(به بۆنه‌ی سه‌پاندنی پێنج ساڵ گرتن بەسه‌ر زارا محه‌مه‌دی)
له ماوه‌ی یه‌ک ساڵی ڕابردوودا ده‌یان ده‌ربڕین و هه‌ڵوێست له زاری به‌ناو کارناسانی میدیاکانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران (به‌وانه‌یشه‌وه وا دژی کۆماری ئیسلامین) ڕاگه‌یه‌ندراوه، که هه‌ستیاریی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ڕای گشتی و ته‌نانه‌ت دیسکۆرسی ئایدۆلۆجیی ئێرانیزمه‌کان به هه‌موو باڵ و فاقه‌کانییه‌وه ئاشکرا ده‌کات. چه‌ند مانگ پێش ئێستەیش له به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌تدا له‌ژێر ناوی "سه‌ده‌ی هیوا" سادقی سه‌با شوناسی ئێرانی، که داریووشی ئاشووری، زمان‌ناس و وه‌رگێڕی فارسی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورد میوانی بوو، له‌سه‌ر سیاسه‌تی یه‌کده‌ستکردنه‌وه‌ی زمانیی ئێران بۆ پاراستنی شوناس و جیۆگرافیای ئێرانی، پێداگری کرد، بۆیه لێره ناوی ئه‌و دێنم چونکه پێشتر ڕوانگه‌یه‌کی نه‌رمونیانتری به نیسبه‌ت زمانه‌کانی تری نه‌ته‌وه‌کانی ناو ئێران هه‌بوو، به‌ڵام ئێسته به ڕوونی و ڕاشکاوی هه‌ڵوێسته‌کانی له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی فه‌رمیی سیستمه فێرکاری و ڕێکخراوه ده‌وڵه‌تییه فێرکارییه‌کانی ئێران یه‌ک ده‌گرێته‌وه و ته‌بایه.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش نه‌بێ که ئاشووریی پێشتریش به ڕوونی پشتگیریی له زمانه‌کانی تری نه‌ته‌وه‌کانی دیکه کردبێت، به‌ڵکو ته‌نیا دژایه‌تیی نه‌کردووه. ئه‌مه هه‌ڵوێستی ده‌مامکداری نووسه‌رێکه که خۆی له ڕه‌خنه‌گره‌کانی سیستمی سیاسیی و ئایدۆلۆجیی کۆماری ئیسلامییه که ئێمه حاڵه‌ته بێده‌مامکه‌که‌یمان چه‌ند ساڵ پێش ئێستە له زاری محه‌مه‌دڕه‌زا شه‌فیعی که‌دکه‌نی ئه‌دیب و مامۆستای زانکۆ، له ڕسته‌ی "ده‌بێ میز بکرێت به زمانه خۆماڵییه‌کاندا له ئاستی زمانی زاڵ و پێوه‌ر(گواستنه‌وه‌ی مانایی ڕسته‌که ڕه‌چاو کراوه)" بیستمان، کاتی خۆی کاردانه‌وه‌یه‌کی کاتیی و سۆزاویی که‌موکورتی له تۆڕەكانی کۆمه‌ڵایه‌تی لەلایه‌ن کورده‌وه لێ که‌وته‌وه.
مانگێک پێش ئێستەیش له ته‌له‌ڤزیۆنی "من و تۆ" که ئاڕاسته‌ی فکریی سه‌ڵته‌نه‌خوازه په‌هله‌وییه‌کان پێڕه‌و ده‌کات، کارناسێک زمانیی کوردیی به زاراوه‌یه‌کی فارسی له قه‌ڵه‌م دا که پاش جیابوونه‌وه و گه‌شه‌کردنی له زمانی فارسی، بووه به زمان،
ئه‌مانه ته‌نیا نمووگه‌لێکی ئاشکرا و ڕوونی ڕۆژانه‌ن که پلان و سیاسه‌ت و ستراتیجی گشتیی زمانیی ده‌سه‌ڵات و جیهانبینی ئێرانیزم هه‌م وه‌ک جه‌مسه‌ری سیاسی و هه‌میش وه‌ک دیسکۆرسی ڕۆشنبیری، بۆ ئێمه ده‌رده‌خه‌ن، که سه‌ره‌ڕای جیاوازیی و ناکۆکییان له‌سه‌ر زۆر له شته‌کان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی زمانی فارسیی کۆڵه‌که و بنه‌مای پاراستنی شوناسی ئێرانیی و فارسییه، یه‌کانگیر و ته‌بان، چونکه له یه‌ک سه‌ده‌ی ڕابردوودا و له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاته جۆراوجۆره‌کانی سیاسیی ئێران‌دا، واته هه‌ر له سه‌رده‌می په‌هله‌ویی یه‌که‌مه‌وه تا ئێستە و سه‌رده‌می کۆماری ئیسلامیی، ئاشه‌که به هه‌مان ئاو ده‌گه‌ڕێت.
به وته‌ی یه‌کێک له ستراتیجیسته ناسراوه‌کانی نزیک له سه‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات (فیرده‌وسی گه‌وره‌ترین ستراتیجیستی سه‌رده‌مانی هێرشی عه‌ره‌به‌کان بووه و زمانی فارسی پارێزه‌ری یه‌کگرتوویی خاک و شوناسی ئێرانییه)، ئه‌مه پلان و ستراتیجی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانیان بووه. له سه‌رانسه‌ری سه‌ده‌ی چوارده‌ی کۆچی هه‌تاوی، واته تا ساڵی 1400(2022ز)، پلانی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌کان له‌پێناو دروستکردنی کیان و شوناسێکی ئێرانیی یه‌کانگیر بووه و هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک توخم و گۆڕمه‌نییه‌کی به‌م پلان و ڕه‌وته زیاد کردووه، ڕه‌زاشا به تۆپزی و زۆره‌ملێ سه‌پاندنی زمانی فارسی و که‌وناگه‌رایی بۆ سه‌رده‌می شکۆ و شه‌وکه‌تی ئێران به ده‌ربڕینی خۆیان و کوڕه‌که‌یشی به تۆزێک جیاوازییه‌وه و هه‌ڵبه‌ت به ده‌مامکی مۆدێڕنیزمه‌وه، ئه‌م ڕه‌وته‌ی درێژه پێدا و له قۆناغی هاتنه سه‌ر کاری ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی‌یش، ئه‌گه‌رچی له ڕووی چییه‌تی و ماهییه‌ته‌وه جیاواز بوو له ده‌سه‌ڵاته‌کانی پێشوو و له باتی گه‌ڕانه‌وه بۆ که‌وناگه‌رایی ئێرانیزم، گه‌ڕانه‌وه بۆ ئیسلامی بێخه‌وشی محه‌مه‌دیی کرد به دروشم و جه‌وهه‌ری ئایدۆلۆجیای خۆی، هه‌ڵبه‌ت به تێگه‌یشتنێکی شیعه‌گه‌رایانه‌وه.
به‌ڵام ئه‌مانه گۆڕانکاریگه‌لێک بوون که له نێوان هاوکێشه‌ی فۆرم و ناوه‌رۆکدا ڕوخساری ڕاسته‌قینه‌ی ده‌رده‌که‌وێت، واته ئه‌م گۆڕانکارییانه ته‌نیا له ناوه‌رۆکدا هاتنه ئاراوه و له ڕووی فۆرم هه‌موویان وشیارانه یان ناوشیارانه له‌ناو زمانی فارسی‌دا ئیشیان ده‌کرد.
هه‌م سیحرت لێ ده‌کات هه‌م ده‌تکوژێت
واته زمانی فارسی فۆرمێک بوو بۆ هه‌ڵگرتنی شوناسی ئێرانی به هه‌موو پاشگر و پاشکۆ و ئاوه‌ڵناوه‌کانییه‌وه و ئه‌م زمانه هه‌م ئاین و ئه‌فسانه‌ی هه‌ڵگرت و له‌سه‌ری سوار کرا و هه‌م ڕه‌قس و حیکه‌مه‌ت و هونه‌ری ئێرانی لێ بار کرا. لێره‌دایه ئه‌و ڕسته به‌ناوبانگه فه‌لسه‌فییه سواوه‌ی هایدیگه‌ر دیسان ده‌لاله‌تی ڕاسته‌قینه و فه‌لسه‌فیی خۆی له ده‌ست ده‌دات و به بیرمان دێته‌وه که "زمان خانه‌ی بوونه" ئه‌م کارکردنه که له سیاق و کۆنتێکستێکی ئاوادا ده‌رده‌که‌وێته‌وه، پێشانده‌ری ئه‌و ڕێگه کوشنده و ناڕه‌سه‌نه‌یه که له هه‌ناوی شوناسسازیی ئێرانی‌دا دیاری کراوه.
شوناسسازییه‌ک که له‌سه‌ر بنه‌مای شوناسکوژیی ئه‌ویدی ڕۆ نراوه، به‌ڵگه‌کانی سه‌رده‌می ڕه‌زاشا ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن که کرۆکی سیاسه‌تی ئه‌و و ڕای ڕۆشنبیره‌کانی ده‌ستوپێوه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌مه بووه که وڵاتێکی یه‌کده‌ست و یه‌کسان له‌ڕێگه‌ی سه‌پاندنی زمانی فارسی له گونده دوورده‌سته‌کانی کوردستان، ئه‌هواز یان خوزستان و ناوچه تورکنشینه‌کان که به ئازه‌ربایجان ناسراوە، دروست بکه‌ن و بۆ ئه‌مه‌یش هه‌م بودجه‌ی تایبه‌تیان ته‌رخان کردووه و هه‌میش تاکتیک و ستراتیجی تایبه‌ت و دیاریکراو.
بۆ نموونه له نامه‌یه‌کی نهێنی له ڕێکه‌وتی 21/1/1313(1935 ز) نووسینگه‌ی تایبه‌تی شاهه‌نشایی فه‌رمانی تایبه‌تیی ڕه‌زاشا بۆ وه‌زاره‌تی باڵای مه‌عاریف و ئه‌وقاف، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت: به‌پێی ئه‌مری به‌رز و به‌ڕێز و پیرۆز ڕاده‌گه‌یەنرێت که ژماره‌ی قوتابخانه‌کان له خوزستان و کوردستان، واته هه‌موو ناوچه کوردنشینه‌کان به خێرایی زۆرتر و زیاتر بکه‌ن و ئه‌مه نه‌ک ته‌نیا له‌ڕووی گه‌شه‌پێدانی خوێنده‌وارییه‌وه گرینگه، به‌ڵکو له ڕووی وڵاتداریشه‌وه له بابه‌ته هه‌ره گرینگه‌کانه و به تایبه‌تی بڕیاریاندا که ڕابگه‌یه‌ندرێت لانیکه‌م به هه‌مانشێوه که له ده‌شتی گورگان ئه‌نجام دراوه، له کوردستان و خوزستانیش (ئه‌هواز) هه‌مان شت پێڕه و پراکتیزه بکرێت.
له‌م فه‌رمانه‌دا به‌ڕوونی گرنگی زمانی فارسی وه‌ک کۆڵه‌که‌ی شوناسی ئێرانی و ئامرازی یه‌کده‌ستکه‌ره‌وه و سڕینه‌وه‌ی هه‌موو شوناسه‌کانی دی (ته‌نانه‌ت گورگانیش که تورکه‌مه‌نی لێ ده‌ژی) بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دیار و به‌رچاوه، ئه‌م گرنگییه به ڕاده‌یه‌ک بووه که له به‌ڵگه‌کانی تر‌دا باسیان له‌وه کردووه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پرۆژه و پلانه به باشی بچه‌سپێت، ده‌بێ مامۆستای ناکورد یان ته‌نیا فارس، بۆ ئه‌م ناوچانه بنێرن، تا هیچ درزێک نه‌که‌وێته ناو ئه‌م پرۆژه زۆره‌ملێیه‌وه.
به‌ڵام وه‌ک بینیمان ئه‌گه‌رچی بودجه و سیاسه‌ت و تاکتیکی ورد و درشت گیرایه به‌ر، بەڵام ئه‌م پلانه شکستی هێنا. له‌و ڕووه‌وه شکستی هێنا که سرووشتی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران و به تایبه‌تی کوردی به باشی نه‌ناسیبوو و دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه زمانێک که بوونی خۆی له‌سه‌ر نه‌بوونی زمانه‌کانی تر دامه‌زراندبوو، له‌گه‌ڵ به‌ره‌یه‌ک له خۆڕاگریی (به‌هێز یان لاواز) بینیوه‌ته‌وه و ئێمه‌ی کوردی گه‌یاندووه تا ئه‌م قۆناغه که زمان وه‌ک مه‌ته‌رێز و سه‌نگه‌ریی به‌هێزی به‌رگریی ببینینه‌وه و وه‌ک پێوه‌رێکی جیاکه‌ره‌وه و ئه‌ویدیساز شوناسی خۆمانی له‌گه‌ڵ ئه‌ویتردا پێ جیا بکه‌ینه‌وه.
