پێشبڕكێی وێنەكێشانی منداڵان لە هەولێر بەڕێوە دەچێت

:: PM:12:30:25/07/2018 ‌

بۆ یەكەمجار پێشبڕكێیەكی گەورەی وێنەكێشانی منداڵان لە شاری هەولێر بە بەشداری زیاتر لە 200 منداڵ بەڕێوە دەچێت و بڕیاریشە براوەكان خەڵات بكرێن.

حاجی ئاغا نوێنەری كۆمپانیای سمایلاند تایبەت بە (وشە)ی راگەیاند: لە كۆمپانیاكەمان كاری سەرەكیمان برێتییە لە خزمەتكردنی زیاتر و دڵخۆشكردنی منداڵان و لەمبوارەشدا هەمیشە كارمان كردووە بۆ بەرەوپێشبردنی بەهرەكانیان، ئەمجارەش پێشبڕكێیەكی گەورەی وێنەكێشانمان بۆ منداڵان لە شاری هەولێر ئەنجامداوە.

زیاتر گوتی: بەشداریكردن لە پێشبڕكێكە بۆ سەرجەم منداڵان بە خۆڕایی بووە و بەشێوەیەكی گشتیش زیاتر لە 200 منداڵ بەشدارییان لە پێشبڕكێی وێنەكێشان كردووە.

حاجی هەروەها رایگەیاند: بەهۆی زۆری ژمارەی منداڵە بەشداربووەكانەوە پێشبڕكێكانمان بۆ 3 رۆژ درێژ كردۆتەوە كە لە دوێنێ سێشەمەوە دەستی پێ كردووە، هەروەها بەشداربووەكانیش بۆ سەر سێ گرووپ دابەشكراون، گرووپی یەكەم لە تەمەنی 6 تا 8 ساڵان دەبن، گرووپی دووەم 9 تا 11 ساڵ و گرووپی سێیەمیش 12 تا 15 ساڵان.

"لە كۆتایشدا خەڵات بەسەر بەهرەمەند و سەركەوتووانی هەر گرووپێك دابەش دەكرێ" نوێنەرەكەی كۆمپانیای سمایلاند وای گوت.

حاجی لە كۆتاییدا سوپاسی سەرجەم ئەو دایك و باوكانەی كرد كە رێگەیانداوە و هاوكاری منداڵەكانیان كردووە بۆ بەشداریكردن لە پێشبڕكێی وێنەكێشانی منداڵان و جەختیشی كردەوە كە لە داهاتوودا پڕۆژەیان هەیە زیاتر خزمەت بە چینی منداڵان بكەن و پێشبڕكێی جوانتر و جیاوازتر بۆ دڵخۆشی سەرجەم منداڵان ئەنجام بدەن.






وشە - ئامانج ئه‌كره‌م