پارتی بۆچی حزبی یەكەمە؟

PM:12:07:13/10/2021 ‌
حزبە ئیسلامییەكان

پارتە ئیسلامییەكان ڕێبەیەك كادری كچ نادەن سەرپۆش لابەرێت یان برۆ هەڵبگرێت، یان ڕێ بە كادری كوڕیان نادەن جگەرە بكێشێت و ئەگەر وا بكات یەكسەر لە ڕیزەكانیان دەریدەكەن، ئێستە چۆن چاوەڕێی ئەوە دەكەن خەڵك دەنگیان پێ بدات؟
چ گرەنتییەك هەیە كە چوونە دەسەڵات، هەمان نۆرم گشتاندن ناكەن بۆ كۆمەڵگە، ڕاستە كۆمەڵگە ڕێژەیەكی زۆری مسوڵمانن بەڵام ئیسلامی نین، ئاخر مسوڵمان و ئیسلامی جیاوازن، بۆیە تا دێت دەنگی ئیسلامی سیاسی كەمتر دەبێتەوە، بۆ ئایندەش هەمان شتە، چونكە زۆرتر ڕوون دەبێتەوە بۆخەڵك ئەم حزبە بەناو ئیسلامییانە تەنیا بۆگەیشتن بە دەسەڵات،چەندان جۆر ڕێ بەكار دێنن. بۆنموونە كۆمەڵی ئیسلامی لەوە تێگەیشت كە ناوی ئیسلام ناتوانێ بیگەیەنێت بەكێكە بەتامەكەی دەسەڵات، بێ دوودڵی ئەو ناوەی لەخۆی داماڵی.

بزووتنەوەی گۆڕان

گۆڕان لەساڵی 2009 لەسەردەستی نەوشیروان مستەفا وەك بزووتنەوەیەكی ناڕازی لەدەسەڵاتی حوكمڕانی حكوومەتی هەرێم دروست بوو،دەتوانین بڵێین دۆخی ئەوكاتی هەرێم زۆریش خراپ بوو لەڕووی داراییەوە. ئەمەش سروشتی مرۆڤە هەموو كات پەنا دەبات بۆ ئەولایەنەی ژیانی ئاسانتر بكات، نەك بەدروشم، بەڵام گۆڕان لەسەرەتای دروستبوونیەوە، لەدروشم زیاتر نەیتوانی هیچ گۆڕانكارییەك ئەنجام بدات، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكی سلێمانی بەهۆی خۆشەویستییان بۆ سەرۆكی بزووتنەوەكە، دەنگیان بەو حزبە دەدا، لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان، ئیتر بزووتنەوەی گۆڕان خۆشەویستیی خەڵكیشی لەدەستدا. وەك بینیمان ئەو حزبە لەم هەڵبژاردنەدا نەیانتوانی یەك كاندیدیش سەربخەن بۆ پەرلەمانی عێراق، دڵنیاشم هەگیز جارێكی تر بزووتنەوەی گۆڕان ناتوانێ بەشدارییەكی كاریگەر بكات و ببێت بە یەكێك لە حزبه دووەم و سێیەمەكانی كوردستان، چونكە پێشتر متمانەی لەدەست دابوو. خۆشەویستیی خەڵكیش لەدوای نەمانی نەوشیروان كۆتایی هات بۆ بزووتنەوەكە و ئیفلاسی سیاسیی كرد.

یەكێتی

یەكێتی لەدوای نەمانی خوالێخۆشبوو مام جەلال، یەكێتییەكی شڕو پارچە پارچە بوو،چەندان گرووپ و سەركردە خۆیان وەك خاوەنی یەكێتی نمایش دەكرد، هەموو ڕێچارەكیان ئەوەبوو هێرش بكەنە سەر پارتی و پارتی دیموكراتی كوردستانیان بە هۆكاری ئەو ئاڵوزی و بێ سەروبەرییەی ناوخۆی حزبەكەیان دەزانی. لەهەولێر لەدەسەڵاتدا بوون و لەسلێمانی ئۆپۆزسیۆنێكی عەیار 24بوون.تا بەستنی كۆنگرە، خەڵكیان قەناعەت پێكرد، بەڵام بەستنی كۆنگرەش نەیتوانی ئەو هەموو باڵباڵێن و پەرتەوازەیە چارەسەر بكات.باشترین نموونەش بۆ ئەو ناكۆكییانە، سیستمی هاوسەرۆكی بوو كە ڕێچارەیەكی كاتی بوو بۆ دوولەت نەبوونی یەكێتی، بەڵام دواجار ئەو پینەوپەڕۆیە تا هەشتی تەمووز توانی خۆی ڕابگرێت. خەڵكی سلێمانی لەوەتێگەیشتن نەبوونی خزمەتگوزاری و دواكەوتنی شارەكەیان،هۆیەكەی پارتی نییە، بەڵكو سەركردەكانی ئەو حزبەن سلێمانییان بەودەردە گەیاندووە. نەك دۆخی سلێمانی، بەڵكو شاری كەركووكیشیان بێ دوودڵی رادەستی عێراق كرد.