سیاسه‌تی ڕه‌زا شا به ڕاده‌یه‌ک سفت و سۆڵ و تۆپزییانه بوو که تا ئاستی قه‌ده‌غه‌کردنی زمانی کوردی ڕۆشت و کایه‌که‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای دوو جه‌مسه‌ری سڕینه‌وه و ڕه‌تکردنه‌وه، یه‌کده‌ستکردنه‌وه‌ی شوناسی ئێرانی بوو. ده‌وڵه‌تی په‌هله‌ویی یه‌که‌م بۆ گه‌شه‌پێدانی زمانی فارسی له کوردستان، ته‌نیا به‌وه ڕازی نه‌بوو که قوتابخانه‌ی نوێ دابمه‌زرێنێت و گه‌شه‌ی پێ بدات، به‌ڵکو هه‌ندێ ته‌نگوچه‌ڵه‌مه و له‌مپه‌ریشی بۆ به‌کارهێنانی زمانی کوردی و قسه‌کردن به‌و زمانه له قوتابخانه‌کاندا، هێنایه کایه‌وه و تا ئه‌و جێیه‌ی بۆیان کرا مامۆستای ناکورد واته فارسه‌کان که هیچ شتێکیان له زمانی کوردی نه‌ده‌زانی، له قوتابخانه‌کان دامه‌زراند.
سه‌رۆکی ئیداره‌ی مه‌عاریفی کوردستان له فه‌رمانێکدا له ڕێکه‌وتی 15/6/1307 (1929ز) بۆ قوتابخانه‌کان، ڕای گه‌یاندووە: هه‌موو فه‌رمانبه‌رانی قوتابخانه ئه‌رکه له‌سه‌ریان له به‌شی گه‌شه‌پێدانی زمانی فارسی‌دا چالاک بن و ئه‌وپه‌ڕی وریایی و ئاگاداریی بخه‌نه گه‌ڕ که له قوتابخانه‌دا هه‌م قوتابی هه‌م مامۆستا، ته‌نیا و ته‌نیا به زمانی فارسی قسه بکه‌ن.
هه‌روه‌ها ویلایه‌تی کوردستان له نامه‌یه‌کی نهێنیدا بۆ وه‌زاره‌ی باڵای ناوخۆ له ڕێکه‌وتی 7/12/1310، (1932ز) به ئاماژه‌دان به‌مه‌ی که له کوردستاندا ته‌نیا قوتابخانه‌کان و ئیداره ده‌وڵه‌تییه‌کان به زمانی فارسی قسه ده‌که‌ن، ده‌نوسێت: بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوودا هه‌موو خه‌ڵکه‌که پێملی ئه‌وه بن که به زمانی فارسی قسه بکه‌ن، دروستکردن و دامه‌زراندنی قوتابخانه جۆراوجۆره‌کان له ویلایات و شاره‌کان و ناردنی مامۆستا له پایته‌خته‌وه، پێویستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره که ئه‌گه‌ر بێتوو به باشی جێبه‌جێ بکرێت و په‌روه‌رده‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی پێڕه‌و بکرێت، ده‌کرێ هیوادار بین که به هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌توانن به زمانی کورد قسه بکه‌ن).
ئه‌م به‌ڵگه‌یه به ڕوونی ده‌ری ده‌خات ئامانجی ده‌وڵه‌تی ڕه‌زاشا نه‌ک ته‌نیا به‌هێزکردنی زمانی فارسی بووە، به‌ڵکو سڕینه‌وه‌ی زمانی نافارسیش بووه.
