وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەسپاكی وردبینی بۆ ناوی كاندیدەكان دەكەن

:: PM:04:37:26/07/2018 ‌
بەرپرسێكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، وردبینی بۆ ناوی ئەو كاندیدانە دەستی پێ كردووە كە قەوارە سیاسییەكان پێشكەشیان كردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 26ی تەمووز/ یۆلیۆ، ژیار دزەیی بەڕێوەبەری قەوارە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕای گەیاند، ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان ناوی كاندیدەكانی پێشكەشی كۆمسیۆنی باڵا كردووە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

زیاتر گوتی، ئەو لیستانەی ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش كردووە ڕێنوێنییەكانیان جێبەجێ‌ كردووە و 30% كاندیدی هەر قەوارەیەك ژنە.

دووپاتی کردەوە، ژمارەی كاندیدی قەوارەكان نابێ‌ لە سێ‌ كاندید كەمتر و لە 100 كاندید زیاتر بێت، ژمارەیەك لە قەوارەكان ماون ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش بكەن و تا ڕۆژی یەكشەمی داهاتوودەرفەتیان لەبەر دەستە.

"وردبینی بۆ ناوی كاندیدەكان دەستی پێ كردووە و دوای وردبینی ناوەكان  ڕەوانەی دەستەی دەسپاكی و وەزارەتی ناوخۆ دەكرێت تا زانیاری لەسەر كاندیدەكە و رابردووی بزانرێ‌." ژیار دزەیی وای گوت.

بڕیارە 30ی ئەیلوولی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەرێوە بچێت و كۆمسیۆن دەستی بە ئامادەكارییەكانی كردووە، بەڵام تا ئێستە ژمارەیەك قەوارەی سیاسیی ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش نەكردووە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم