بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی بۆ هاوسەران: لەكاتی سەرجێی كۆندۆم بەكار بێنن

:: PM:07:23:01/12/2022 ‌
ئەمڕۆ كە هاوكات بوو لەگەڵ رۆژی جیهانی ئایدز، بەپێی ئامارەكان ساڵانە لە هەرێمی كوردستان چەند حاڵەتێكی نەخۆشی ئایدز تۆمار دەكرێن، پزیشكان وریایی دەدەنە هاوسەران خۆیان بپارێزن تا تووشی نەخۆشی ئایدز نەبن.

ئایدز نەخۆشییەكی گوزراوەیە لە ڕێی سێكسەوە، بەپێی راپۆرتە جیهانییەكان زیاتر لە وڵاتە دواكەوتووەكاندا بەهۆی كاری لەفرۆشی تۆمار دەكرێ.

رزگار عەلی بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی سلێمانی  وریایی دەدات و دەڵێ‌، بۆ ئەوەی هەمووان سەلامەتبن، پێویستە خۆیان بپارێزن لە نەخۆشی ئایدز و هاوسەرانیش تا پارێزراوبن پێویستە لە كاتی سەرجێیی كۆندۆم بەكاربێنن.

ئەو روونی كردووەتەوە كە ژنی تووشبووی ئایدز ئەگەر دووگیان بێ‌ ئەوە منداڵەكەی ناو سكیشی تووش دەبێ.

بەپێی ئامارەكان، ئێستە لە سەرانسەری دنیا نزیكەی 400 هەزار تووشبووی ئایدز هەیە، ساڵانە لە نێوان 600 بۆ 650 هەزار كەس لە دنیا بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیان لە دەستدەدەن، لە سلێمانیش تا ئێستە 10 كەس هەڵگری ئایدزە كە خەڵكی پارێزگاكەن بەدەر لەوانە لە دەرەوە هاتوون و لە سلێمانی نیشتەجێبوون.

شوان قادر سەرۆكی سەندیكای پزیشكانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئایدز زیاتر لەو كەسانە دەردەكەوێت و تووش دەبن كە سێكس لەگەڵ زۆر ژن ئەنجام دەدەن، ئەوانەی كە بەشێوەی پاك و رێكوپێك سێكس لەگەڵ هاوسەری خۆیان دەكەن تووشی نەخۆشییەكە نابن.

روونیشی كردەوە، بەكارهێنانی كۆندۆم بەشێوەیەكی گشتی باشە بۆ ئەوەی نەخۆشی بڵاونەبێتەوە، لە هەمووی باشتر ئەوەیە كەسەكان وەرزش بكەن و خۆیان بەدووربگرن لە ستریس و قەرەباڵغی، كەسەكە مەناعەی باش بێت و خواردنی باش و ژینگەی پاك.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - وشه‌