پارتی و پێرێز

PM:05:26:24/04/2024 ‌
پارتی و ڕیاڵمەدڕید زۆر لە یەك ئەچن!

كاتێك نەوەد خولەك لە ناوچەی سزای خۆیاندا دەوریان ئەدەیت و یەك لە دوای یەك هێرش ئەكەیتە سەریان، كەچی لە كۆتایی یارییەكەدا ئەوان شایی بردنەوە ئەگێڕن و بەرانبەریش گریانی دۆڕان.

سێ ڕۆژە ئێمە بە وێنەی سەر قەڵاكەی هەولێر حەسرمان كردوون، لە كۆتاییدا ئەوان بە یەك وێنەی وەستانی ئەردۆگان لەژێر ئاڵای كوردستاندا ڕیسەكەیان لێكردینەوە بە خووری.

پارتی و  ڕیاڵمەدڕید  زۆر لە یەك ئەچن!

 كاتێك گۆڵت لێئەكەن گۆڵەكە هەرچۆن بێت، لەسەرت تۆمار ئەكرێت، بەڵام كاتێك گۆڵیان لێ ئەكەیت، ئەو كامێرایەی كە گۆڵەكەی تۆمار كردووە، ئیش ناكات.

پارتی و  ڕیاڵمەدڕید زۆر لە یەك ئەچن!

لەناو هێڵی سزای خۆیاندا بەر شەقت ئەدەن و سەرۆكی پەرلەمان بیت یان  جێگری سەرۆكی هەرێم بیت، ناهێڵن پێ بنێیتە ناو ساحەی ئەوان، كەچی كەس ناتوانێت قسە بكات، بەڵام كەی بیانەوێت لەناو هێڵی سزای بەرانبەردا شەق لە بەرگریكار هەڵ ئەدەن و بۆیان ئەكرێت بە لێدانی سزا.

 پارتی و ڕیاڵمەدڕید  زۆر لە یەك ئەچن!

هاندەرەكانیان هەرگیز پشتیان بەر نادەن، بە چاوی خۆیان ببینن كە مۆدریچ پاڵ بنێت بە ڤینیسۆسەوە و بۆیان بكرێت بە لێدانی سزا، ئەڵێن ئەشهەدو حەقبوو.

حزبەكانی تر بە معاشی دوو ملیۆنی ناتوانن دەنگی لایەنگرەكانیان مسۆگەر بكەن، پارتی بە 200 هەزاری ئەیلولانە هاندەرەكانی دەنگی پێ ئەدەن.

پارتی و ڕیاڵمەدڕید  زۆر لە یەك ئەچن!   

كاتێك ڕیاڵمەدڕید پڕۆسەی سۆپەرلیگ دروست ئەكات و حساب بۆ ڕەئیا یەك بەشەر ناكات و دژی فیفا و یۆفا و دنیا ئەوەستێتەوە، ئێمە پێمانوایە تەواو ئیتر خۆری ئاوا ئەبێت و تووشی دابڕانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ئەبێتەوە، كەچی لە كۆتاییدا هەموو ڕێگاكان دێنەوە مەدرید.

كاتێك پارتیش ڕیفراندۆم ئەكات و خەڵكی پێیوایە ئیتر ئەوە كۆتایی پارتییە، كەچی لە كۆتاییدا هەموو ڕێگاكان دێنەوە هەولێر!

ڕیاڵمەدرید بە فاسكێز و ناچۆوە لە بەهێزترین تیپ ئەباتەوە، پارتیش بێئەوەی یاریزانێكی باشی لەسەر شاشە هەبێت، كەچی هەر براوەیە.

پارتی و ڕیاڵمەدڕید زۆر لە یەك ئەچن! 

ئەوكاتانەی لە ڕاگەیاندنەكانەوە باس لە شەڕی كەریم بنزیما و ڤینیسۆس ئەكرێت و تۆ پێتوایە  هەڵئەوەشێنەوە، بۆ یاریی داهاتوو ئەبینی ڤینیسۆس بە ئەسیستی بنزیما دوو گۆڵی كردووە.

ئەو كاتانەی تۆ لە ڕێگای ڕاپۆرتی پەیجەكانەوە  وا ئەزانی ئامۆزاكان شەڕیانە، سبەی لە پێشەوەی مەراسیمێكدا ئەبینیت دەستیان بە سنگی یەكەوەیە بۆ یەكتری!

هۆكاری ئەوەی ڕیاڵمەدڕید هەمیشە براوەیە، هێزی تیپەكەیە، كارێزمایی و لێزانینی 
پێرێزە، عەقڵی بەڕێوەبردنی  كارگێڕییەكەیە، لێزانینە لە بازاڕی كڕین و فرۆشتندا، بودجەی زەبەلاحە.

هۆكاری ئەوەی پارتیش هەمیشە براوەیە، لاوازی نەیارەكانییەتی، درۆزنی و ناتەبایی و گەندەڵی و دینداری درۆینەی مەسڵحەت و عەمالەت و بۆ پارە مردن و بێ سەروبەری ئەوانەیە كە خۆیان وەك بەدیلی پارتی عەرز ئەكەن.

دانمان شكا هێندە قەزوان بخۆین، كەچی هەمیشە ئەوان لە كۆتاییدا بە گوێزێكی هیندی پێشمان ئەكەون.