كۆمپانیای ماس گڵۆبال كه خاوه‌نه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د ئیسماعیل گه‌وره سه‌رمایه‌داری كورده و كه هاوكات خاوه‌نی وێستگه‌ی كاره‌بای گازی هه‌ولێره، كۆمپانیای مینیتا تی پی پی رۆمانی به بڕی 91 ملیۆن یۆرۆ ده‌كڕێته‌وه، كه ئه‌و كۆمپانیایه كاره‌بای شاری بوخارستی پایته‌ختی رۆمانیا ده‌سته‌به‌ر ده‌كات و له بنه‌ڕه‌تدا كۆمپانیایه‌كی حكوومی بووه و له زیادكردنێكی ئاشكرا كۆمپانیای ماس توانی كۆمپانیاكه له حكوومه‌تی ڕۆمانیا بكڕێته‌وه و بڕیاریشه به بڕی ملیارێك یۆرۆ وه‌به‌رهێنان له كه‌رتی كاره‌بای ڕۆمانیا بكات.
ماڵپه‌ڕی
See News كه ئاژانسێكی هه‌واڵ و به‌دواداچوونی بواری ئابووری و وزه‌یه له باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا بڵاوی كردووه‌ته‌وه، كه حكوومه‌تی ڕۆمانیا به مه‌رج مینیتا تی پی پی به كۆمپانیای ماس گرووپ هۆلدینگ فرۆشتووه‌ته‌وه، مینیتا یه‌كێكه له وێستگه گه‌وره‌كانی كاره‌بای گه‌رم له ڕۆمانیا و كه‌وتووه‌ته كۆمه‌ڵگه‌ی وزه‌ی هونیدۆوارا و به دیاریكراویش به بڕی 91.2 ملیۆن یۆرۆ فرۆشراوه.
له‌باره‌ی ئه‌و مهرجانهیشی كه حكوومه‌تی ڕۆمانیا له‌گه‌ڵ فرۆشتنی مینیتا به‌سه‌ر كۆمپانیای ماس گرووپ هۆلدینگی سه‌پاندووه، بریتییه له خستنه‌ڕووی پاره‌ی زیاتر بۆ وه‌به‌رهێنان له كه‌رتی كاره‌بای رۆمانیا به گشتی، تا به‌شێوه‌یه‌كی فره‌وان بتوانرێ به‌رهه‌می وزه‌ی كاره‌با له ڕۆمانیا بۆ ئاستێكی به‌رچاو به‌رز بكرێته‌وه، له‌و پێناوه‌یشدا بڕیاره كۆمپانیای ماس له چه‌ند ساڵی داهاتوو بڕی ملیارێك یۆرۆ وه‌به‌رهێنان له كۆمپانیای مینیتا به تایبه‌تی و كه‌رتی كاره‌بای ڕۆمانیا به گشتی خه‌رج بكات.
وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌میش كۆمپانیای ماس گرووپ هۆلدینگ دوای واژووكردنی گرێبه‌ستی كڕینی مینیا ده‌ستی به گۆڕانكاری له په‌یكه‌ری كارگێڕی كۆمپانیاكه و ڕێكخستنه‌وه‌ی كردووه، هاوكات پێویسته كۆمپانیای ماس تا 31 كانوونی دووه‌م یه‌نایه‌ری 2026 بڕی به‌رهه‌می كاره‌بای كۆمپانیاكه بۆ هه‌زار و 290 مێگاوات زیاتر بكات و له‌و ڕێژه‌یش پێویسته 800 مێگاواتی له ڕێی سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی نوێوه ده‌سته‌به‌ر بكرێ، واته وزه‌ی نوێ بۆ كاره‌با بگۆڕدرێت و بخرێته خزمه‌تی بوخارستی پایته‌ختی رۆمانیاوه.
له چه‌ند ساڵی ڕابردوو به گشتی یه‌كێتیی ئه‌وروپا پلانی وردی داڕشتووه، تا به‌كارخستنی وزه‌ی كلاسیكی كه‌م بكاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری له پیسبوونی ژینگه و كه‌شوهه‌وا بگرێت، بۆیه مه‌رجی زۆری به‌سه‌ر وڵاتانی ئه‌ندام له یه‌كێتیی ئه‌وروپا سه‌پاندووه، تا سه‌رجه‌م ئه‌و ڕێنمایی و ڕاسپاردانه جێبه‌جێ بكه‌ن، ئه‌حمه‌د ئیسماعیل ساڵح خاوه‌ن و سه‌رۆكی كۆمپانیای ماس گرووپ هۆلدینگ له‌وباره‌وه گوتی، بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه پێویسته كۆمپانیای ماس كار له مۆدێرنكردنی كۆمپانیای مینیتا بكات و به ته‌واوی په‌ره‌ی پێ بدات و هاوتای بكات به ستاندار و مه‌رج و ڕاسپارده‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا چ له ڕووی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با یان هێڵ و تۆڕه‌كانی گواستنه‌وه‌ی كاره‌باوه بێت.
یه‌كێتیی ئه‌وروپا پلانی وردی داڕشتووه، تا به‌كارخستنی وزه‌ی كلاسیكی كه‌م بكاته‌وه
وێستگه‌ی كاره‌بای گه‌رمی مینیا كه‌وتووه‌ته نزیك شاری دیڤا و به دیاریكراویش نۆ كیلۆمه‌تر له شاره‌كه دووره له به‌شی ناوه‌ڕاستی ڕۆژئاوای ڕۆمانیاوه، وێستگه‌كه كه هاوكات كۆمپانیایه‌كی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شكردنی كاره‌بایشه، خاوه‌نی پێنج بلۆكی سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌بایه و كاره‌بای گه‌رم به‌رهه‌م ده‌هێنێت، كه له ڕێی بهههڵمكردنی ئاو هێز و ماته‌وزه‌ی كاره‌بایی دروست ده‌كرێت. ئه‌و كۆمپانیایه له ساڵی 2019ه‌وه مایه‌پووچی خۆی ڕاگه‌یاند و له هاوینی 2021 له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ڕۆمانیاوه هاوكاری و پشتیوانی پێشكه‌ش ده‌كرێت، تا به ته‌واوی له‌كار نه‌كه‌وێت و به‌شێكی ڕۆمانیا بێ كاره‌با و به تاریكی نه‌مێننه‌وه. به‌وهۆیه‌وه حكوومه‌تی ڕۆمانیا له زیادكردنێكی ئاشكرا كۆمپانیاكه‌ی خسته به‌رده‌م وه‌به‌رهێنه‌ر و سه‌رمایه‌دارانه‌وه و دواجاریش حكوومه‌ت بڕیاری دا كه كۆمپانیاكه به ژماره‌یه‌ك مه‌رجه‌وه به كۆمپانیای ماس گرووپ هۆلدینگ بفرۆشێت.
كۆمپانیای ماس گرووپ هۆلدینگ دامه‌زرێنه‌ر و خاوه‌نه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د ئیسماعیل نانه‌كه‌لییه كه یه‌كێكه له سه‌رمایه‌داره دیار و ناوداره‌كانی هه‌ولێر و عێراق و ناوچه‌كه، له ساڵی 1995 ئه‌حمه‌د ئیسماعیل كۆمپانیاكه‌ی وه‌ك كۆمپانیایه‌كی عێراقی له دوورگه‌كانی كایمان و شانشینی یه‌كگرتووی به‌ریتانیا تۆمار كردووه و نووسینگه‌ی سه‌ره‌كی كۆمپانیاكه له عه‌مانی پایته‌ختی ئوردنه، خاوه‌نی ده‌یان كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی چیمه‌نتۆ و ئاسن و پۆڵایه له وڵاتانی عه‌ره‌بی و عێراق و هه‌رێمی كوردستان، دیارترین پرۆژه‌كانی ئه‌و كۆمپانیایه‌یش له هه‌رێمی كوردستان بریتییه له وێستگه‌ی كاره‌بای غازی هه‌ولێر و كارگه‌ی چیمه‌نتۆی بازیان و شاری نیشته‌جێبوونی ماس و چه‌ندان پرۆژه‌ی تری له به‌غدا و شاره‌كانی تری عێراق له‌لایه‌ن ئه‌و كۆمپانیاوه خاوه‌ندارییان ده‌كرێ و جێبه‌جێ ده‌كرێن. سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌یش ئه‌حمه‌د ئیسماعیل به یه‌كێك له‌و سه‌رمایه‌دارانه‌ی هه‌ولێر داده‌نرێ كه زۆرترین كاری خێرخوازی ئه‌نجام ده‌دات، له شاری هه‌ولێر نه‌خۆشخانه‌ی نانه‌كه‌لی بۆ چاره‌سه‌ری تووشبووانی شێرپه‌نجه له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی دروست كردووه و هه‌ندێك له كه‌سه‌كانی نزیكیشی دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه ساڵانه زیاتر له ملیۆنێك دۆلار به خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت و نه‌خۆش له هه‌رێمی كوردستان ده‌به‌خشێت و هه‌میشه‌یش دژی ئه‌وه‌یه كه باسی كاره خێرخوازییه‌كانی بكرێت.