یوسف له‌تیف
ئه‌م ناوچه‌یه ساڵانێكی زۆره سه‌قامگیریی به‌خۆوه نه‌بینیوه، بۆیه به ده‌وریدا كۆمه‌ڵێك گرفتی ناجۆر خوڵقاون، كۆی شته‌كانی له‌جێی خۆی هه‌ڵكه‌ندووه و جۆره تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵییه‌ك هه‌یه كه تاموچێژی شته جوانه‌كانیشی له‌لامان بێتام كردووه.
حوكمڕانی كوردی له‌گه‌ڵ شته باشه‌كانیدا، هێنده جێبرینی ناخۆشی پێوه دیاره، مرۆڤ له دووره‌وه له ته‌ماشاكردنی بێتاقه‌ت ده‌بێ، هێنده شتی جوانی هه‌تك كردووه كه حه‌یا و حورمه‌تی بۆ حوكمداری نه‌هێشتووه‌ته‌وه .
له‌و چاوهنواڕییه زۆره‌دا كۆمه‌ڵگه هه‌موو هێلكه‌كانی خستووه‌ته ناو خورجینی ئه‌م حكوومه‌ته نوێیه‌وه و ئومێدێكی زۆریان له‌سه‌ری هه‌ڵچنیوه و هیوادارین بێ ئومێدیان نه‌كات. راسته زۆر له گرفته‌كان له گێژه‌ن ده‌رچوون و سه‌رۆكی نوێ عه‌ساكه‌ی مووسای به‌ده‌سته‌وه نییه له چركه‌یه‌كدا هه‌موو كێشه‌كان بنبڕ بكات، به‌ڵام ده‌شكرێ سه‌ره‌تایه‌كی باش و چاوهنواڕییهكی زۆرمان پێ بزانێ و هێنده ژیانمان لا ناخۆش و دواڕۆژمان لا تاریكتر نه‌كات.
ره‌نگه چاوه‌نواڕی خه‌ڵك دوای 28 ساڵ له حوكمڕانی كوردی، دواین چاوه‌نواڕی و ئومێدیان بێ، خوانه‌خواسته له‌مه بێ‌ئومێد بن، ئه‌و دڵساردییه به هیچ شتێك چاك نابێته‌وه. ره‌سووڵ هه‌مزه‌تۆف گوته‌نی: خه‌نجه‌ر له كالاندا بێ، ژه‌نگ هه‌ڵده‌هێنێ و كه ههڵیشت كێشا، ده‌بێ بیوهشێنی.
سه‌رۆكی حكوومه‌تی نوێ ده‌بێ هه‌موو شته فه‌رامۆشكراوه‌كان به هه‌ند وه‌ربگرێ، هێنده بۆشایی هه‌یه كه ژیانی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه بۆ ساڵه‌كانی سی و چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو. كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی گه‌نده‌ڵ و ناكارا و بندیوار و مووچه‌ی به‌لاش و سوود وه‌رنه‌گرتن له توانای گه‌نج و بێ هیواكردنیان، میكانیزمی پڕنه‌كردنه‌وه‌ی توانای شیاوی هه‌موو ئه‌و توانایانه كه ده‌كرێ پڕكه‌ره‌وه‌ی بۆشایی زۆر بن.
ده‌رچووانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان هه‌لی كاریان بۆ بڕه‌خسێت به جۆرێك ریزبه‌ندی بكرێن له ساڵی ده‌رچوونیان، له ده‌وڵه‌ت یان له ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت جێیان بكرێته‌وه.
گه‌ڕانه‌وه‌ی خێڵ و عه‌شیره‌ت، زۆریی چه‌ك و كوشتن و رفاندن و بۆشاییه‌كی زۆری ده‌روونی و نایه‌كسانی زۆر، كوشتن و كوشتنی ژن و خۆكوژیی لاو و ژن و رێككه‌وتنی عه‌شایه‌ری له‌سه‌ر خوێنیان و داڵده‌دانی بكوژ له ناو حزبه‌یلی كوردیدا، پڕ ئازارترین برینه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا و ده‌بێ چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێته‌وه. چونكه هێنده‌ی تر حوكمڕانی كوردی‌یان ره‌زا قورس‌تر كردووه.
رێكخستنه‌وه‌ی هه‌یكه‌لی حكوومه‌ت و گۆڕینی 95%ی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی له ماوه‌ی رابردوو توانایان تاقی كراوه‌ته‌وه و بوار ره‌خساندن و دڵگه‌رمی توانای نوێ، هێزێكی نوێ ده‌به‌خشێ به ئیداره‌ی نوێ، بنبڕكردنی مووچه‌ی بندیوار و خه‌رجیی زیاده و پڕكردنه‌وه‌ی كه‌موكورتی، رۆڵ نه‌بینینی وه‌زیره‌كان له كاره‌كانیان، بۆ نموونه رۆژانه له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و بانگه‌وازی مزگه‌وت و ته‌نانه‌ت میدیاكانیشه‌وه پاره بۆ نه‌خۆش كۆ ده‌كرێته‌وه، دز و گه‌نده‌ڵت به‌رچاو ده‌كه‌وێ كه شاباشی پاره ده‌كات، كهمدهرامهتهكانیش مه‌ترسی پاشه‌ڕۆژی تاریكی خۆیان ده‌بینن، كه كه‌رتی ته‌ندروستی خراپه، رۆژێك ئه‌و مه‌ترسییه رووبه‌ڕووی ئه‌وانیش ده‌بێته‌وه.
چالاككردنی وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا و داد و ته‌ندروستی، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروستت پێ ده‌به‌خشێ. سوودوه‌رگرتن له توێژینه‌وه زانستییه‌كان و قورسكردنی فلته‌ری ده‌رچوون بۆ هه‌مووان، رێكخستنی بازاڕ و هه‌موو ئه‌و كه‌ره‌سته و پێداویستییانه‌ی هاورده ده‌كرێن، ده‌شێ به‌رنامه‌دار بن و كوالیتی شیاویان هه‌بێ و هه‌موو جۆر و شتومه‌كێك له‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه تاقی نه‌كرێته‌وه.
به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی ئێسته هه‌یه ئازاربه‌خشه. ژیان ته‌نیا به پارهڕژانی زۆر و به‌لاشه خۆش، ماقووڵ نابێ. به‌ڵام ئاسایی و سروشتیشه له پای هه‌ر ئه‌ركێكدا مرۆڤ مافی توانای خۆی وه‌ربگرێت. به‌داخه‌وه ئێسته ئه‌و مافه به‌تایبه‌ت فه‌رمانبه‌ران بێبه‌ش بوونه لێی و به ناڕێكی و كه‌موكورتی زۆره‌وه پێیان ده‌درێت، له به‌رامبه‌ریشدا خزمه‌تگوزارییه‌كان قورسن.
ئومێدی زۆرمان به‌م حكوومه‌ته هه‌یه، راسته جه‌سته‌ی وڵات به‌و شووشه‌یه هه‌پروون به هه‌پروون ده‌چێت، به‌ڵام كات دره‌نگ نییه و ده‌كرێ چاك بكرێته‌وه، به‌لای كه‌مه‌وه نیازی باش نیشان بدرێت و سه‌ركه‌وتنه سه‌ر لووتكه‌ی ئه‌ڤرێست، به یه‌ك هه‌نگاو ده‌ست پێ ده‌كات.