چەواشەكارییەكی نوێ‌ ئاشكرا بوو

:: AM:11:46:02/12/2022 ‌
میدیاكانی یەكێتی دوای ئەوەی بێ‌ هیوا بوونە لەوەی كە هیچ كارێكی باش لە تیمی یەكێتی بۆ سنووری سلێمانی نەكراوە ئێستە هەڵساون بە بڵاو كردنەوەی هەواڵی چەواشەكاری و فەرمانێكی سەرۆكی حكوومەت كە بەشێك خەونی كەسوكاری ئەنفالكراوانی هێنایە دی بۆ خۆیان بەكار دەهێنن.

بە فەرمانی ژمارە (3339)ی ڕۆژی 23ی 11ی 2021ی مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە و تێیدا بڕیار دراوە زەوی بۆ 11141 میراتگری شەهیدان و ئەنفالكراوان و جینۆساید و زیندانی سیاسی و ڕزگاربوانی شاڵاوی ئەنفال لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان تەرخان بكرێت، ئەویش دوای وردبینیی تەواوی ناوەكان و دڵنیابوونەوە لە مەرجەكانی تەرخانكردنی زەوی.

لەو كاتەوە ئەو هەنگاوە لە شارەكان جێبەجێ‌ دەكرێ‌، بەڵام بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو، دوێنێ‌ میدیاكانی یەكێتی بڵاویان كردەوە بەفەرمانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان 260 پارچە زەوی لە چەمچەماڵ و شۆرش و تەكیە بەسەر زیندانیانی سیاسیدا دابەشكرا.

ئەوەی جێی پرسیارە لای هاووڵاتییان جێگری سەرۆكی حكوومەت مانگێكە لە ئەنجوومەنی وەزیران دەوامی نەكردووە بە گوتە خۆی ناڕازییە ئەو فەرمانەی لە كوێ‌ دەركردووە و چۆن رێكارە ئیدارییەكانی تەواو كراوە.

كابینەی نۆی حكوومەت و خودی سەرۆكی حكوومەت لە خزمەتكردنی تەواوی هاووڵاتییانی كوردستان بەبێ‌ جیاوازی بەردەوامە و هەمیشە هەوڵی داوە جیاوازی حزبی و بۆچوون كاریگەری نەكاتە سەر خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتییان.






وشە - رامیار جەواد