هه‌روه‌ها له به‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌دا و له نامه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ و نهێنی ئیداره‌ی مه‌عاریف و ئه‌وقافی کوردستان، بۆ وه‌زاره‌تی مه‌عاریف له ڕێکه‌وتی 25/ 10/ 1312 (1934ز)، به ئاماژه به‌وه‌ی که خه‌ڵکی کوردستان زمانێکی تایبه‌تیان هه‌یه و که‌م که‌س به تایبه‌ت له گوند و دێهاته‌کان به باشی له فارسی تێده‌گەن، داوا له وه‌زاره‌تی مه‌عاریف ده‌کات: به هیچ شێوه‌یه‌ک مامۆستا و فه‌رمانبه‌ری کورد له قوتابخانه‌کان دانه‌مه‌زرێن و ئه‌وانه‌یشی دامه‌زراون بۆ شوێنی تر لە ده‌ره‌وه‌ی کوردستان دوور بخرێنه‌وه و بگوازرێنه‌وه.
ئه‌م باس و به‌ڵگانه ته‌نیا ده‌رخه‌ری سیاسه‌تی ڕه‌زا شا‌و و ده‌وڵه‌تی په‌هله‌وی یه‌که‌م نین له هه‌مبه‌ر نه‌ته‌وه و شوناسه‌کانی تر‌دا، به‌ڵکو سه‌لمێنه‌ری چه‌سپاندنی ستراتیج و ئایدیایه‌کیشن که له پلانه زمانی و وێژمانییه‌کانی ئاخێوه‌رانی زمانی فارسی‌دا جێی گرتووه و له خه‌یاڵدانی نووسه‌رانیاندا ڕه‌گئاژۆ بووه. واته زمانی فارسی ئه‌گه‌رچی خاوه‌نی خه‌یام و مه‌ولانا و حافیز و سه‌عدییه، خاوه‌نی شه‌فیعی که‌دکه‌نی، ئه‌حمه‌دی که‌سره‌وی، جه‌وادی ته‌باته‌بایی و محه‌مه‌دعه‌لی فرووغیشه (ئه‌گه‌رچی به‌شێکیان به ڕه‌چه‌ڵه‌ک فارسیش نه‌بن).
واته ئه‌م زمانه له کۆنتێکستی پراکتیکی و وێژمانی ئێستەیدا ڕه‌هه‌ندی سڕینه‌وه و کوشتنی ئه‌ویدی هه‌ڵگرتووه، زمانێکه هه‌م ماچت ده‌کات هه‌م گازت لێ ده‌گرێت، هه‌م سیحرت لێ ده‌کات هه‌م ده‌تکوژێت، زمانی فارسی ئێسته له ئاڕاسته‌یه‌کی فاشیستی‌دا ده‌جمێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕسته‌یه به بیر خۆمان بێنینه‌وه که "زمان بیر ده‌کاته‌وه"، ئه‌وا له ماوه‌ی هه‌موو ئه‌و ده‌یان ساڵه‌ی که زمانی فارسی زمانی ده‌سه‌ڵات و که‌لتوور و هونه‌ر بووه و به ده‌ربڕینی خۆیان جیۆگرافیای فه‌رهه‌نگیی ئێران سنوورێکی به‌رینی تا هیندوستان هه‌بووه، خواست و ئاره‌زووی ته‌واوخوازیی و ئابسوولوتلیزم و دانسقه بوون له هه‌ناو و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م زمانه‌دا ڕه‌گئاژۆ بووه!
ڕه‌نگه ئه‌مه ده‌روازه‌یه‌کی تایبه‌ت و جیاواز بێت بۆ تێگه‌یشتن له تێڕوانینی فاشیستانه و خۆته‌وه‌رانه‌ی ئێرانیزم و بیردۆزی ئێرانشاریی که هه‌موو جوانییه‌کانی دنیا له خۆیدا ده‌بینێته‌وه و هه‌رچی دزێو بێت به هی ئه‌ویتری ده‌زانێت! هه‌رچی شکۆ هه‌یه هی ئه‌وه! له ڕووده‌کییه‌وه بۆ ئیمام حسه‌ین له ناو ئه‌م زمانه‌دا قسه‌ی کردووه و گێڕدراوه‌ته‌وه، فارسیزم و شیعیزم تێیدا بوونه به خانه‌ی خوێن و ئه‌ندامه‌کانی ده‌جمێنێت، سه‌یر نییه ئێمه وه‌ک کورد دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندان کاره‌سات و کۆمه‌ڵکوژی وه‌ک ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌مان به‌سه‌ردا هات، که‌چی له‌ناو زمانی فارسی‌دا ده‌قێکی شایسته و ڕه‌مزی به‌رهه‌م نه‌هات بۆ کاره‌ساته‌کانمان وه‌ک مرۆڤ؟ ئه‌م زمانه کوردی وه‌ک هاووڵاتیی عێراقی پێناسه ده‌کرد. ئه‌ی ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتە یه‌ک له دوای یه‌که‌کان ئه‌مه بنه‌ما و کۆڵه‌که‌ی سیاسه‌ت و ئایدۆلۆجییانه، ئایا ئه‌م وڵاته بیرمه‌ند و ئه‌دیب و شاعیر و مرۆڤێکی وه‌ک ئەدۆنیس و هادی عه‌له‌وی تێدا نه‌بوو که له‌مباره‌یه‌وه هه‌ڵوێستی هه‌بێت و ئێمه له یاده‌وه‌ریماندا بمێنێته‌وه؟
کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌م هه‌موو ساڵانه‌ی ده‌سه‌ڵاته جۆراوجۆره‌کانی ئێران به شێوه‌ی وشیارانه بووبێت یان ناوشیارانه، به‌رده‌وام دژبه‌ری زوڵم و زۆر بووه و خۆڕاگر بووه له هه‌مبه‌ر ئه‌ویتر و له دواجاردا پاش چه‌ندان ساڵ شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه و چه‌کداری، بزاڤ و شۆڕشی کوردی له ڕۆژهه‌ڵات به‌پێی د‌رکی هه‌لومه‌رج و دۆخی زاڵی سه‌ر ئێران، خه‌باتی مه‌ده‌نی و وشیاریی سیاسیی گه‌یانده ئاستێک که له ناسکترین و وردترینی ئه‌و به‌رانه‌دا، به‌رگری و به‌رخۆدان بکات که حکوومه‌ت خۆی له یاسای بنه‌ڕه‌تی خۆیدا په‌سندی کردوون، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر یاری "کتک و مشک"ه‌که‌ی هه‌میشه‌ی ده‌کات، ده‌مێک دانی پێدا ده‌نێت و ده‌مێک سووکایه‌تیی پێ ده‌کات، ده‌مێک ده‌یگرێت، ده‌مێک به‌ری ده‌دات! ده‌مێک گۆرانیی ناسری ڕه‌زازی په‌خش ده‌کات، ده‌مێک ته‌نزی نون خێت بۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێت به جلوبه‌رگی کوردی و زمانی فارسییه‌کی شکاو، واته کوردی!
بێگومان دۆسیەی زارا له‌ناو ئه‌م کایه و پلانه‌دا مانا و ده‌لاله‌تی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ده‌دۆزێته‌وه. زارا محه‌مه‌دی چالاکی مه‌ده‌نی و مامۆستای قوتابخانه و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی فه‌رهه‌نگی-کۆمه‌ڵایه‌تیی نۆژین، پێنج ساڵ گرتنی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی چرای زمانی کوردی ڕووناک و گڕدار ڕاگرت!
ئه‌م دۆخه که په‌یامێکی ڕوون و ڕاشکاوی بۆ دواسه‌نگه‌ری به‌رگریی کورد، واته زمانه‌که‌ی پێیه، یان مه‌ترسییه‌کی داهاتوویی و له‌به‌رده‌ممان به گوێدا ده‌دات، یاخۆ ڕاچڵه‌کانێک دروست ده‌کات که زمانی کوردی له ڕۆژهه‌ڵات و ته‌نانه‌ت باشووریش زیاتر گرینگی پێ بدرێت، پێم وایه هه‌ر کام له‌م ئه‌گه‌رانه له دوو جه‌مسه‌رەدا ئاڕاسته ده‌بن، جه‌مسه‌رێک ئێمه و جه‌مسه‌رێک ئه‌وان، واته هه‌مان ململانێی دێز و ناهاوسانی ئه‌ویترێکی زۆردار و خودێکی به‌رخۆده‌ر.
سه‌رچاوه:
مطالعات تاریخ فرهنگی؛ پژوهشنامەی انجمن ایرانی تاریخ، سال هشتم، شمارەی سی ام، زمستان 1395 ، ص‌ص 76 77
سیاست های زبانی پهلوی اول در كردستان و پیامدهای آن (با تأكید بر مدارس)
حسین ر‌سولی ، رضا دهقانی ، علیرضا كریمی