ئایدۆلۆجیا و فریودان

PM:01:51:29/07/2021 ‌
ئایدۆلۆجیا بریتییە لە كۆمەلێك ڕێسا و بنەما كە لەلایەن كەسێك یان كەسانێكی هاوبیر دروست كراوە، بۆ ئەوەی مرۆڤەكانی لەسەر پەروەردە بكەن و ڕایانبێنن، بەمەبەستی ئەوەی ئەو ڕێیە و فیكرەیە بە باش دەزانن بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان.

 بێگومان ئایدۆلۆجییەكان كۆمەڵێك ئامراز بەكار دێنن و بەشێوەی جیاجیا دێنە كۆمەڵگەوە، ئەو ڕێیانە بریتین‌ لە:  
یەكەم، كتێب
دووەم، ڕاگەیاندن بە هەموو شێوەكانیەوە. 
سێیەم، كەسە چالاكەكانیان.  
چەندان ڕێی تریش هەن، بەڵام ئەوانە سەرەكین.

ئەگەر سەرنجی گرووپەكانی ئایدۆلۆجیا بدەین، بە چەندان شێوە خۆیان دەنوێنن، تەنانەت زۆرجار لەگەڵ بارودۆخەكانیش خۆیان دەگونجێنن، ئەوەش بۆ ئەوەی وا بكەن جەماوەر و خەڵكێكی زۆر لە خۆیان كۆ بكەنەوە تا ئەوكاتەی خۆیان مەبەستیانە، یانی بەهەموو شێوەیەك خەریكن كاریگەری لەسەر مرۆڤ دروست بكەن. 

ئایدۆلۆجیا هەیە بەشێوەی نەرمونیان خۆی رادەگەیەنێت و واتە ترس دروست ناكات، هەیشە بە توندڕەوی دەردەكەون و شێوازی دڕندانە و خوێنمژانەیان هەیە بۆ سەپاندنی باوەڕەكەیان و گەیشتن بە دەسەڵات.  

یەكەمیان كار لەسەر جەماوەر دەكات و دەیەوێ ئەو هەلەی دیموكراسی دەیڕەخسێنێ، بیقۆزێتەوە و بەشێك لە كۆمەڵگە بۆ خۆی كێش بكات. گرووپی دووەم كە شێوەی تر بەكار دێنێت، كار لەسەر ئەوەندە خەڵكە دەكات‌ لە خۆی كۆ بكاتەوە كە پێویستیەتی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، پاشان ئەو مەبەستەی خۆی دەیەوێ، دەیسەپێنێ.  

راستییەكەی هەردووكیان یەكن، بیری داخراو و كۆنكرێتكراون و تەنیا ئەوە دەبینن كە لەسەری پەروەردە كراون، بەڵام شێواز و ئامرازەكانیان جیایە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، ئەگەرنا هەریەكەیان بەشێوەی خۆی مەترسیدارن و دەكرێ لەهەر كاتێكدا بڕیاریان دا ببنە مەترسی.  

خاڵێكی نەرێنیی ئایدۆلۆدجیا ئەوەیە دەكرێ ئەوەی بە نەرمونیانی دێت و خەڵك بۆ خۆی پەروەردە دەكات، دواتر لە بارودۆخێكدا بكەوێتە خزمەتی گرووپە توندڕۆكەی ترەوە، یانیش بە پێچەوانەوە توندڕۆیەك لە دۆخێكی نالەباری خۆیدا، شێوازەكەی بگۆڕێت بۆ كاری گرووپە نەرمەكە تا سەردەمەكەی تێدەپەڕێنێ.   

بۆ نموونە داعش و گرووپە توندڕۆكانی تر، سوود لە خەڵكانی ئەو گرووپ و لقوپۆپانەی ناو فەزا دیموكراسییەكەیش وەردەگرن. لە هەموویشی مەترسیدارتر ئەوەیە هەریەك لەو گرووپە ئایدۆلۆجییانە، تەنیا خۆیان بە رەوا و راستیی رەها دەزانن، ئەمە یەكێكە لە هەرە كێشە گەورەكانی مرۆڤی ئایدۆلۆجی. تەنانەت ئەم مرۆڤانە ئایدۆلۆجیاكەیان پێش مرۆڤایەتی و خاك و كۆمەڵگەیش دەخەن.

لە كۆتادا ئەگەر دوو شێوە وەربگرین وەك كۆمەڵی دادگەری و ئەوانی تر، ئەوانە بە چەندان شێوە و بەپێی سەردەم خۆیان دەگۆڕن، بەتایبەت كۆمەڵ، ئەوەش لە خۆیدا قۆستنەوەی دۆخەكانە بۆ دروستكردنی كاریگەریی زیاتر و كۆكردنەوەی خەڵكی زیاتر لە دەوری ئایدۆلۆجیاكەیان، چونكە پێی وایە گەیشتووە بە بنبەست و ناتوانێ گەشە بكات و پەیامەكەی هەر ئەوەندە بڕی كردووە، بۆیە بڕیاری گۆڕانكاری دەدەن بەپێی بارودۆخە تازەكە.