بەیاننامەی حكوومەتی هەرێم لەبارەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر

:: PM:10:01:26/04/2024 ‌
هێرشێكی درۆنی كرایە سەر كێڵگەی كۆرمۆر و بەهۆیەوە چوار كرێكاری یەمەنی شەهید بوون، حكوومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، لەكاتێكدا كە هەنگاوەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان خێرا دەكرێن، دەستی خراپەكاری و تێكدەرانە جارێكی تر كێڵگەی غازی كۆرمۆریان كردە ئامانج و هاوكات لە بەیاننامەكەیشدا داوای هاوئاهەنگی و هاوكاری بەپەلە لە دەزگا پێوەندارەكانی حكوومەتی فیدراڵ دەكات بۆ دۆزینەوەی بكەرانی كارەكە. 

ئەمڕۆ هەینی 26ی نیسانی 2024، پێشەوا هەورامی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، لەماوەی ڕابردوو هەوڵی باش دراوە بۆ باشتر کردنی کەرتی وزە و ژێرخانی ئابووری لە عێراق و بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان، و لە کاتێکدا کە هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خێرا دەکرێن، دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی تر لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی غازی کۆرمۆرییان کردە ئامانج کە بەداخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهیدبوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووەو کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.

هەورامی روونی كردووەتەوە كە ئەم هێرشە دووبارانە پێویستە ڕابگیرێن و داوای هاوئاهەنگی و هاوکاری بەپەلەی كردووە لە دەزگا پێوەندارەكانی حکوومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە بدۆزرێنەوە و ڕادەستی یاسا بکرێن و ڕێگری یەکجاری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارانە.

لە كۆتایی بەیاننامەكەی گوتەبێژی حكوومەتدا هاتووە، داواکارین لە خودای گەورە کە جێگای شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش شیفایان بۆ بێت.

جێگەی ئاماژەیە، ئەمڕۆ هەینی 26ی نیسانی 2024 هێرشێكی درۆنی كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر و هەردوو وەزارەتی سامانەسروشتیەكان و كارەبای حكوومەتی هەرێمیش لە ئاگادارییەكیاندا بەهۆی هێرشەكە رایان گەیاند، ئاگەداری هاوبەشانی كارەبا دەکەینەوە بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.

لە ئاگادارییەكە ئاماژە بەوەیش كراوە،  ستافی هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لەگەڵ لایەنە هاوبەشەکانیان لە هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و دووبارە دەستپێکردنەوەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا.


وشە - پۆڵا مەحموود