دەبێ چاوەڕوانی سەركەوتن نەبێت


ئەگەر حزبێك بەم هەموو كەموكورتی و كێشەیەوە بچێتە هەڵبژاردنەوە، دەبێ چاوەڕوانی سەركەوتن نەبێت، دەبێ زۆر سوپاسگوزاریش بن خەڵك دەرفەتێكی تری پێداون بۆخۆچاككردن. ئەگەر یەكێتی لەسەر ئەم جۆرە هەڵسوكەوتەو خۆدزینەوە لەبەرپرسیارێتی بەردەوام بێت، دڵنیام لەوەی بۆ هەڵبژاردنی كوردستانی داهاتوویش، حاڵی لەحاڵی گۆڕان و ئیسلامییەكان باشتر نابێت، لەبری سەرقاڵكردنی خۆیان بۆ هێرشكردنە سەر پارتی، نیوهێنده سەرقاڵی خزمەتی دەڤەری سلێمانی بن، باشتر دەبێ تا دەستیان لەبنی هەمانەكەوە دەرنەچووە.

جووڵانەوەی نەوەی نوێ 

جووڵانەوەی نەوەی نوێ حزب نییە، كۆمپانیایەكە لە تووڕەیی خەڵكی دەڤەری سلێمانی، خۆی بۆ جووڵانەوەیەكی پۆپۆلیستی گۆڕیوە،ئەویش لە باشبوونی گوزەران و خزمەتگوزاریی ئەودەڤەرەدازۆر ناخایەنێ كۆتایی پێ دێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان

 پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پارتەیە تا ئێستە وەك پارتێكی گونجاو ڕابەرایەتی و سەركردایەتیی خەڵك دەكات، توانیویەتی ببێتە جێی متمانەی زۆرینەی خەڵكی كوردستان، ئەگەر بەراورد بكەین لە نێوان شارەكانی ژێر دەستەڵاتی حوكمڕانی پارتیدا لەساڵانی 1996 بۆ 2001، بە ئاشكرا هەست بەهەبوونی خزمەت و چاكسازی و ئاوەدانی و ئاسایش و هەبوونی كارلە بازاڕدا دەكەی. ئەم دەستكەوتانە بۆهاووڵاتییانی ژێر حوكمڕانی خۆی بەبێ جیاوازییە، بەڵام پارتی بۆ كوردستان خاوەنی چەندان دەستكەوتی نیشتمانی و نەتەوەییە، وەك پارێزگاری لە مانەوەی هەرێمی كوردستان و بەهێزبوونی كورد لەیپێگە نێودەوڵەتییەكاندا، ڕزگاركەری كوردستانە لەداگیركاریی لە 16ئۆكتۆبەر لەلایەن عێراقەوە. خاوەنی مەزنترین پرۆسەی نیشتمانیی وەك ڕیفراندۆمە.

پارتی لەڕووی ناوخۆیی حزبەوە، حزبێكی یەك سەركردە و یەك بڕیاڕە، توانیویەتی پێڕەو و پرۆگرامی حزبكەی بكات بە ئایدۆلۆجیایەك بۆ كادر و ئەندامانی، هەرگیز هیچ كەسێكی پیرۆز نەكردووە لەناو حزبەكەیدا و خاوەنی زۆرترین كادری ڕخنەگرە، بەڵام لەچوارچێوەی پێڕەو و پرۆگرامی حزبیدا. پارتی ئەو حزبەیە هەموو كات وەك حزبی حوكمڕان دەتوانێ پێشەنگ بێت لەكوردستان، پارتی ئامانجی بەكۆیلەكردنی خەڵك نییە بۆ لێپرسراو و سەركردەو تاقمێك، بەڵكو حزب و سەركردە و لێپرسراوانی كردووەتەئامراز بۆ خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و ئاسایشی هاووڵاتییان، ئەم خەسڵەتانەی پارتی وایكردووە، ببێت بەحزبی یەكەم لەكوردستان نەك لاوازیی كێبەركێیەكانی.