عه‌لی حوسێن كه هاووڵاتییه‌كی نیشته‌جێی شارۆكه‌ی رۆمێله‌یه و ته‌نیا 30 میل له كێڵگه نه‌وتییه‌كانی ڕۆژئاوای به‌سڕه دووره كه به یه‌كێك له گه‌وره‌ترین كێڵگه‌كانی نه‌وت له جیهان هه‌ژمار ده‌كرێت، ئه‌و گه‌نجه عێراقییه ئێسته به‌ده‌ست شێرپه‌نجه‌ی خوێن ده‌ناڵێت و خۆی و ماڵباته‌كه‌یشی هۆی تووشبوونی بۆ شێرپه‌نجه‌ی خوێن به‌هۆی دووكه‌ڵی بیره نه‌وتییه‌كان و پاڵاوگه‌كانی سنووری ناوچه‌كه ده‌گه‌ڕێننه‌وه، كه ئه‌وان له نزیكی ئه‌و كێڵگه نه‌وتیانه‌وه ده‌ژین، ئه‌و گه‌نجه بۆ چاره‌سه‌ركردن ڕووی كردووه‌ته ئێران و له‌وێ چاره‌سه‌ری كیمیایی بۆ كراوه و قژ و برۆكانی هه‌ڵوه‌رین و زۆر لاواز بووه.
ڕێژه‌یه‌كی زۆری گازی میسان ده‌چێته نێو به‌رگه هه‌وای ناوچه‌كه
ڕۆمیڵه كه زێندی عه‌لییه و ناوی گه‌وره‌ترین كێڵگه‌ی نه‌وته له جیهان و له ده‌وروبه‌ری ماڵی عه‌لی حوسێن لقی ده‌یان كۆمپانیای زه‌به‌لاحی دنیا بوونی هه‌یه كه له كێڵگه نه‌وتییه‌كان كار ده‌كه‌ن و گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ندی عێراق هه‌یه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بۆ حكوومه‌تی عێراق رۆمێله سه‌رچاوه‌ی سامان و داهاتی وڵاته و بۆ جیهانیش ده‌سته‌به‌ری نه‌وتی پێویست بۆ ژماره‌یه‌كی زۆر له وڵاتان ده‌كات، به‌ڵام بۆ عه‌لی و خه‌ڵكی ده‌وروبه‌ری كێڵگه نه‌وتییه‌كان ڕۆمێله سه‌رچاوه‌ی كاره‌سات و مه‌ینه‌تییه و ناویان ناوه "ناوچه‌ی تارمایی" چونكه له‌لایه‌كه‌وه به به‌رده‌وامی كاره‌بایان نییه و له‌لایه‌كی تره‌وه‌یش دووكه‌ڵی ڕه‌شی گازی ده‌ردراو له بیره نه‌وته‌كان و سووتانی به هه‌وادا به‌رده‌وام بوونی هه‌یه.
كێڵگه‌ی نه‌وتی ڕومێله ڕۆژانه 1.45 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی لێ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت كه ئه‌مه‌یش سێیه‌كی كۆی به‌رهه‌می نه‌وتی ڕۆژانه‌یه له عێراق، له ڕووی یه‌ده‌گه‌وه‌یش كێڵگه‌كه خاوه‌نی 17 ملیار به‌رمیل نه‌وتی یه‌ده‌گه، كه ئه‌مه‌یش به ده‌ریایه‌كی نه‌وت هه‌ژمار ده‌كرێ و گرنگی و بایه‌خی زۆری له ڕووی ئابوورییه‌وه بۆ عێراق هه‌یه و زۆربه‌ی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانیش چاویان له وه‌رگرتنی ده‌سته‌واره‌ی كاركردن له‌و كێڵگه نه‌وتیانه هه‌یه.
له ئه‌نجامی سووتانی گازی ده‌ردراو له بیره نه‌وته‌كان به هه‌واوه، ڕێژه‌یه‌كی زۆری گازی میسان ده‌چێته نێو به‌رگه هه‌وای ناوچه‌كه، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه زانایان به به‌رده‌وامی هۆشداری ده‌ده‌ن، كه گازی میسان یه‌كێكه له سه‌رچاوه سه‌ره‌كییه‌كانی گه‌رمبوونی كه‌شوهه‌وای گۆی زه‌وی، چونكه زیانه‌كانی میسان بۆ گه‌رمكردنی كه‌شوهه‌وا زۆر له گازی دوانه‌ئۆكسیدی كاربۆن زیاتره و ئێسته‌یش ڕێژه‌ی گازی میسان له به‌رگه هه‌وای گۆی زه‌وی 84 جار له ڕێژه‌ی دوانه‌ئۆكسیدی كاربۆن زیاتره، عێراق یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی كه زۆرینه‌ی گازی ده‌ردراو له بیره نه‌وته‌كان به هه‌وا بڵاو ده‌كاته‌وه و گڕ ده‌گرێ و ده‌سووتێت و دووكه‌ڵی لێ به‌رز ده‌بێته‌وه و بڕێكی زۆری گازی میسانی لێ ده‌رده‌چێت. ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه له زۆرینه‌ی وڵاتانی تری دنیا كه ده‌رهێنانی نه‌وت خه‌ریكن، گازی ده‌رهاتوو له بیره نه‌وته‌كان كۆ ده‌كرێته‌وه و كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گیرێت، یان ده‌خرێته‌وه ناو گۆی زه‌وی، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وتی زیاتر له بیره نه‌وتییه‌كان به‌رهه‌م بهێنن و گازه‌كه‌یش دووباره پاشه‌كه‌وت بكه‌نه‌وه، بۆ كاتێك كه ژێرخانی وه‌رگرتنی ئه‌و گازه سروشتییه ئاماده ده‌بێت.
عێراق به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و ژێرخانه پته‌وه‌ی نییه، به‌هۆی جه‌نگ و ململانێكان و گه‌نده‌ڵییه‌وه، بۆیه به‌رده‌وام گازی ده‌ردراو له بیره نه‌وتییه‌كان به هه‌وا په‌خش ده‌بێ و ده‌سووتێت، تا ئێسته‌یش ژماره‌یه‌كی ورد و دیاریكراو له‌باره‌ی بڕی ئه‌و گازه سروشتییه‌ی كه له ناوچه جیا جیاكانی عێراق به هه‌وا بڵاو ده‌بنه‌وه، له‌به‌رده‌ست نییه و ژماره‌كان ته‌نیا خه‌مڵاندنن و نزیكه‌یین، نه‌ك ئامارێكی زانستی و ڕاست و دورست.
هه‌ر له ئه‌نجامی ئه‌و دیارده‌وه، زۆرینه‌ی زانایانی جیهان پشتڕاستی ئه‌وه‌یان كردووه، كه عێراق یه‌كێك له‌وڵاته له پێشینه‌كان ده‌بێت، كه به‌هۆی گۆڕانی كه‌شوهه‌واوه گه‌وره‌ترین زیانی به‌رده‌كه‌وێت و خه‌ڵكه‌كه‌یشی تووشی جۆره‌ها نه‌خۆشی و ده‌رده‌سه‌ری و ئاواره‌بوون ده‌بنه‌وه، چونكه ساڵ دوای ساڵ پله‌ی گه‌رمی له‌و وڵاته ڕووی له به‌رزبوونه‌وه‌ی زیاتره و ئه‌مه‌یش دواجار كاره‌ساتێكی گه‌وره به دوای خۆیدا ده‌هێنێت.
به گوێره‌ی خه‌مڵاندنه‌كان ته‌نیا له بیره نه‌وتییه‌كانی كێڵگه‌ی ڕۆمێله ساڵانه زیاتر له 3.39 ملیار مه‌تر سێجا گازی سروشتی به هه‌وادا ده‌سووتێت، ساڵ دوای ساڵیش عێراق هه‌وڵی زیادكردنی بڕی به‌رهه‌می نه‌وت ده‌دات و ئه‌مه‌یش ڕێژه‌ی ده‌ردانی گازی سروشتی له بیره نه‌وتییه‌كان زیاتر ده‌كات، ئه‌گه‌ر به‌راوردیشی بكه‌ین، ئه‌و بڕه گازه‌ی به‌هه‌وا بڵاو ده‌بێته‌وه هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ كاركردنی 970 هه‌زار ئۆتۆمبێل له ناوچه‌كه به به‌رده‌وامی و له ته‌واوی ڕۆژه‌كانی ساڵ به سووتاندنی به‌نزین وه‌ك سه‌رچاوه‌ی سووته‌مه‌نی. به گوێره‌ی ڕاپۆرتێكی نهێنی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقیش له 2015 تا 2018 ڕێژه‌ی تووشبووان به جۆره جیاوازه‌كانی شێرپه‌نجه 20% به‌رزبووه‌ته‌وه و یه‌كێك له هۆكاره هه‌ره گرنگ و سه‌ره‌كییه‌كانیش بریتییه له ماده‌ی ڤی ئۆ سی ئێس كه له‌گه‌ڵ سووتانی گازی سروشتی ده‌چێته نێو هه‌واوه و كاتێكیش مرۆڤ هه‌واكه هه‌ڵده‌مژێت ده‌چێته نێو سییه‌كان و پاشان له ڕێی خوێنه‌وه بۆ ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته ده‌گوێزرێته‌وه و دواجاریش مرۆڤه‌كان تووشی شێرپه‌نجه ده‌كات و كۆتایی به ژیانیان ده‌هێنێت.