دۆخی عێراق پەرە دەستێنێت.. هەنگاوی داهاتووی سەدرییەكان چییە؟

:: PM:05:51:10/08/2022 ‌

ململانێی ناو ماڵی شیعە هەموو پرەنسیپ و وادە دەستوورییەكانی شكاندووە، 11 رۆژە لایەنگرانی سەدر لەناو پەرلەمانی عێراق مانگرتنێكی كراوەیان راگەیاندووە و دانیشتنەكانیان پەك خستووە، واتە نە سەركۆمار دێتە هەڵبژاردن و نە حكوومەتیش دێتە پێكهێنان، لە بەرانبەردا چوارچێوەی هاوئاهەنگی وا خۆی پێشان دەدات كە دەیەوێ حكوومەت پێك بێنێت، راستییەكە ئەوەیە ئەوان لە حكوومەتی سەدر دەترسن و رێگە بە پێكهێنانی نادەن، خۆیشیان ناتوانن و ناوێرن پێكی بێنن،  بۆیە مانەوەی دۆخەكە بەو شێوەیە رەنگە بۆ ئەوان باشترین بێت.

سەرچاوە سیاسییەكان لە بەغدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە بڕیارە سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەیەكی گرنگ ساز بكەن بۆ تاوتوێكردنی سووربوونی موقتەدا سەدر لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و سازكردنی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە، پێشبینی دەكرێت لە دوای كۆبوونەوەكە بەیاننامەیەك دەربكەن، ئەندامانی رەوتی سەدریش دووپاتی دەكەنەوە كە پەرەسەندنی داهاتوویان رەنگە كۆشكی كۆماری بگرێتەوە، واتە تەنیا لە تەلاری پەرلەمانەوە ناوەستن. 
گومان هەیە لایەنگرانی سەدر هەڵبكوتنە سەر كۆشكی كۆماری و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری
سەركردەیەكی باڵای رەوتی سەدر دەڵێت، بڕیارە بەمنزیكانە رێنوێنی لە سەركردایەتی رەوتەكە دەربچێت بۆ پەرەسەندنی ئەو ناڕەزایەتییە جەماوەرییەی لە ناو ناوچەی سەوزی بەغدا دەستی پێ كردووە، سەدرییەكان نیازیان هەیە ناڕەزایەتییەكان بگەیننە بەردەم كۆشكی كۆمارییەوە، ئاشكرای كرد كە ئەو پەرەسەندنە بەو هۆیەوەیە كە زانیاریان بە دەست گەیشتووە بەوەی چارچێوە هەوڵی فێڵكردن و گرەو لەسەر كوشتنی كات دەكات، بۆ خۆدزینەوە لە داواكاریی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و رێككەوتن لەسەر وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە. 

روونی كردەوە، لایەنگرانی رەوتی سەدر لە مانگرتنیان پاشەكشە ناكەن، بەڵكو پەرە بە ناڕەزایەتییەكانیان لە ناوچەی سەوز دەدەن، بەمنزیكانەیش رێنوێنی و بڕیار لەو بارەوە دەردەچێت و پاشەكشەكردن نییە، تەنیا بە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و دیاریكردنی وادەیەك بۆ هەڵبژاردن نەبێت، ئەوەیش لە ماوەی ساڵێكدا.

هەر پێوەست بە دۆخی ناوچەی سەوز، سەرچاوەیەكی تەناهی دەڵێت، رێنوێنی لە سەركردایەتی فرقەی تایبەت بە پاراستنی ناوچەی سەوز دەرچووە بۆ توندكردنی رێوشێنە تەناهییەكان لە ناوچەكە و بڵاوكردنەوەی هێزی زیاتر لە نزیك بارەگا حكوومەتی و نێردە دیپلۆماسییەكان، ئەوەیش هاوكات لەگەڵ هاتنی سەتان لە لایەنگرانی رەوتی سەدر بۆ ناوچەكە لە چەند سەعاتی رابردوودا، سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە كە مەترسی ئەوە هەیە لایەنگرانی سەدر پەرە بە ناڕەزایەتییەكانیان لە ناوچەی سەوز بدەن و مانگرتنە كراوەكەیان ناوچەی نوێ بگرێتەوە، بۆیە رێوشوێنی توندی زیاتر وەرگیراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێكی كتوپڕ لەكاتی پەرەسەندنەكەی لایەنگرانی سەدر رووبدات.

لای خۆیەوە عائید هیلالی، سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، بڕیارە سەرانی چوارچێوە كۆبوونەوەیەكی گرنگ بۆ تاوتوێكردنی دۆخەكە و وەرگرتنی بڕیاری گرنگ پێوەست بە  قۆناغی داهاتوو ساز بكەن، بەتایبەتی پرسی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و سازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە چوارچێوە لەسەر هەڵوێستی خۆی بە رەتكردنەوەی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان پێش ئەوەی گفتوگۆیەكی فرەوانی هەموو لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ كە ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنەكە بكات سوورە، هەر پەرەسەندنێكی نوێی رەوتی سەدریش چارەسەری تەنگژەكە ناكات و قووڵتری دەكاتەوە و ناكۆكییەكان زیاتر دەكات.  

پێوەست بەو بابەتە ئەحمەد شەریفی، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، پێشبینی دەكرێت پەرە بە ناڕەزایەتی جەماوەری لایەنگرانی رەوتی سەدر لە ماوەی داهاتوو بدرێت، بەتایبەتی لە دوای رەتكردنەوەی داواكارییەكانیان لەلایەن سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە و لە سەروویانەوە نووری مالیكی.

دووپاتی كردەوە، ئێستە رەوتی سەدر هیچ كارتێكی گوشاری بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكەی بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و سازكردنی هەڵبژاردنی نوێ نییە، تەنیا لە رێگەی گوشاری جەماوەری لایەنگرانی نەبێت، بەتایبەتی كە ئێستە لە دەرەوەی پەرلەمانە، بۆیە لە رێگەی شەقامەوە گوشاری بەردەوام دەبێت و پەرە بە ناڕەزایەتییەكانی دەدات، بۆ ناچاركردنی چوارچێوە و لایەنە سیاسییەكانیتر بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەمنزیكانە.

ئەو شرۆڤەكارە دەڵێت، ئەگەریشی هەیە رەوتی سەدر پەنا بۆ یاخیبوونی مەدەنی ببات، كە رەنگە ئەو یاخیبوونە تەنیا بەغدا نەگرێتەوە و بۆ پارێزگاكانیتریش پەل باوێت، چونكە رەوتی سەدر باش ئەوە دەزانێت، كە پاشەكشەكردنی لە داواكارییەكانی، واتە لە ساڵانی داهاتوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی باڵادەستی خۆی بەسەر عێراق دەسەپێنێت، بەوەیش سەدرییەكان زۆرێك لە پۆستەكانیان لەناو حكوومەت لە دەست دەدەن.

ئێستە هیچ چارەسەرییەك بۆ تەنگژەی سیاسی لە عێراق نەماوە و پێویستە سەرانی چوارچێوە بڕیاری كۆتایی بدەن و چیتر دۆخەكە بەو شێوەیە درێژ نەكەنەوە، رووی گوتاری موقتەدا سەدر لە ئێران و لە سەرانی چوارچێوەیە و مەرجەكانی دیاریكراون، لەپێشەوەیان دوورخستنەوەی نووری مالیكی و دەوڵەتی یاسایە لە بینینی هەر رۆڵێك لە حكوومەتی نوێی عێراق، ئینجا پێكهێنانی حكوومەتێكی كاتی بە مەرجەكانی سەدر و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و سازكردنی هەڵبژاردنێكی نوێ.

لەو كاتەی زانیارییەكان باسی ئەوە دەكەن كە نووری مالیكی بە پاڵپشتی قەیس خزعەلی دەیەوێت دانیشتنی پەرلەمان لە شوێنێكی تر ساز بكرێت و لە هەوڵی پێكهێنانی حكوومەت بەردەوام بێت، هاوكات ئاراستەیەك لەناو چوارچێوە هەیە بەوەی بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە ئێران و سەرانیتری چوارچێوە گوشار لە مالیكی بكەن بۆ دووركەوتنەوە، كە ئەگەر بكرێت دەبێتە كلیلی چارەسەری دۆخەكە.

ئەگەرچی باسی ئەوە دەكرێت لایەنگرانی سەدر بەنیازن بەرەو كۆشكی كۆماری بچن، بەڵام گومان لەوەیش هەیە هەڵبكوتنە سەر ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، بە گشتی ئێستە ژمارەی سەدرییەكان لە ناوچەی سەوز روو لە زیادبوونە و لە دوێنێوە پەیجەكانی نزیك لە رەوتی سەدر داوا لە لایەنگرانیان دەكەن روو لە ناوچەی سەوز بكەن، بڕیاریشە هەینی داهاتوو جارێكی تر نوێژی بە كۆمەڵ لە نزیك خێوەتەكانی مانگرتن لە ناوچەی سەوز ساز بكەن.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل