"مەترسی لەسەر هەڵبژاردن هەیە و بەبێ پارتی هەڵبژاردن ناكرێت"

:: PM:10:06:02/04/2024 ‌

ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا، تیشك دەخاتە سەر چەند پرسێكی گرنگ، باس لەوە دەكات كە پیلانێكی دەرەكی دژی هەرێمی كوردستان هەیە و دەیانەوێت هەرێم لاواز بكەن، دووپاتی دەكاتەوە كە بەبێ پارتی كە هێزی یەكەمە، هەڵبژاردن ناكرێت.

*وەك دیارە دەست خراوەتە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەمە تا چەند خراپە؟

هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان یان لە هەر شوێنێكی تر پێویستی بە رێككەوتن هەیە، پرسێكی گرنگی نیشتمانییە، بەشدارینەكردنی پارتی لە هەڵبژاردن بەو جۆرەی ئێستە كە باس لە هەڵبژاردن دەكرێ و بڕیاری لەسەر دراوە، كە حزبێكی گەورەی سیاسی و خاوەن پێگەی ناوخۆیی و دەرەكییە و هێزی یەكەمە، سەركەوتوو نابێت، بگرە بەبێ پارتی هەڵبژاردن ناكرێ و سەریش ناگرێت و كێشەی بۆ دروست دەبێت، بۆیە پێویستە هەڵبژاردن رێككەوتنی پێشوەختەی لایەنەكانی لەسەر كرابێت.

*لەماوەی دوو ساڵی رابردوو پارتی داوای كرد هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام یەكێتی ئامادە نەبوو، كەچی ئێستە یەكێتی دەڵێت دەبێت هەڵبژاردن بكرێت، پێت وا نییە یەكێتی دەزانێت چی روودەدات؟

پارتی هیچ كات نەیگوتووە بەشداریی هەڵبژاردن ناكەم، بەڵكو دەڵێ بەو شێوەی ئێستە ناچێتە هەڵبژاردن، كە پێشوەخت بۆی كێشراوە چی روودەدات، لە كاتێكدا دەستوەردان لە پرۆسەیەكی گرنگی لەو شێوەیە هەبێت پارتی رەتی دەكاتەوە، بۆیە دەبێت رێككەوتن لەنێوان هەموو لایەنەكان بكرێت، چونكە مەترسی لەسەر رەوتی هەڵبژاردن هەیە و بەبێ پارتی هەڵبژاردن ناكرێت، یەكێتی كە دوو ساڵی داوای كرد پرۆسەكە دوا بخرێت و ئێستە دەڵێت دەبێ هەڵبژاردن بكرێت، ئەوە بە قسەی لایەنێك نابێت و دەبێت هەمووان رەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی بدەن.

*پێت وایە یەكێتی كە پێداگری لەسەر هەڵبژاردن دەكات، دەزانێت چی روودەدات و ئەنجامەكەی دیارە كە نەخشەی بۆ كێشراوە؟

گرفتەكە دەستوەردانە لە كاروباری هەڵبژاردن، كە دەستوەردان هەیە ئەوە شتێكی خراپە، هەڵبژاردنێك كە خەتی بۆ كێشرابێت لە داهاتوودا گرفتی زیاتر دروست دەكات، یەكێتی و پارتی لە رابردوو پێكەوە بڕیاریان لەسەر هەڵبژاردن داوە، ئێستەش ناكرێ پارتی بەو شێوەی ئێستە بەشداری نەكات، یەكێتیش دەڵێت بەشدار دەكەین و دەبێ بكرێت.

*رۆڵی دادگای فیدراڵی چۆن هەڵدەسەنگێنن، پێت وا نییە بڕیارەكانی دادگاكە ئەو دۆخەی دروست كردووە؟

دادگای فیدراڵیی عێراق رۆڵێكی خراپی گێرا، رێكارەكانی سیاسی بوون و دژی نەتەوە و پێكهاتەكان بوون، دەستوەردان بوو لە كاروباری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و دۆخی سیاسی، بۆیە نەدەبوو دادگای فیدراڵی كارێكی لەو جۆرە بكات.

* ئەگەر هەڵبژاردن بەبێ پارتی بكرێت كێشەكان چارەسەر دەبن؟

نەخێر بەبێ پارتی هیچ گۆرانكارییەك روونادات و هیچیش نابێت، بگرە گرفتەكان زیاتر دەبن، بۆیە بەهەمووان دەڵێین كە بەبێ پارتی هەڵبژاردن ناكرێت.

*پارتی كە بەشداریی هەڵبژاردن ناكات، پێت وا نییە هۆكارەكەی رەتكردنەوەی ئەو دۆخە سەپێندراوەی سەر هەرێمە كە دەیانەوێ جێبەجێی بكەن؟

بەڵێ، پارتی دەیەوێ بڵێت هیچ كەس مافی نییە بڕیار لەسەر سیاسەت و نەخشەی داهاتووی هەرێمی كوردستان بدات، پارتی بەتەنیا رووبەڕووی ئەوە بووەتەوە، هەڵبژاردنێك كە ئەنجامەكەی دیارە بەدڵی لایەنی دەرەكی دەبێت، ئەگەر دەستوەردان هەبێت كاریگەریی خراپی هەیە، چونكە هەڵبژاردن بابەتێكی نیشتمانییە و ناكرێ ئەوانەی لە دەوروبەرن بڕیاری لەسەر بدەن.

*ئەوەی كە كراوە گەلەكۆمە نییە دژی قەوارەی هەرێم؟

ئەوان لە دادگای فیدراڵییەوە نەخشەیان بۆ ئەوە كێشاوە، ئامانجیان ئەوە بوو و لەسەر ئەوە كاریان كردووە كە بۆ لاوازكردنی پێگەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، دەست لە كاروباری ناوخۆی هەرێم وەربدەن. 

دیمانەی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل