سەدر ترسی لێ نیشتووە.. حكوومەتی لەناكاو لە عێراق ڕادەگەیەنرێت

:: PM:04:12:25/07/2018 ‌
ڕۆژنامەیەكی لەندەنی بڵاوی كردەوە، موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی سائیروون كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بوون، ترسیان لێ نیشتووە و لە ئەگەری ڕاگەیاندنی پێكهێنانی حكوومەتی لەناكاو لە عێراق بەهۆی خۆپێشاندانەكانەوە، سەرجەم هەوڵ و سەركەوتنەكەیان لە هەڵبژاردن بەفیڕۆ دەچێت.

ڕۆژنامەی "العرب"ی لەندەنی بڵاوی كردووەتەوە كە هاوپەیمانی سائیروون ترسی لە فرەوانبوونی خۆپێشاندانەكان و كاریگەری لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەیە، بە جۆرێك ببێتە هۆی سڕكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكوومەتی لەناكاو وەك هەنگاوێك بۆ جێبەجێكردنی داواكانی خۆپێشاندەران، بەمشێوەیە ڕەوتی سەدر بە تەواوی لە گۆڕەپانی سیاسی پاشەكشێ دەكات و تووشی شكستێكی گەورە دەبێت.

ڕۆژنامە نووسیویەتی، سەرەڕای ئەوەی لیستەكەی سەدر سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێنا و براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە، بۆیە دوودڵە لە دۆخی ئێستەی عێراق و ڕاوێژ و دیدارە سیاسییەكانی وەستاندووە، بەهۆی ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییەی باشووری وڵاتی گرتووەتەوە.

لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكە هاتووە، سەركردەكانی هاوپەیمانی سائیروون بە تەواوی دوودڵن لەوەی لەسەر دانوستاندن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی تر بۆ پێكهێنانی حكوومەت بەردەوام بن، یان دەسبەرداری دانوستاندنەكان بن و بگەڕێنەوە ناو خەڵك و شەقام و بچنە ناو خۆپێشاندانەكانەوە.

سیاسییەكانی عێراق گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكوومەت سوودێكی نەماوە، بەهۆی فشارەكانی خۆپێشاندەران لەسەر سیستەمی دەسەڵات لە عێراق.

ئەو ترسەی لیستی سەدر لە كاتێكدایە بۆ سێیەم هەفتەیە خۆپێشاندانەكان لە بەسڕە و شارەكانی باشووری عێراق بەردەوامیان هەیە و دژی نەبوونی كارەبا و ئاو و كەمی خزمەتگوزاری ناڕەزایەتی دەردەبڕن، لە ئەنجامدا تا ئێستە بە تەقەی هێزەكانی عێراق 15 كەس كوژراون و هەزار كەس بریندار بوون و 700 كەسی تریش گیراون.



وشە - باز ئه‌حمه‌د