نووسەرێكی سلێمانی داوا لە دەزگاكانی هەولێر دەكات كتێبێكی بۆ چاپ بكەن

:: PM:02:34:03/01/2023 ‌
نووسەرێكی دیاری سلێمانی كە هاوكات پێشمەرگەیەكی دێرینی كوردستان بووە لە ریزی یەكێتیدا، دوای ئەوەی پێوەندی بە چەند دەزگایەكی چاپ و كتێبخانە لە سلێمانی كردووە بۆ چاپكردنی كتێبەكەی و بێ ئومێدیان كردووە، داوا لە دەزگاكانی هەولێر و دهۆك دەكات پێوەندی پێوە بكەن بۆ چاپی كتێبەكەی.

شەهاب كەریم پێشمەرگەی دێرینی كوردستانە و ئێستە ساڵانێكە لە ئەڵمانیا دەژی، ئاگەداری ورد و درشتی رووداوەكانی شۆڕشی نوێیە و خۆی كەسێكی چالاكی پارتیزان و پێشمەرگایەتیی بووە و لە فەیسبووكی خۆیەوە زۆرجار پەردە لەسەر دیاردە دزێوەكانی سەردەمی پێش راپەڕین لەناو بەرپرساندا هەڵدەماڵێ. ئێستە دەیەوێ كتێبێكی تر چاپ بكات.

كەواتە ئازادی ڕادەربڕین و مافی تاكی ناو كۆمەڵگە بوونی نابێت، لە شوێنێكدا كە نەتوانی بۆچوونی خۆی دەربڕێت
شەهاب كەریم دەڵێت، لە سلێمانی كتێبخانەكان داوای لێبووردنیان لێ كردم لەوەی ناتوانن كتێبەكەم بۆ بڵاو بكەنەوە. هەر خۆی دەڵێ "كەواتە ئازادی ڕادەربڕین و مافی تاكی ناو كۆمەڵگە بوونی نابێت، لە شوێنێكدا كە نەتوانی بۆچوونی خۆی دەربڕێت".

شەهاب كەریم لە نووسینێكدا لە فەیسبووكی خۆی بڵاوی كردووەتەوە، داوا لە خاوەن كتێبخانەكانی شاری زاخۆ، دهۆك، هەولێر، كۆیە و كەركووكی بابەگوڕگوڕ دەكات هەر كامیان ئامادەیی بڵاوكردنەوەی كتێبەكەیان هەیە، پێوەندی پێوە بكەن، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی مەرجی بڵاوكردنەوەی بكەن.

"ناوەڕۆكی كتێبەكەم بریتییە لە گێڕانەوەی هەندێك لە تاوانی سەركردەكان و خستنەڕووی مووچە و ئاشكراكردنی فایلی بەعسیبوونی هەندێك لە بەرپرس و دەستدرێژیكردنە سەر ئافرەت و پێشمەرگە، بە ئیعدامدانی كادرانی ناو یەكێتی و قەتلوعامی تێكۆشەرانی دێرینی حزبی شیوعی و ئەنفالی گوندنشینەكان، تیرۆركردنی هەندێك لە ئەندامانی بێتاوانی حزبەكان و لە ناوانیاندا شەهیدكردنی كەسایەتیی ناوداری شاری سلێمانی عەلی بۆسكانی" كەریم وای گوت.

ئەو نیگەرانییەی شەهاب كەریم كەسایەتیی ناسراو و حەقبێژی سلێمانی كە لە بست بە بستی مێژووی خەباتی شارەكەدا لە شۆڕشی نوێ بەشدار بووە،  لە كاتێكدا بەرپرسانی ئەو شارە بەردەوام باس لە ئازادی دەربڕین دەكەن و هەركەسێكیش ئازاد و جیاواز بێت لە خۆیان، توندوتیژی بەرانبەر دەنوێنن یاخۆ هانی داودەزگای شارەكە دەدەن پشتگوێی بخەن.

لە شاری سلێمانی دەیان دەزگای چاپ و سەتان كتێبخانە هەن، ژمارەیەكیان زۆر دیار و بەرچاون و خۆیان پێ سەربەخۆ و چالاكە، بەڵام دیارە ناتوانن ئازاد بن لە چاپەمەنیدا.

لە هەرێمی كوردستان بەپێی یاسا، چاپەمەنی هیچ سانسۆرێكی لەسەر نییە و تەنیا بە نووسراوێك یان نامە، ژمارەی سپاردن لە وەزارەتی رۆشنبیریی وەردەگیرێ.


وشە - رامیار جەواد