گرووپێكی بەریتانی تایبەت بە تەندروستی و دەروونی مرۆڤ، هەڵمەتێكی گەورەیان دەست پێ كردووە تا لە تەواوی ڕۆژەكانی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، خەڵكی لەسەر گۆی زەوی لە بەكارهێنانی ئینتەرنێت و گەڕان بە ناو تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی و ماڵپەڕەكان دوور بكەونەوە.
كۆمەڵەی هۆشیاری لە تەندروستی گشتی لە شانشینە یەكگرتووەكانی بەریتانیا دووپات لەوە دەكاتەوە، كە خەڵك پێوەندییەكانیان زۆر تێكچووە و هەمووی لە ڕێی ئامرازەكانی ئینتەرنێت و تەكنەلۆجیاوەیە و لە یەكتر نزیك نابنەوە، ئەمەیش وای كردووە جۆرێك لە بێهەستی و بێ گیانی لە پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی نێوان مرۆڤەكان دروست ببێ، بۆیە پێویستە مرۆڤ هاوسەنگی لە بەكارهێنانی ئینتەرنێت و دانیشتنە كۆمەڵایەتییەكان بدۆزێتەوە و ئالوودەی ئینتەرنێت و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی نەبێت.
كۆمەڵەكە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی داوە، داواتان لێ دەكەین بێ بەكارهێنانی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی پشوو بدەن و لە كاتی بۆنەكان واز لە
ئینتەرنێت بهێنن، لە ماڵەوە لەگەڵ خێزان و هاوڕێكانت قسەی ڕووبەڕوو بكەن، گوێ لە موزیك بگرە و كاتێك خواردن دەخۆیت چێژی لێ وەرگرە و كاتەكە مەپچڕێنە بە وێنەگرتن و بڵاوكردنەوەی سناپ و ئینستاگرام.
بەگوێرەی توێژینەوەكانی ئەو كۆمەڵەیە، ئینتەرنێت و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی كاریگەری زۆریان لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست كردووە و لە داهاتوویشدا زیانی زۆر بە تەندروستی مێشك و دەروونی مرۆڤ دەگەیەنن.
بۆ هۆشیاركردنەوەی مرۆڤ و بەئاگاهێنانەوەی لەو مەترسییانە كۆمەڵەكە هەڵمەتێكی نیشتمانی لە سەرانسەری بەریتانیا و وڵاتانی دنیا دەست پێ كردووە بە ناوی "سێپتێمبەر بێ گەڕان بەناو ئینتەرنێت" واتە مانگی ئەیلوول بێ بەكارهێنانی ئینتەرنێت، خەڵكێكی زۆر بەدەم كەمپەین و هەڵمەتەكە ڕۆیشتوون و بەڵێنیان داوە تەواوی مانگی ئەیلوول ئینتەرنێت بەكار نەهێنن.