سەرژمێرییەك: رێژەی بێكار لە عێراق بە بەراورد بە هەرێمی كوردستان زیاترە

:: PM:09:22:01/10/2022 ‌

بەپێی سەرژمێرییەك كە لەبارەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان و عێراق كراوە، دەركەوتووە كە رێژەی بێكاری لە پارێزگاكانی هەرێم جیاوازە، بەڵام رێژەكە بە گشتی لەوەی عێراق كەمترە، بەرپرسێكی دەستەی ئاماریش ئاماژە دەكات، راپۆرتەكەیان بەدەست نەگەیشتووە و چاوەڕێ بڕیاری كۆتایی دەكەن.
 
ئەمڕۆ شەموو یەكی تشرینی یەكەمی 2022، مەحموود عوسمان، سەرۆكی ئاماری سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لەگەڵ رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی سەرژمێریمان لەبارەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان و عێراق كردووە، داتاكان تەواو بوونە، بەڵام تا ئێستە بەدەستمان نەگەیشتوون.
رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان 18%ە و لە عێراقیش 20 بۆ 32% بووە
روونی كردەوە، ئەو ژمارانەی كە بڵاو كراونەتەوە، تێبینیان لەسەر دەبێت كاتێك بۆمان دەنێرنەوە، راپۆرتەكەمان بە تەواوی بە دەست نەگەیشتووە، پێویستی بە بڕیاری كۆتایی هەیە لەگەڵ دەستە و وەزارەت.

بەپێی سەرژمێرییەكەی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی، كە لەگەڵ دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان كراوە، بۆ نیوەی دووەمی ساڵی 2021، رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان 18% بووە، لە پارێزگاكانیش رێژەكەی لە سلێمانی لە 11.9% و لە هەولێر لە17.7% و لە دهۆك لە 24.1% بووە.

هەر بەپێی راپۆرتی رێكخراوەكە، بەشداریی هێزی كار لە پارێزگای هەولێر بەرزترین ئاست بووە، كە گەیشتووەتە سەرو 47%، لە دوای ئەوە پارێزگای سلێمانی دێت بە 46%، لە عێراقیش رێژەی  بێكاری لە سەرو 20 بۆ 32% دەبێت، كە بەرزترین رێژەی بێكارە لەپارێزگای نەینەوا بووە بە 32%.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل