نیشانە سەرەتاییەكانی تووشبوون بە پاركنسