سەركردەی داعش چۆن كوژراوە؟

:: PM:08:01:01/12/2022 ‌

لە پەیامێكی دەنگی كورتدا گوتەبێژ بەناوی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، كوژرانی سەركردەی رێكخراوەكەی راگەیاند و ناوی سەركردەی نوێشی ئاشكرا كرد، داوای لە ئەندامانی ئەو رێكخراوە كرد بەیعەتی پێ بدەن، ئەمەریكا دووپاتی لە كوژرانی سەركردەی داعش كردەوە، بەڵام وردەكاری كوژرانی چییە؟

دوێنێ چوارشەم رێكخراوی تیرۆریستی داعش كوژرانی ئەبو حەسەن قورەشی، سەركردەی رێكخراوەكەی راگەیاند، ئەبی عومەر موهاجیر، گوتەبێژی داعش لە تۆمارێكی دەنگیدا كوژرانی ئەبی حەسەن هاشمی قورەشی، سەركردەی رێكخراوەكەی راگەیاند، دووپاتی كردەوە كە ئەبو حوسێن حوسێنی قورەشی لە شوێنی ئەو دانراوە، داواشی لە لایەنگرانی رێكخراوەكە كرد بەیعەتی پێ بدەن.

لە 27ی تشرینی یەكەمی 2019 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی، سەركردەی رێكخراوی داعشی لە پارێزگای ئیدلبی سووریا لەلایەن هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا راگەیاند، لە 3ی شوباتی 2022یش جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا كوژرانی ئەبو ئیبراهیم هاشمی قوڕەیشی، سەركردەی رێكخراوی داعشی لەلایەن هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا لە ئیدلب لە نزیك سنوورەكانی توركیا راگەیاند.

بەپێی زانیارییەكان رووداوی كوشتنی ئەبو حەسەن قورەشی، سەركردەی داعش لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەم بووە، ئەوەش دوای ئەوەی گرووپێكی ناوخۆیی قورەشی و چەند یاریدەرێكیان لە شاری جاسم لە پارێزگەی درعا لە سووریا گەمارۆ دا، ئەویش خۆی تەقاندووەتەوە، ئەبو حەسەن لە دوای كوژرانی ئەبو ئیبراهیم قورەشی یان عەبدوڵا قارداش، سەركردایەتی داعش دەكات، كە ئەویش دوای گەمارۆدای لەلایەن هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا خۆی تەقاندەوە و كوژرا. 

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا دووپاتی لە كوژرانی سەركردەی داعش كردەوە و رای گەیاند كە لە كردەیەكی سوپای سووریای ئازاد لە پارێزگەی درعا لە ناوەڕاستی تشرینی یەكەمی رابردوو كوژراوە، رەشید حۆرانی، چالاك لە دەرعا دەڵێت، ئەبو حەسەن هاشمی قورەشی لە 17ی تشرینی یەكەمی رابردوو لە دوای گەمارۆدانی لەناو خانووێك لەلایەن گرووپێكی ناوخۆیی، كە پێشتر لە ریزەكانی سوپای سووریای ئازاد كاریان دەكرد، لە شاری جاسم لە دەشتی باكوری درعا خۆی تەقاندووەتەوە.

روونی كردەوە، سەركردەی كوژراوی داعش لە درعا بە ئەبو عەبدورەحمانی عێراقی ناسراو بوو، ئەو ساڵێكە لەوێ دەژیت و ژنێكی خەڵكی دەرعای هێناوە، كێڵگەیەكی لە شاری جاسم كڕی و خانووێكی تیادا دروست كردبوو، لە 17ی تشرینی یەكەم لە كردەیەكی ئەو گرووپەی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سووریا كوژرا، كاتێك گەمارۆیان دا و ویستیان بیگرن، ئەویش خۆی تەقاندەوە. 

حۆرانی دەڵێت، بەر لە كوشتنی، قورەشی دادگەیەكی لە شاری جاسم دامەزراندبوو، كە 400 مەتر لە بازگەیەكی هێزەكانی حكوومەتی سووریا دوور بوو، ئەو دادگەیە بوونی ئەندامانی رێكخراوەكەی ئاشكرا كرد و بووە هۆی هێرشكردنە سەریان، روونی كردەوە، ژمارەی ئەندامانی داعش بەر لە هێرشەكە لە شاری جاسم لە سەرووی 200 كەس بووە، بە فەرماندە و شەڕوانەوە.

لەبارەی كاری ئەو دادگایەی داعش، سەرچاوەیەك دەڵێت، دوای ئەوەی ئەندامانی داعش كۆنترۆڵی شاری جاسمیان كرد، دادگەیەكی تایبەتی داعشیان دامەزراند بۆ دادگاییكردنی ئەوانەی پێشێلكاری رێنوێنییەكانیان دەكەن، هەروەها فەرمانی كوشتن بۆ نەیارانی رێكخراوەكە دەردەكەن، لەوكاتەی هێزەكانی سووریا لاریان نەبووە لەوەی رووی داوە.

حۆرانی روونی كردەوە، رژێمی سووریا رۆڵێكی گەورەی لە ئاسانكاری بۆ جموجۆڵی فەرماندە و ئەندامانی داعش لە درعا كردووە، بەتایبەتی لەبارەی كردنەوەی دادگەكە و بڕینی ئاو و كارەبا لەسەر شاری جاسم لەكاتی هێرشی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بۆ سەر داعش لە ناوچەكە و بۆردمانكردنیان، سەرەتا سوپای سووریا ویستی ئەو شانانەی داعش بپارێزێت، بەڵام دواتر رای گەیاند كە هێزەكانی ئەویش بەشداریان لە هێرشەكەدا كردووە.  

محەمەد درعاوی، چالاك لە دەرعا دەڵێت، ئەو ژنەی قورەشی هاوسەرگیری لەگەڵ كردووە ناو مەیسوون سەڵخدییە و ئەو خانووەی تیایدا ژیان بەناوی خۆی كردووە، بەڵام بە ناسناوی خێزانەكەی، بۆیە ئەو تا پێش كوژرانی ناوی ئەبو عەبدورەحمان سڵخدی بەكار هێناوە، لە هێرشەكەش لەپاڵ وەلید بەیرووتی و ئەبو حەسەن شامی و ژمارەیەكی تر لە فەرماندە و ئەندامانی رێكخراوی داعشەوە كوژرا، كە ژمارەیەكیان توونسی بوونە. 

درعاوی هۆكاری كوشتنەكەی ئاشكرا كرد و گوتی، بەر لە كوژرانی شانەكانی داعش كاریان بۆ كردنەئامانجی فەرماندە و ئەندامانی پێشووی گرووپەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كردووە، ئەوەش بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی زیاتریان بەسەر شاری جاسم.

هەر بەپێی زانیارییەكان لە هێرشەكەدا ژمارەیەك ئەندامی سوپای ئازاد كوژراون و قورەشی و هاوەڵانی لەناو سێ خانوو گەمارۆ دراون، دوای ئەوەی چەكدارانی سوپای ئازاد توانیویانە بچنە ناو خانووەكانەوە، قورەشی خۆی و هاوەڵێكی خۆیان بە دوو پشتێنەی بۆمبڕٍێژكراوەوە تەقاندووەتەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل