چی روودەدات؟.. باس لە ئێرانی دوای ڕژێمی ئیسلامی دەكرێت

:: PM:05:05:25/11/2022 ‌

ڕۆژنامەی لۆس ئەنجلس تایمزی ئەمەریكی بابەتێكی شێرڤین مالیكزادە پسپۆر لە زانكۆی كۆلگیت ونووسەری كتێبی "ئاگری ژێر خۆڵەمێش: شۆرشی سەوز و خەبات لە پێناوی دیموكراسی لە ئێران لە نێوان 2009 تا 2019" بڵاوكردووەتەوە، كە تێیدا نووسەر باس لە چارەنووسی خۆپێشاندانەكانی ئەم دواییەی تەواوی ئێران و پەرەسەندنی توندوتیژییەكان و ئەگەری ڕزگاربوونی ڕژیم بەرانبەر بەو شەپۆلی تووڕەییەی خەڵك دەكات، هاوكات بە گرنگی دەزانێت كە بەرهەڵستكاران بەرنامەڕێژی بكەن، تا لە ئەگەری لەناوچوونی ڕژێم بزانن چی و چۆن ئێرانی نوێ پێكدەهێننەوە و لەسەر ئەمانە گفتوگۆی ورد و ڕژد بكەن.

لە بابەتەكە هاتووە، ناڕەزاییەكان لە دوای شەهیدكرنی مەهسا ئەمینی بەشێوەیەكی زۆر خێرا دەستیان پێكرد و تا ئێستەیش بەردەوامیان هەیە، بەڵام ئەمە ڕووبەڕووی پرسیارێكمان دەكات، كە ئایا ئەو ناڕەزاییانە بەرەو كوێمان دەبەن و چارەنووس و داهاتوو چۆن چۆنی دەبێت؟ ئایا خۆپێشاندان و خەڵكی ڕاپەڕیوو دەتوانن شكست بە ڕژێمی ئیسلامی بهێنن؟ یانیش ڕژێم ڕزگاری دەبێ و بەسەر ئەو شەپۆلی تووڕەیییە وەك ئەوانەی پێشووتر زاڵ دەبێت؟

هێمای بۆ ئەوە كردووە، ڕاستییەكی ترسناك هەیە، ئەویش بریتییە لەوەی كە ئێران هەڵپەسێردراوە و لە تاریكترین ڕێگەیدایە بە بەراورد بە هەموو كاتەكانی تر لە مێژووی ئێران دا، هێزەكانی تەناهی بەردەوام خۆپێشاندان و ناڕەزاییان بەرانبەر ئەنجام دەدرێ و شەقامەكان دەگیرێن و توندوتیژی ڕوو دەدات، هەموو ئەمەیش لەسەر پاراستنی كەرامەت و ئازادی مرۆڤە، بۆیە خەڵكی سڤیل ئامادەن سەرجەم جۆرەكانی ناڕەزایی بخەنەگەڕ، تا بە ڕووی ڕژێم بوەستنەوە و بیوەستێنن لە شكاندنی كەرامەت و نەهێشتنی ئازادی خەڵكی ئێران.

سەرەڕای قسەی بەردەوام لەبارەی كۆتایی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران عەلی خامنەیی و لەناوچوونی ڕژێم، بەڵام كارێكی ئەستەمە، ئێرانییەكان بتوانن هاوشێوەی لیبیا و عێراقییەكان كە كۆتاییان بە موعەمەر قەزافی و سەدام حوسێن هێنا، هەمان سیناریۆ دووبارە بكەنەوە، هۆكارەكەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە لە ئێران كەسێك لە ڕژێم بەرپرس نییە، بگرە كۆماری ئیسلامی بە هەماهەنگی و كۆمەڵێك خەڵكەوە بەڕێوە دەبرێت، كە لە هەموویان گرنگترین پیاوانی ئاینین كە پێشەوایەتی ڕژێمی ئیسلامی دەكەن و لە تەواوی شارەكانی ئێران بڵاوبوونەتەوە و خەڵكی گوێیان لێ دەگرن و شوێنیان دەكەون. سەرەڕای ئەوەیش تاران توێژێكی بژارەی بیریار و پسپۆری لە پشتەوەیە كە تەنگژە و ئاڵۆزییەكان شرۆڤە دەكەن و لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكەن و چارەسەر بۆ تەنگژە و ئاڵۆزییەكان پێشنیاز دەكەن، كە دواجاریش ئەو پێشنیاز و تەنگژانە لەلایەن هێزە چەكبەدەستەكانی ڕێژێمەوە جیێبەجێ دەكرێت.

هەرچەندە پیاوانی ئاینی كەمتر كاریگەرییان بەسەر خەڵكەوە ماوە، لە ئەنجامی گەشەی تەكنەلۆجیا و گەیشتنی دەستی خەڵك بە جیهانەوە لە ڕێی ئینتەرنێتەوە، بەڵام توێژەی بژاردە و بەرپرسە باڵاكانی سوپا و هێزەكانی تەناهی ئێستە بوونەتە كۆڵەگەی پشتی مانەوەی ڕژێمی ئیسلامی بە بەهێزی و وەستانەوە بەرانبەر بەو هەموو شەپۆلی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەی كە لە 2009ەوە تا ئێستە ئەنجام دراون. بۆ شكستی ڕژێمەكەیش پێویستە سەرەتا دابەشبوون و لەتبوون و جیابوونەوە لە ڕیزەكانی توێژی بژاردە و ڕێزی دامەزراوە تەناهییەكانی وڵات دروست بكرێت، تا بتوانرێ بە تەواوی و بەشێوەیەكی یەكجاری ڕژێمی ئیسلامی كۆتایی پێ بهێنرێت و ئێران ئازاد بكرێ لە دەستی عەمامە بەسەرەكان.

دروستبوونی شەپۆلی تووڕەیی و ناڕەزایی خەڵك لە تەواوی ئێران كارێكی قورس نییە و زۆر دووبارە دەبێتەوە، بەڵام سەرجەم جارەكان ئەنجامێكی ئەوتۆی بەدەست نەداوە، چونكە چینی بژارە و توێژی باڵای سەركردەكانی ئەرتەش و هێزەكانی تر بەردەوام دڵسۆزی خۆیان بۆ ڕژێمەكە دووپات دەكەنەوە، بەمشێوەیەیش هیچ گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ دروست نابێ و سەرەنجام خۆپێشاندانەكانیش بێهیوا دەبن لە دروستكردنی گۆڕانكاری، بۆیە كۆتایی بە شەپۆلەكانی ناڕەزایەتیی  لە ئێران دەهێنرێت.

ئەوەی كە لەو خۆپێشاندان و ڕاپەڕینەی ئێستە هەیە جیاوازە، زۆربوونی ژمارەی شەهید و بریندارانە كە تا ئێستە زیاتر لە 326 كەس كوژراون و لە ژمارەیش 43 منداڵ بوونیان هەیە، جیا لەوەیش ڕژێم 21 كەسی تریان لەسەر خۆپێشاندانەكان لەسێدارە داوە، لە خۆپێشاندانەكانی پێشوو ژمارەی قوربانییەكان بەم ئاستە بەرز نەبوو، هەر ئەمەیش بەهۆكارێكی بەردەوامی خۆپێشاندانەكان و تووڕەبوونی زیاتری خەڵك دەبێت. سەرەڕای ئەوەیش خۆپێشاندانەكانی ئەمجارە بوێری زۆر زیاتری تێدایە بە بەراورد بەوانەی پێشخۆی و خەڵكی بە ئاشكرا دروشم دژی ڕژێم دەڵێنەوە و باكیان بە پۆلیس و هێزەكانی ڕژێم نییە و بەردەوام دروشمی "ڕژێمی ئیسلامیمان ناوێت" لە خۆپێشاندانەكان دەگوترێتەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە كە دوای نەمانی ئەو ڕژێمە خەڵكی داوای چی دەكەن و بەرنامە و پلان بۆ دوای ڕژێم چییە، لەلایەن هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە؟ ئایا حوكمی پاشایەتی وەك پێش شۆڕشی ئێران لە 1979 دەگەڕێتەوە، یان سیستەمێكی دیموكراسی و ئازاد لە ئێران جێگیر دەكرێت. هەموو ئەمانە پێویستە لێكدانەوە و گفتوگۆیان لەسەر بكرێ، چونكە بەرپاكردنی شۆڕشێك بێ بەرنامەڕێژی بۆ دوای سەركەوتن، دۆخی وڵات هاوشێوەی لیبیا لێ دەكات، بۆیە پێویستە بەرهەڵستكاران وریا بن و ژیرانە هەنگاوی ڕژد بهاوێژن.



وشە - تایبه‌ت