"كێشه‌ی هه‌ڵنه‌بژاردنی سه‌رۆك كۆمار پێوه‌ندیی به‌ كێشه‌ی شیعه‌- شیعه‌ هه‌یه‌"

:: PM:01:00:02/10/2022 ‌
په‌رله‌مانتارێكی كورد پێی وایه‌ كه‌ تا ئێسته‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق نه‌هاتووه‌ته‌ هه‌ڵبژارن، كێشه‌كه‌ كورد خۆی نییه‌، به‌ڵكو پێوه‌ندی به‌ كێشه‌كانی نێوان شیعه‌ له‌گه‌ڵ شه‌یعه‌ هه‌یه‌.

پێگه‌ی "شه‌فه‌ق نیوز" ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م دووی تشرینی یه‌كه‌م بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، جه‌مال كۆچه‌ر كه‌ په‌رله‌مانتارێكی عێراق له‌سه‌ر لیستی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانه‌، له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ تا ئێسته‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق نه‌هاتووه‌ته‌ هه‌ڵبژاردن، كێشه‌كه‌ ته‌نیا پێوه‌سته‌ به‌ كێشه‌كانی نێوان شیعه‌ له‌ناو خۆیان، نه‌ك كێشه‌ی كورد بێت.

كه‌ كێشه‌كه‌ له‌ نێوان ره‌وتی سه‌در و چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگییه‌ نه‌ك كورد

جه‌مال كۆچه‌ر بۆ پێگه‌كه‌ گوتوویه‌تی، راسته‌ پۆستی سه‌رۆك كۆمار هی كورده‌ و ده‌بێته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كورد یه‌كلای بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام كه‌ تا ئێسته‌ نه‌هاتووه‌ته‌ هه‌ڵبژاردن، پێوه‌ندی به‌ كێشه‌ی كورده‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌كانی نێوان ره‌وتی سه‌در و چوارچێوه‌ هاوئاهه‌نگی، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری دوا خستووه‌.

دواتریش روونی كرده‌وه‌، یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كه‌سێك بۆ سه‌رۆك كۆمار له‌لایه‌ن كورده‌وه‌، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ی نێوان شیعه‌ خۆیان چاره‌سه‌ر بكرێ و بگه‌نه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر دامه‌زرانی حكوومه‌تی نوێ. بۆیه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كێشه‌كه‌ له‌ نێوان ره‌وتی سه‌در و چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگییه‌ نه‌ك كورد.

تا ئێسته‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌سه‌ر به‌ربژێرێك بۆ سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عێراق رێك نه‌كه‌وتوون، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د كاندیدی پارتییه‌ و به‌رهه‌م ساڵح كاندیدی یه‌كێتییه‌، هه‌وڵ هه‌یه‌ پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر به‌ربژێرێك رێكبكه‌ون كه‌ هه‌ردوولا له‌سه‌ری كۆك بن.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د