خۆپێشاندان له ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان درێژه‌ی هه‌یه، دوێنێ هه‌ینی له ده‌یان شاری ئێران خه‌ڵك هاتنه سه‌ر شه‌قام و پاڵپشتییان له كوردستان كرد، خۆپێشاندانیش تا به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌موو به‌رده‌وام بوو.
خۆپێشاندانه سه‌ره‌كییه‌كه له زاهیدان به به‌شداری ده‌یان هه‌زار كه‌س ده‌ستی پێ كرد و خه‌ڵك به دروشمی كوردستان ته‌نیا نییه به‌لووچ پشتیوانییه، ده‌ستیان پێ كرد و حكوومه‌تیش به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی دا سه‌ركوتیان بكات. زۆربه‌ی خۆپێشاندانه‌كانی زاهیدان له رۆژی هه‌ینیدا ده‌كرێن و خه‌ڵك له دوای نوێژی هه‌ینی ناڕه‌زایه‌تی خۆیان ده‌رده‌بڕن.
له ئێواره‌وه خۆپێشاندان له تاران، ئیسفه‌هان، كه‌ره‌ج و چه‌ند شارێكی تری ده‌ستی پێ كرد و به گوتنه‌وه‌ی دروشمی جیاواز، پاڵپشتییان له كوردستان كرد.
خۆپێشاندانه‌كانی تاران له گه‌ڕه‌ك و شارۆكه‌كانی چیتگه‌ر، ئیكباتان، پوونه‌ك، نازی ئاباد، موشیریه، تێهرانسه‌ر، تێهران پارس، سه‌عاده‌ت ئاباد و حه‌وت حه‌وز به‌ڕێوه چوو، دروشمی سه‌ره‌كیی خۆپێشانده‌ران رووخانی كۆماری ئیسلامی بوو.
448 كه‌س كوژراون كه 63 كه‌س له‌وانه منداڵن.
به‌پێی نوێترین راپۆرت كه ماڵپه‌ڕی كۆمه‌ڵه‌ی چالاكانی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی كردووه‌ته‌وه، له ماوه‌ی خۆپێشاندانه‌كانی نزیك به دوو مانگ و نیوی رابردوو، 448 كه‌س كوژراون كه 63 كه‌س له‌وانه منداڵن. هاوكات سێ هه‌زار و 312 كه‌س گیراون كه ناوه‌كانیان ئاشكرا بووه و ته‌نیا دوێنێ 78 كه‌سی تر گیران.
ژینا له 13ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ر له‌گه‌ڵ براكه‌ی، بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی خزمانی سه‌ردانی تارانی كردبوو، به‌ڵام له نزیك میترۆ له‌لایه‌ن پۆلیسی ئاداب به پاساوی جێبه‌جێنه‌كردنی رێساكانی باڵاپۆشی، ده‌گیرێت و سه‌عاتێك دوای گرتنی به بێهۆشی ده‌گه‌یه‌نرێته نه‌خۆشخانه و دوای سێ رۆژ مانه‌وه له نه‌خۆشخانه، گیان له ده‌ست ده‌دات. ده‌گوترێ ژینا له كاتی گواستنه‌وه بۆ بنكه‌ی پۆلیسی ئاداب، له رێ له سه‌ری دراوه، بۆیه تووشی ئه‌و دۆخه ناله‌باره بووه. له 17ی ئه‌یلووله‌وه كه ژینا به خاك سپێرا، خۆپێشاندان ده‌ستی پێ كردووه و بۆ ته‌واوی شاره‌كانی تری ئێران گواستراوه‌ته‌وه، ئێرانییه‌كان به هه‌موو نه‌ته‌وه و مه‌زه‌و و پێكهاته جیاوازه‌كان، داوای رووخانی رژێمی كۆماری ئیسلامی ده‌كه‌ن.