بارزان جه‌وهه‌ر سادق
گرووپی قه‌یرانی نێوده‌وڵه‌تی(ICG) له نوێترین راپۆرتیدا كه هه‌فته‌ی رابردوو (22ی ئایار/مایۆی 2018) بڵاو كراوه‌ته‌وه له‌ژێر ناونیشانی "سعوودیه‌ی عه‌ره‌بی: گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا" چه‌ند زانیارییه‌كی گرنگ و پێشنیار ده‌خاته ڕوو كه جێی ههڵوهستهكردنن. ئێمه له میانی خوێندنه‌وه‌ی راپۆرته‌كه، هه‌وڵمان داوه سه‌رنجی خۆمان و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان له‌م وتاره‌دا بخه‌ینه ڕوو.
ئه‌و پێوه‌ندییه‌ی سعوودیه دوای چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك له گرژی، ده‌یه‌وێت ده‌ستی پێ بكاته‌وه، پێوه‌ندی به ئه‌جێندایه‌كی رۆژئاوایی هه‌یه، كه‌نداوی وه‌ك ده‌ستپێكێك له‌و پاكێجه نوێیه سیاسییه‌ی ئه‌م وڵاتانه دژ به سیاسه‌تی ئێران ده‌یگرنه‌به‌ر.
سه‌ردانی شازاده‌ی جێ‌نشین بۆ به‌غدا زه‌نگێك بوو بۆ گۆڕانێكی گه‌وره، به‌ڵام چۆن ده‌كرێت ئه‌و بونیاده عه‌قڵییه‌ی ئێرانییه‌كان له ماوه‌ی 15 ساڵی رابردوو له‌ناو مێنتاڵێتی تاكی شیعه‌ی عێراقی چاندوویه‌تی، ئاوا خێرا بگۆڕێ؟ ئه‌مه یه‌كێك له به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م پێڕه‌وكردنی ئه‌م ستراتیجه نوێیه ده‌بێت. به‌ڵام هیوایه‌ك بۆ ئه‌م گۆڕانكارییه بریتییه له په‌نابردنه به‌ر میدیا وه‌ك ئه‌مه‌ریكا له 2003 دژی رژێمی سه‌دام حوسێن پێڕه‌وی كرد و سه‌ركه‌وتوو بوو.
ئاماژه‌یه‌كی تر، له‌وانه‌یه سعوودیه هیوای ئه‌وه‌ی خواستبێت داعش ئه‌و رژێمه شیعییه بڕووخێنێ، به‌ڵام كه ئه‌م پڕۆژه‌یه سه‌ری نه‌گرت، ناهێڵێ سوننه‌كان به‌م چه‌شنه وێران بكرێن و شیعه بخرێنه ئه‌و شوێنانه، له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا سعوودیه به‌دوو شێوه سیاسه‌تی كردووه. یه‌كه‌م، له رێی هاوپه‌یمانه‌كان و دۆسته‌كانی (توركیا، هه‌رێمی كوردستان، ئوردن.. هتد) هه‌وڵی دوورنهكهوتنهوهی سوننه‌كانی داوه له‌لایه‌ك، له‌رێی ئه‌و پشتگیرییه دارایییه گه‌وره‌ی له كۆنگره‌ی كوێت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌م ناوچانه كرا، سعوودیه به‌شدارییه‌كی به‌هێزی كرد بۆ هه‌مان مه‌به‌ست (گه‌ڕانه‌وه‌ی سوننه). به‌ڵام له‌مه‌دا تا ئێسته سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، چونكه بۆ نموونه حكوومه‌تی عه‌بادی هه‌نگاوی رژد و كرداری نه‌ناوه بۆ ئاوه‌داكردنه‌وه‌ی ئه‌م شوێنانه و چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر نزیكی هه‌زار و 100 خێزانی مووسڵاوی گه‌ڕانه‌وه بۆ شوێنه‌كانیان و یه‌كسه‌ر كۆچی پێچه‌وانه‌یان كرده‌وه به‌ره‌و هه‌ولێر، دوای بینینی ئه‌و تراجیدیایه‌ی له شوێنه‌كانیان هه‌یه.
بۆ سعوودیه ناشێ ململانێی سیاسی و چه‌كداری عێراق بكات، بۆیه هه‌وڵ ده‌دات له‌سه‌ر بنه‌مای گریمانه‌كانی تیۆری لیبراڵی به‌ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری، ئاوه‌دانكردنه‌وه، جووڵاندنی تێكه‌ڵاوی كولتووری و نه‌ته‌وه‌یی، له عێراق نزیك بێته‌وه. ئه‌مه‌ش بێگومان سوودی بۆ هه‌رێمی كوردستانیش ده‌بێت هاوكات. ئه‌م جۆره له سیاسه‌تكردن جه‌نگێكی سارد دێنێته كایه‌وه له نێوان ئێران و سعوودیه و سه‌رئه‌نجام به‌قازانجی عێراقییه‌كان ده‌شكێته‌وه.
زیندووكردنه‌وه و به‌هێزكردنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وایی هیچی كه‌متر نییه له‌و هه‌سته توندڕۆییه مه‌زه‌وییه‌ی ئێران چه‌ند ساڵێكه سواری شه‌پۆله‌كه‌ی بووه بۆ مه‌به‌ستی كۆنكرێتكردنی خه‌ڵكی شیعه و به‌كارهێنانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ژموونی خۆی. له‌لایه‌كی تره‌وه، خه‌ڵكی عێراق چه‌نده به سیاسه‌تی سوننه‌كانی پێشوو شه‌كه‌ت بوون، دوو هێنده بێزارن به له‌ده‌ستدانی ئه‌و هه‌موو رۆڵه عێراقییه له‌پێناو پاكتاوی مه‌زه‌وی و جه‌نگی بریكارانه (وه‌كاله).
لێره‌دا هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت رۆڵی گرنگ بگێڕێ، چونكه سیاسه‌تێكی عه‌قڵانی كرد و نه‌كه‌وته ناو گه‌مه‌ی مه‌زه‌وی له نێوان دوو زلهێزی ناوچه‌كه. هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت پشتیوانی رۆژئاوا و سوننه‌كانی كه‌نداو بێت بۆ رێكخستنه‌وه‌ی عێراقییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای پێكه‌وه‌ژیان و هاوبه‌شی پێكهاته‌كان له ڕێی میدیا، كۆڕ و كۆنفرانس و سیمپۆزیوم و چه‌ندان چالاكی تر.
به‌رپرسانی سیاسیی سعوودیه و ئه‌مه‌ریكا ئه‌مساڵ زۆر دووپات له‌سه‌ر هاوئاهه‌نگی ده‌كه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كتر بۆ دوورخستنه‌وه‌ی ئێران له دراوسێكانی به‌تایبه‌ت، عێراق، یه‌مه‌ن و به‌حرێن، كه هاوسنوورن ئینجا له سووریا، لبنان و فه‌له‌ستین. ئه‌مه‌ش به‌قازانجی هه‌رێمی كوردستان ده‌شكێته‌وه، چونكه نابێ ئه‌وه له‌بیر بكه‌ین كه ئێران دوژمنێكی سه‌رسه‌ختی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ته له هه‌رێمی كوردستان و ئه‌م بابه‌ته‌ی له پێشه‌وه‌ی ستراتیجی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆی چه‌سپاندووه، هه‌ركات هه‌نگاوه‌كانی رژدن له‌و رووه‌وه، ئێران هه‌موو هێزێكی نه‌رم و ره‌قی بۆ به‌كار هێناوه وه‌ك له رووداوی 16ی ئۆكتۆبه‌ر بینیمان.
