ئێران گەنجێكی كوردی لە سێدارە دا

:: AM:09:00:27/04/2020 ‌
رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رای گەیاندووە، لەگەڵ سێیەمین رۆژی مانگی رەمەزان لە ئێراندا، لەو مانگەدا حوكمی سێدارە بەڕێوە ناچێت، كەچی سزای سێدارەی هاووڵاتییەكی كورد لە گرتووخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ كرا.

ئەمڕۆ دووشەم 27ـی نیسان، رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم سزای سێدارە بەسەر هاووڵاتییەكی خەڵكی "بوڵوانئاوای"ی دێولان بە ناوی "كەیوان ئەڵا مورادی" تەمەن 28 ساڵ، لە گرتووخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ كرا.

چوار مانگ لەمەوبەر لە گرتووخانەی قوروەوە گوازرابووەوە بۆ گرتووخانەی سنە
هاوژینی كەیوان رای گەیاندووە، پێنچ ساڵ لەمەوبەر لە تێكهەڵچوونێكی سەرشەقام، كەسێكی خەڵكی قوروەی بە ناوی "عیماد خالیدیان" كوشتبوو، دواتر دەستبەسەر كرابوو و لە لقی دووی دادگای تاوانەكانی سنە، بە تۆمەتی "كوشتنی بە ئەنقەست" سزای لەسێدارەدانی بە سەردا سەپێنرابوو.

كەیوان خێزاندار و باوكی كچێكی شەش ساڵە بوو، چوار مانگ لەمەوبەر لە گرتووخانەی قوروەوە گوازرابووەوە بۆ گرتووخانەی سنە.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بۆ رێزگرتن لە مانگی رەمەزان، حوكمی سێدارە لەو مانگەدا جێبەجێ نەكراوە، بەڵام داواكاری گشتی شاری سنە بەهۆی ئەو گوشارەی لە ئەنجامی هەڵاتنی بەندكراوانی گرتووخانەی سەقزە لە سەریەتی، سوورە لەسەر جێبەجێكردنی حوكمی سێدارەی چەند هاووڵاتیی تر لە رۆژانی داهاتوودا.



وشە - رامیار جەواد