چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەمەرج ئامادەیی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەربڕی

:: AM:10:36:27/09/2022 ‌
چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆ بووەوە و رای گەیاند، ئامادەن بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە بڕۆن، بەڵام لە دوای پێكهێنانی حكوومەتی دەسەڵاتدار، دەركردنی یاسای بودجە و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن.

دەرنگانی شەوی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆ بووەوە و بە درەنگەوە بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، پێشوازی لە گەڕانەوەی پەرلەمانتاران و دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان دەكەن.

پارتی و یەكێتی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمار رێكنەكەوتوون، چوارچێوەی هاوئاهەنگیش داوایان لێ دەكات ئەو پۆستە یەكلا بكەنەوە

بڕیارە رۆژی چوارشەم 28ی ئەیلوول، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ ببێتەوە و دوو بڕگە لە كارنامەی كۆبووەنەوەكەدا هاتووە: یەكەم، دەنگدان لەسەر دەست لەكاركێشانەوەی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی  ئەنجوومەنەكە. بڕگەی دووەمیش هەڵبژاردنی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەن.

لەوبارەیەوە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، "گەڕانەوەی ژیانە بۆ داودەزگا دەستوورییەكانی وڵات".


" ئێمە ئامادەین بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە بڕۆین، بەڵام لە دوای پێكهێنانی حكوومەتی دەسەڵاتدار و دەركردنی یاسای بودجە و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، لەگەڵ رێكخستنەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان". چوارچێوەی هاوئاهەنگی وا دەڵێت.

پارتی و یەكێتی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمار رێكنەكەوتوون، چوارچێوەی هاوئاهەنگیش داوایان لێ دەكات ئەو پۆستە یەكلا بكەنەوە.

لەبارەی بەشداری رەوتی سەدر لە حكوومەتی نوێ، چوارچێوە داواكارە هەموو لایەنەكان بەشداری بكەن بەتایبەت رەوتی سەدر .

چوارچێوە دووپاتی دەكاتەوە، سوورە لەسەر بەڕێوەبردنی دەوڵەتی نیشتمانی سەربەخۆ، ناچێتە ژێر پاڵەپەستۆی هیچ هەوڵ و دەستوەردانێكی لایەنەكانی دەرەوە.


وشە - زریان تەها