ده‌یان پڕۆژه‌ی رێگه‌وبان له هه‌رێمی كوردستان له جێبه‌جێكردندان یان ئاماده‌ن بۆ جێبه‌جێكردن كه كۆی تێچوویان ده‌گاته تریلیۆنێك و 500 ملیار دینار، به‌ڵام به‌شی زۆریان كێشه‌ی ته‌رخانكردنی بودجه‌یان هه‌یه. دكتۆر ئاگرین عه‌بدوڵا بریكاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردن، له چاوپێكه‌وتنێكی ''وشه''دا تیشك ده‌خاته سه‌ر كار و پڕۆژه‌كانی رێگه‌وبان و باس له‌وه ده‌كات، پڕۆژه‌كانی رێگه‌وبان له سنووری سلێمانی، له بانكه‌كانه‌وه پاره‌یان بۆ خه‌رج ناكرێت و پڕۆژه‌ی پرد و رێی تووه‌قوت له هه‌ڵه‌بجه‌ش، هه‌مان گرفتی هه‌یه بۆیه كاری تێدا ناكرێت.
ئایا پلانی ساڵی 2023 دانراوه له‌باره‌ی پڕۆژه و رێگه‌وبان و بودجه‌ی پڕۆژه‌كان؟
نووسراوێكمان له وه‌زاره‌تی پلاندانانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێگه‌یشتووه، ئێمه‌ش وه‌ك وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ین پلانی ساڵی 2023 دابنێین.
بۆ پڕۆژه دووسایده ستراتیجییه‌كان چی كراوه؟
زۆربه‌ی پڕۆژه دووسایده‌كان له ساڵی رابردوودا له سلێمانی كاریان تێدا نه‌كرا، له‌به‌رئه‌وه‌ی له بانكه‌كانی سلێمانییه‌وه پاره دابین نه‌ده‌كرا بۆ ئه‌و پڕۆژانه، ته‌نیا پڕۆژه‌یه‌ك كه له ساڵی 2022 له ئاكرێ ته‌واو بوو، قۆناغی یه‌كه‌می به دووسایدكردنی رێی ئاكرێیه به‌ره‌و هه‌ولێر و قه‌ندیل.
گرفتی سه‌ره‌كی پڕۆژه دووسایده‌كانی سلێمانی چییه؟
ته‌نیا ته‌رخان نه‌كردنی پاره‌یه بۆیان له بانكه‌كانی سنووره‌كه، له ساڵی رابردوودا به‌هۆی ئه‌و گرفتانه پاره‌یان بۆ خه‌رج نه‌كرا، ته‌نیا رێی ده‌ربه‌ندیخان-كه‌لار بڕیار بوو هه‌فتانه 200 ملیۆن دیناری بۆ خه‌رج بكرێت، ئه‌ویش ته‌نیا 12 قیستی له ماوه‌ی چوار بۆ پێنج مانگ خه‌رج كرا و به‌رده‌وام نه‌بوو و نه‌توانرا وه‌ك پێویست بچێته پێشه‌وه، هه‌موو دووسایده‌كانی تری ئه‌و سنووره كه وه‌ستاون، كێشه‌ی پاره‌یان هه‌یه، بانكه‌كانی سلێمانی و ده‌وروبه‌ری ناتوانن نه‌ختینه دابین بكه‌ن بۆیان.
ته‌رخانكردنیان هه‌یه؟
به‌ڵێ ئه‌و پڕۆژانه ته‌رخانیان هه‌یه له وه‌زاره‌تی دارایی و پلاندانان، به‌ڵام له بانكی ناوه‌ندی سلێمانی ناتوانرێ پێشینه‌كانیان بۆ خه‌رج بكرێت.
هێڵی ئاسنین چی به‌سه‌ر هات كه بڕیار بوو بكه‌وێته كار؟
ته‌نها له قۆناغی تاوتوێكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئابووریدایه و جارێ هیچ شتێك دیار نییه.
ساڵانه رێیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شار پێویستیان به هه‌ڵمه‌ت هه‌یه بۆ چاككردن و سیانه‌كردن، ئایا ئه‌و هه‌ڵمه‌ته ئه‌نجام ده‌درێت؟
به‌ڵێ، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاككردن و پاراستنی رێگه‌وبان هه‌یه له هه‌موو پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان، كاره‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له چاره‌گی چواره‌می ساڵی 2022 سه‌رۆكی حكوومه‌ت مانگانه یه‌ك ملیار دیناری ته‌رخان كرد وه‌ك سولفه‌ی سیانه‌ی رێگه‌وبانه‌كان، ئه‌وه‌ش گۆڕانكاری جۆریی به‌سه‌ر ئیشه‌كان هێنا و هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی فراوانتر كرد، ئه‌گه‌ر له ساڵی 2023 ئه‌و پاره‌یه مانگانه به‌رده‌وام بێت، كاری زۆر باش ده‌كرێت له رێیه‌كان و چاككردنیان و له زۆربه‌ی رێیه‌كان به‌رده‌وام تیمی چاككردن هه‌یه.
له چاره‌گی چواره‌می ساڵی 2022 سه‌رۆكی حكوومه‌ت مانگانه یه‌ك ملیار دیناری ته‌رخان كرد وه‌ك سولفه‌ی سیانه‌ی رێگه‌وبانه‌كان
وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه وه‌زاره‌تێكی خزمه‌تگوزاره، بودجه‌ی ساڵانه‌ی چه‌ند پێویسته بۆ رێگه‌كان؟
ساڵانه له نێوان 150 بۆ 175 ملیار دینارمان به كاش پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین پڕۆژه‌كانی رێگه‌وبان و قیرتاو و چاككردن و رێی سه‌ره‌كی و لاوه‌كی و رێی گوند و پرده‌كان و تونێل دروست بكه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه ته‌رخان بكرێت، كوردستان زۆر ده‌چێته پێشه‌وه، به‌ڵام له دوای ساڵی 2014 ئه‌و پاره‌یه‌مان بۆ ته‌رخان نه‌كراوه.
پڕۆژه‌ی پرد و رێی تووه‌قوتی هه‌ڵه‌بجه به‌كوێ گه‌یشت؟
ئه‌و پڕۆژه له پلاندایه و یه‌كێكه له‌و پڕۆژانه‌ی كۆدی هه‌یه و به‌ڵێنده‌ری له‌سه‌ره، به‌ڵام ئه‌ویش به‌هۆی نه‌بوونی پاره ده‌ستی به‌كاركردن نه‌كردووه، كۆمپانیاكان پێیان وایه ئه‌و پڕۆژه‌یه گه‌وره‌یه و بودجه‌كه‌ی 30 ملیاره، پڕۆژه‌ی بچووك پاره‌ی بۆ ته‌رخان نه‌كرێ، كه‌واته زۆر قورسه پڕۆژه‌ی گه‌وره پاره‌ی بۆ ته‌رخان بكرێت، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یه ده‌ستی به‌كاركردن نه‌كردووه، هه‌موو شتێك ئاماده‌یه بۆ پڕۆژه‌ی پرد و رێی تووه‌قوت، به‌ڵام گرفتی پاره هه‌یه.
پردی ده‌ربه‌ندی رانیه چی به‌سه‌ر هات؟
به‌شی زۆری كاره‌كانی ته‌واو كراوه و ئه‌ویش بودجه‌كه‌ی سه‌رووی 11 ملیار دیناره، ئومێدمان زۆره له ساڵی 2023 ته‌واو بكرێت، ئه‌ویش به‌مه‌رجێك ئه‌و به‌ڵێنه‌ی كه دراوه چه‌ند هه‌فته جارێك گوژمه‌یه‌كی 150 ملیۆن دیناری بۆ خه‌رج بكرێت له‌لایه‌ن ئیداره‌ی راپه‌ڕین، ساڵی 2022 ئه‌و پاره‌یه ته‌رخان كراوه و ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام بێت، ساڵی 2023 پرده‌كه ده‌كرێته‌وه.
بۆ پڕۆژه‌كانی ساڵی رابردوو ئه‌وانه‌ی كه ماون و راگیراون ته‌واو ده‌كرێن؟
ئه‌وه پێوه‌ندیداره به سویله‌وه، ئه‌گه‌ر پاره‌ی كاش دابین كرا و گوژمه‌ی به‌ڵێنده‌ره‌كان به تێر و ته‌سه‌لی خه‌رج كرا، هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌موو پڕۆژه‌كان ته‌واو بكه‌ین، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه له جێی خۆیان ده‌مێننه‌وه.
كۆی ئه‌و بودجه‌یه‌ی كه پێویسته بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كانی هه‌رێم چه‌نده؟
ده‌گاته تریلیۆنێك و 500 ملیار دینار، به‌ڵام ئه‌و بودجه‌یه بۆ یه‌ك ساڵ نییه، به‌ڵكو بۆ چه‌ند ساڵێكه و له نێوان سێ بۆ چوار ساڵ ده‌بێ دابین بكرێت.
سلێمانی\هۆشیار عه‌لی