ده‌یان ساڵ نا، به‌ڵکوو سه‌تان ساڵه هه‌موو ستراتیجیست و سیاسه‌توان و بازرگان و شارساز و ته‌نانه‌ت پسپۆڕانی ڕێگەوبان، له کۆنه‌وه تا سه‌رده‌می مۆدێرن و پۆست مۆدێڕنیش، داکۆکی له ڕۆڵی ڕێگەوبان له پێشکه‌وتن و پێشخستنی وڵات‌دا ده‌که‌نه‌وه. هیچ که‌س نییه له دنیادا ناوی "ڕێگای ئاوریشم"ی نه‌بیستبێت و له ئاستی زانیارییه‌کی ساده و سه‌ره‌تاییش بێت، نه‌زانێت ئه‌و ڕێگه چ ڕۆڵێکی سه‌ره‌کی و گرنگی له پێوه‌ندیی نێوان ئاسیای دوور و بچووک و ناوه‌ڕاست، هه‌تا ئه‌ورووپا بووه، ڕێگەکان له ڕوانگه‌ی ستراتیجیسته‌کانی ئابوورییەوە وه‌ک شاده‌ماری بازرگانی و پێشکه‌وتنی شار و وڵاتان ده‌بینرێن.
ئه‌مه نه‌ک ته‌نیا له ڕووی ئابوورییه‌وه، به‌ڵکوو له ڕووی کولتووری و شوناسیشه‌وه ته‌واو ڕاسته. واته کرانه‌وه‌ی ڕێگەوبان و هه‌بوونی ڕێگەیه‌کی شیاو و تەناهـ بۆ هاتووچۆ، هاوتای هاتووچۆی ده‌یان هه‌ڵگر و بارهه‌ڵگری کولتووری، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌یه.
کوردستان له سه‌رده‌مانی پێشوودا به‌هۆی نه‌بوونی ڕێگەوبانی گونجاو به شێوه‌ی مۆدێڕن، ته‌نیا و ته‌نیا کێوه‌کان فۆرمی پێوه‌ندی و به‌ستنه‌وه‌ی کوردیان به جیهانەوە ده‌ستنیشان ده‌کرد یان باشتر وایه بڵێین ئه‌و سروشته شاخاوی و پڕ له چیا‌و و گردۆڵکه و هه‌وراز و نشێوه، به هه‌موو سه‌ختییه‌کانییه‌وه ئێمه‌یان به دنیاوه ده‌به‌سته‌وه، به‌ڵام ئایا ئه‌م به‌ستنه‌وه و هه‌ڵپێکانه‌مان به دنیا و دیارده نوێکانی له‌م فۆرم و شێوه‌یه‌دا به‌رته‌سک و سنووردار نه‌بووه؟ به دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر به لۆجیکێکی سه‌رده‌میانه‌وه چاوی لێ بکه‌ین نه‌ک ته‌نیا سنووردار بووه، به‌ڵکوو له هه‌ندێ ڕوویشه‌وه زیانبار بووه.
واته زۆرجار هێستر و وڵاخ و که‌ر و ... پێداوسیتییه‌کانی ژیان و بوون و مان و ته‌نانه‌ت شۆڕش و ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی و شاخیان دابین کردووه، ئه‌مه له ڕوویه‌که‌وه گرینگ و سوودبەخش بووه که وڵاتی کورد به سنوورێکی سروشتیی له چیا و دڕک و ده‌وه‌ن و هه‌رد و هه‌زار به هه‌زار پاسه‌وانیی سروشتیانه‌ی له دانیشتووانی کردووه، به‌ڵام له سه‌رده‌می مۆدێڕنه و له باوکه‌وتنی تیروکه‌وان و چه‌که کلاسیکی و شه‌ڕه کلاسیکییه‌کاندا، سه‌رده‌مێک که کۆپته‌ر و درۆنه‌کان تا ته‌وقه‌سه‌ری که‌سانی خه‌وتووی ناو سه‌نگه‌ره‌کان له دڵی شاخ و ئه‌شکه‌وته‌کانیشدا ده‌ڕۆن، یان لانیکه‌م ده‌توانن خۆیان له‌وێ نزیک بخه‌نه‌وه، ئیتر ئه‌و جۆره له ڕێگە و پێوه‌ندیی سروشتی، وه‌ڵامده‌ره‌وه نابێت و بگره نه‌ک ته‌نیا له ئاستی ململانێ و شه‌ڕی سه‌ربازیدا، به‌ڵکوو له ئاستی کولتووری و پێوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تیشدا به قازانج نییه و خه‌ساری هه‌یه.
ڕێگەی هاملتۆن یه‌کێکە له‌و ڕێگایانه که به‌ریتانییه‌ک ئه‌گه‌رچی به‌شێکی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان، به‌ڵام له‌پێناو تێگه‌یشتن له‌و ڕاستییه‌ی که کوردستان شوێنێکی ستراتیجیی ناوچه‌که‌یه و ده‌بێت ڕێگەیه‌ک ده‌قی ئه‌م چیا و کێو و شاخه و ده‌شه دڕ و شه‌قڵنه‌شاکاوانه بشکێنێت و ڕێی هاتووچۆی ناو کوردستان به‌ره‌و ده‌ره‌وه هه‌موار و خۆش بکات، دروست کراوه.
له‌م ڕووه‌وه ته‌نانه‌ت ده‌توانین بڵێین هه‌ندێک له شه‌ڕه‌کان و له هه‌ندێک به‌شی کوردستاندا، بوونه هۆی ئه‌وه‌ی ڕێگەوبان لانیکه‌م ڕچه‌ی بۆ دروست بێت و دواتر ئه‌و ڕێگەوبان و پردانه‌ی هاتووچۆ چاکتر و سەردەمیتر بکرێن، ئه‌مه نه‌ک ته‌نیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و له میانه‌ی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان دوو داگیرکه‌ری ئێرانی و عێراقیدا ڕاسته، به‌ڵکوو بۆ باشووری کوردستانیش و ئه‌و سیاسه‌ته‌ی به‌عس بۆ ڕاگواستن و قڕکردنی کورد گرتییه به‌ر، هه‌ر ڕاستە، ئه‌گه‌رچی به‌عس گرنگییه‌کی ئه‌وتۆی به په‌ره‌پێدانی ڕێگەوبان و هه‌ر شتێک که تۆسقاڵێک له خزمه‌تی کورددا بێت، نه‌ده‌دا. به‌ڵام له‌و شوێنانه‌ی خۆی پێویستی بوو ده‌ستی بگات به ئامانجه‌کانی خۆی، ئه‌وا تێچووی گونجاوی ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگە دروست بکات و زیاتر و زیاتر ده‌ست بخاته خوێنی کورد.
به دڵنیاییه‌وه له‌م ڕووه‌وه ده‌توانین بڵێین ڕێگەکانی ئه‌نفال واته ڕێگەکانی نێوان شاره‌کانی باشووری کوردستان و نێوان گونده‌کان له تۆپزاواوه تا نوگره سه‌لمان، ئه‌و ڕێیانه بوون که سیاسه‌تی ئه‌نفالیزمیان تێدا جێبه‌جێ کرا، ئه‌مه‌یش هه‌مدیس به بارێکی تردا گرنگیی ڕیگەوبان له ڕوانگه ئه‌هریمه‌نییه‌که‌یه‌وه ده‌رده‌خات.
به‌هه‌رحاڵ، ئه‌مه لایه‌نی زۆره و من ناپه‌رژێمه سه‌ر ڕێگەناسیی تاوان و کاره‌ساته‌کانی وه‌ک ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه. ته‌نیا ویستم ئه‌وه ده‌ربخه‌م که ڕێگەکان له‌م نیو سه‌ده‌یەی دواییدا چ ڕۆڵێکیان له سه‌رخستن یان ژێرخستن و تیاچوونی کورددا له باشووری کوردستان هه‌بووه. ئێستەیش و له‌م ساڵانه‌ی دوایی به‌هۆی لادان و ملجه‌ڕدانه‌کانی یه‌کێتی نیشتمانییەوە له‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی ویستوویه‌تی و ده‌یه‌وێت بیکات بۆ دانیشتوانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و گه‌رمیان، ئێمه باج و خه‌ساره‌کانی ده‌بینین.
ده‌بینین به‌هۆی ئه‌جێندای حزبی و لادانی سیاسی و ململانێی حزبی یه‌کێتی نیشتیمانییه‌وه له ڕووی رێگەوبان و ڕێگەکانی پێوه‌ندیی ناوشار و سنووره‌کانه‌وه، دۆخێکی زۆر ناله‌بار و کوشنده زاڵه، دۆخێک که به ڕاستی ئه‌گه‌ر له هه‌ر وڵاتێکی پێشنه‌که‌وتووی جیهانیش له‌مه تێبگه‌ن که بۆ نموونه ڕێگەی نێوان که‌لار –ده‌ربه‌ندیخان وه‌ک تووناوتوونی مه‌رگ و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یه، باوه‌ڕ ناکه‌ن شتی وا له‌ژێر ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانیی هه‌رێمی کوردستاندا هه‌بێت، ده‌سه‌ڵاتێک که هه‌ولێرێکی هاوشێوه‌ی وڵاتانی پێشکه‌وتووی که‌نداو و ڕۆژئاوای دروست کردووه له لایه‌ک و له لایه‌کی دیکه‌وه ڕێگەیه‌کی وه‌ک که‌لار-ده‌ربه‌ندیخانی هه‌یه که له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی هه‌موو هاتوچۆ و بار و قورسایی بازرگانیی سنوورێکی وه‌ک "په‌روێزخان و پشتە"ی له‌سه‌ره، که‌چی داهات و بودجه‌یه‌کی ته‌رخانکراوی دیاریکراو نییه ئه‌و سه‌ردابه‌ی مه‌رگ و نه‌مان چاک بکات، یان چەندان جار حكوومەت بودجەی بۆ تەرخان كردووە و لە سلێمانی دەستی بەسەردا گیراوە یان بەرپرسانی باڵای زۆنەكە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاریان هێناوە.
زۆر سه‌یر و هه‌زه‌لییه نزیکه‌ی زیاتر له 10 ساڵ ڕێگەیه‌کی 60 کیلۆمه‌تری به دنیایه‌ک پاره و داهات و بودجه‌وه چاک نه‌کرێت، ئه‌مه بابه‌تێکه ده‌بێت به‌رپرسانی یه‌کێتی وه‌ڵامده‌ریەی بن و قه‌ره‌بووی ماندووبوون و تێکۆشان و ئه‌و هه‌موو قوربانیدانه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره بکه‌نه‌وه، نه‌ک ئه‌وه‌ی خۆیان بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ته‌نانه‌ت بێ‌زیان نه‌یه‌ت به ڕێگەکه‌دا بڕۆن نه‌بادا دڵیان له‌و پێچ و په‌نا و تاسانه تۆزێک داخورپێت و عه‌زیه‌ت بگاته گەدەیان و هێڵنجیان بێتەوە.
ده‌شێت قوباد و باڤڵ لای خۆیانه‌وه وتبێتاین با شۆفێره‌کانیش وه‌ک ئێمه بکه‌ن و به هه‌لیکۆپته‌ر بڕۆن بۆ که‌لار، وا ئاسانتره.