مەرجەكانی رازیبوونی ئەمەریكا بە سوودانی ئاشكرا دەبێت

:: PM:09:58:01/12/2022 ‌

محەمەد شیاع سوودانی، كاندیدی نووری مالیكی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی نزیك لە ئێران بوو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، تا مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ پێشبینی نەدەكرا بەو ئاسانییە پۆستەكە وەربگرێت، بەڵام كتوپڕ دۆخەكە گۆڕا و سەدرییەكانی تەواو بێ دەنگ بوون، لە 13ی تشرینی یەكەم دانیشتنی دیاریكردنی سەركۆمار و راسپاردنی سوودانی هاتە سازكردن، بەڵام ئەمەریكا چۆن بە سوودانی رازی بوو؟

ناوەندی عەرەبی لە واشنتن وردەكاری وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەلایەن محەمەد شیاع سوودانییەوە ئاشكرا دەكات، دووپاتی دەكاتەوە كە بەر لە وەرگرتنی پۆستەكە، سوودانی لەگەڵ باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق كۆبووەتەوە و رێككەوتنیان لەسەر چەند خاڵێك كردووە.

ناوەندەكە بەشێك لە خاڵەكانی ئاشكرا كردووە، لە راپۆرتێكدا دەڵێت، لە دوای دابەشكردنی پۆستەكانی حكوومەتەكەی، سوودانی پۆستی سەرۆكی دەزگەی هەواڵگری نیشتمانی بە سەرپەرشتی خۆی هێشتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی پێشوەختە لەگەڵ ئەمەریكا هات، بە مەبەستی پێدانی گەرەنتی بە واشنتن بە جێبەجێكردنی مەرج و خواستەكانی تا ئاستێكی دیاریكراو لە عێراق. 

روونی كردەوە، ئیدارەی ئەمەریكا دەیویست مستەفا كازمی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق بەردەوام بێت، واتە سوودانی رەت دەكردەوە، تا كاتی پرسەكە لە نێوان هەردوولا چارەسەر كرا، ئەوەش لە رێگەی دیدارێك لە نێوان سوودانی و ئیلینا رۆمانۆفسكی، باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق.

وەك ئەو ناوەندە دەڵێت، لەو دیدارەدا باسی مسۆگەركردنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و دووپاتكردنەوەی سوودانی لەسەر پەرەپێدانی پێوەندییەكانی ئەمەریكا و عێراق و سووربوونی لەسەر بەهێزكردنی كراوە، جیا لەوەی ئەمەریكا گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە سوودانی ناكەوێتە ژێر دەسەڵاتی راستەوخۆی تاران.

ناوەندەكە دووپاتی كردەوە، هێشتنەوەی پۆستی سەرۆكی دەزگەی هەواڵگری لەلایەن سوودانی بە سەرپەرشتی خۆی، لەسەر داواكاریی ناراستەوخۆی ئەمەریكا و بەدەستپێشخەریی سوودانی بوو، ئەوەش بە مەبەستی بەدەستهێنانی پاڵپشتی ئەمەریكا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران لە بری كازمی، كە ئەمەریكا دەیویست لە پۆستەكەی بمێنێتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل