، گرژییه‌كانی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا له عێراق په‌ره‌ی سه‌ندووه كه دواجار به كوشتنی قاسم سلێمانی گه‌یشته لووتكه‌ی خۆی. ئه‌م گرژییانه و ململانێی هه‌ردوولا له‌سه‌ر خاكی عێراق، له بری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش، ده‌رفه‌تێكی باشی به تیرۆریستان داوه بۆ خۆسازدان و دوور نییه ئه‌و لایه‌نانه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان، چاوپۆشیی تاكتیكی له به‌رانبه‌ر هێزه‌كانی داعش به‌كار بێنن.
جگه له‌وه‌ش، هه‌ریه‌ك له‌و دوو وڵاته یه‌كتر وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ره‌كی سه‌یر ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات داعش وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی لاوه‌كی سه‌یر بكرێت، ئه‌م چاوپۆشییه له ئه‌نجامدا ده‌رفه‌ت بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی داعش ده‌ڕه‌خسێنێت.
هه‌روا له ماوه‌ی ڕابردوودا له ئه‌نجامی به‌ریه‌ككه‌وتنی ئه‌مه‌ریكا و ئێران، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازیی له نێوان ئه‌مه‌ریكا و هێزه پرۆئێرانییه‌كان له‌سه‌ر خاكی عێراق هاته ئاراوه. له ئه‌نجامی ئه‌م به‌ریه‌ككه‌وتنه، ئه‌مه‌ریكا ژماره‌یه‌ك له بنكه سه‌ربازییه‌كانی خۆی له عێراق چۆڵ كرد و ژماره‌یه‌ك هێرشی ئاسمانی كرده سه‌ر هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له عێراق، ئه‌مه‌ش وایكرد ئه‌و هێزانه له ترسی هێرشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ژماره‌ی بنكه‌كانیان كه‌م بكه‌نه‌وه، به‌تایبه‌ت له ناوچه سوننه‌كان، كۆی ئه‌م گۆڕانكارییه له نه‌خشه و پلانی سه‌ربازیی هه‌ردوولا، له قازانجی داعش و جموجووڵه‌كانیان ته‌واو بووه.
له لایه‌كی تره‌وه هه‌ستانه‌وه‌ی داعش و به‌هێزبوونه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه، پاساوی ئه‌وه به ئه‌مه‌ریكا و ئێران ده‌دات بۆ مانه‌وه‌ی هێزه سه‌ربازییه‌كانیان له عێراق، له‌وانه‌یه هه‌ردوولا ئه‌م دۆخه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ڕێژه‌یی خۆیان به‌كار بێنن، ئه‌مه‌ش وابه‌سته‌یی عێراق به مانه‌وه‌ی هێزی ئه‌و وڵاتانه زیاتر ده‌كات.
٤- له چه‌ند ساڵی رابردوودا دوای ئه‌وه‌ی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ناوچه‌كانی بنده‌سه‌ڵاتی خۆی له پارێزگا سوننه‌نشینه‌كانی عێراق له ده‌ست دا، حكوومه‌تی عێراقی نه‌یتوانی وه‌ك پێویست هه‌نگاوی رژد بنێت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه، جگه‌له‌مه‌ش ڕه‌فتاری هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له ناوچه سوننه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی تایفی بووه و جێی ڕه‌زامه‌ندی دانیشتووانی ئه‌و ناوچانه نه‌بووه و نه‌یتوانیوه متمانه‌ی ئه‌وان به‌ره‌و لای خۆی ڕابكێشێت. بۆیه ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ داعش خوڵقاندووه كه سه‌رله‌نوێ هه‌وڵی ژیاندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیات و هزری خۆی بدات له‌و ناوچانه و خۆی به‌هێز بكاته‌وه.
٥- هه‌ستانه‌وه‌ی هێزه‌كانی داعش و به تایبه‌ت هێرشه به‌ربڵاوه‌كانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوویان، ڕه‌نگه په‌یامێك بێت بۆ مسته‌فا كازمی كه ئێسته سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراقه، كه ئه‌گه‌ر تێڕوانین و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه له‌به‌رچاو نه‌گرێت، ئه‌وا حكوومه‌ته ساواكه‌ی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی گرفتێكی ته‌ناهیی گه‌وره ده‌بێته‌وه، ڕه‌نگه ده‌ربازبوون لێی ئاسان نه‌بێت.
٦- به‌شێك له‌و هێزانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه له ناوچه سوننه‌نشینه‌كانن، بریتین له هێزه‌كانی حه‌شدی عه‌شایری كه پێكهاتوون له كۆمه‌ڵێك چه‌كداری خێڵه سوننه‌كان، ئه‌وانه‌ش هیچكات جێی متمانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی شیعه نین له عێراق، بۆیه له ڕووی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌وه وه‌ك پێویست پڕچه‌ك ناكرێن و له‌ڕووی توانای سه‌ربازییه‌وه لاوازن و له‌وانه‌یشه پاڵنه‌ری پێویستیان نه‌بێت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش، ئه‌مانه‌یش ده‌بنه هۆی لاوازیی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه و هه‌ستانه‌وه‌ی هه‌رچی زیاتری داعش له‌و ناوچانه.
هه‌رچه‌نده پێشتر هێزه‌كانی داعش له‌ژێر هێرشی هاوپه‌یمانی دژی داعش به ڕێژه‌یه‌كی باش لاواز بووبوون و ناوچه‌كانی بنده‌سه‌ڵاتی خۆیان له ده‌ست دابوو، به‌ڵام به سه‌رنجدان له‌و هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه زه‌وینه‌ی له‌بار بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌م گرووپه تیرۆریستییه و دروستكردنی مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاینده‌ی ناوچه‌كه، له ئارادایه.