یاریزانێكی تریش ریال مەدرید جێدێڵێ

:: AM:09:47:28/07/2018 ‌

میدیاكانی ئیسپانیا ئاشكرایان كرد، یاریزانێكی تریش لەم هاوینەدا ریزی یانەی ریال مەدرید جێدێڵێ و روو لە یانەیەكی تر دەكات.

رۆژنامەی (ئاس) ئاشكرای كرد: تیۆ هێرناندێزی بەرگریكاری لای چەپی یانەی ریال مەدرید نزیكە ریزی یانەكەی جێبێڵێ، بەڵام هەر لە خولی ئێسپانیا و لە ریزی یانەیەكی تر درێژە بە ژیانی وەرزشی بدات.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە رۆیشتنی هێرناندێز بەشێوەی یەكجاری نییە و بەڵكو بەشێوەی خواستن بۆ ماوەی وەرزێك دەچێتە ریزی یانەی ریال سۆسیداد.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە هەرچەندە هێرناندێز لە گەشتەكەی یانەی ریال مەدرید بۆ وڵاتی ئەمەریكا بەشداردەبێت، بەڵام بۆ وەرزی داهاتوو لە ریزی یانەكە یاری ناكات و بەڵكو لە یانەی ریال سۆسیداد درێژە بە ژیانی وەرزشی دەدات.

ئەمە لە كاتێكدایە كە لەم هاوینەدا یانەی ریال مەدرید چەندان یاریزانی لەدەستداوە كە سەرەكیترینیان كریستیانۆ رۆناڵدۆی باشترین یاریزانی جیهان بوو كە دوای 9 ساڵ یاریكردن بە 112 ملیۆن یۆرۆ رووی لە خولی ئیتاڵیا و ریزی یانەی یۆڤانتۆس كرد.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م