سعوودیه رازی نییه به‌و باڵانسی هێزه ئابووری و سیاسییه‌ی هه‌یه له عێراق. بۆ نموونه، له رووی ئابوورییه‌وه سعوودیه كه‌متر له نیو ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی هه‌یه له‌گه‌ڵ عێراق، به‌ڵام ئێران زیاتر له شه‌ش ملیار ئاڵوگۆڕی هه‌یه ساڵانه له‌گه‌ڵ عێراق و له هه‌وڵی زیادكردنی خێرای ئه‌م رێژهیهشدان. له رووی سیاسیشه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئه‌و بگاته 70% و ئێران بێنێته خواره‌وه بۆ 30%، ئه‌م وڵاته تاكتیكی نوێی گرتووه‌ته به‌ر كه له چوار پڕه‌نسیپی سه‌ره‌كی پێك دێت. یه‌كه‌م، ده‌ست درێژكردن بۆ هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌بژێری شیعه‌ی عێراق. دووه‌م، به‌ره‌و پێشبردنی پێوه‌ندی ئابووری. سێیه‌م، هاوئاهه‌نگی له نێوان مه‌زه‌وه ئاینییه جیاوازه‌كان و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئیراده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێز. ئه‌گه‌ر ئه‌مانه ستراتیج و تاكتیكی سعوودیه بن بۆ گه‌ڕانه‌وه به‌غدا، ئه‌وه هه‌رێمی كوردستان وێستگه‌یه‌كی گرنگ ده‌بێت به‌تایبه‌ت ئێسته كه پارتی و یه‌كێتی سه‌رقاڵی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێن له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه شیعییه‌كان.
سعوودییه‌كان چاویان له‌وه‌یه موقته‌دا سه‌در بێته پێشه‌وه و هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ بكه‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش پارته كوردییه‌كان زیاتر له سه‌در نزیكن و ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانی سه‌در بن، ده‌شێ زیاتر له سعوودیه نزیك بن یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه باڵانسێك بۆ سعوودیه و ئێران دروست بكه‌ن.
هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵ بدات كه به‌رپرس و كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كانی عێراق وه‌ك هه‌رێم هاوسه‌نگی رابگرن له نێوان هه‌ردوو وڵات و چیتر عێراق نه‌بێت به مه‌یدانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه هه‌رێمی و جیهانییه‌كان. واته ده‌كرێت چه‌ند كۆنگره و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نیشتمانی له هه‌ولێر و به‌غدا رێك بخرێن و داوا بكرێت هێزه عێراقییه‌كان به‌هه‌رێمیشه‌وه، پارێزگاری له سه‌ربه‌خۆیی عێراق بكه‌ن و نه‌هێڵن بچێته ناو پڕۆژه‌ی ئێرانی یان سعوودی یان رۆژئاوا. ئه‌مه چه‌ند ئامانجێك ده‌پێكێ بۆ هه‌رێمی كوردستان:
1-هه‌رێم ده‌توانێت به‌سته‌ڵه‌كی رك و كینه له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ته‌واوی بتوێنێته‌وه و پێوه‌ندییه سیاسییه‌كان به‌كار بخات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بارودۆخی ئابووری پێشوو و به‌رده‌وامی خۆشگوزه‌رانی و ئاوه‌دانی له هه‌رێمه‌كه‌ی.
2-سه‌رداربوونی ئه‌م زلهێزانه له عێراق هه‌نگاوی به‌ده‌وڵه‌تبوون هێواش ده‌كاته‌وه (16ی ئۆكتۆبه‌ر به نموونه) و نه‌مانی ئه‌وان له عێراق، ده‌رفه‌تی باشتر ده‌ڕه‌خسێنێ.
3- ئه‌م رۆڵبینینه نامه‌یه‌ك ده‌بێت بۆ سعوودیه و وڵاتانی سوننی و رۆژئاوایش كه هه‌رێم ده‌بێته وێستگه‌ی دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و مۆنۆپۆڵكردن و ئێرانیهیی له عێراق هه‌یه.
4-به ئێرانییه‌كانیش ده‌گوترێت كه ئه‌گه‌ر سه‌قامگیری و ئاوه‌دانی بگه‌ڕێته‌وه و بنه‌ماكانی دیموكراسیش جێبه‌جێ بێت، هه‌ر شیعه جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه ده‌گرن.
ده‌كرێـت بگوترێت ئه‌مه هه‌لێكه بۆ هه‌رێمی كوردستان كه گه‌مه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه له‌گه‌ڵ ته‌واوی ئه‌و هێزانه بكات به‌بێ ئه‌وه‌ی بچێته هیچ به‌ره‌یه‌كه‌وه، له هه‌مان كاتیش‌دا گه‌مارۆ ئابوورییه‌كان بشكێنێ و جارێكی تر بێته‌وه گۆڕه‌پانه‌كه به‌هێزی جاران.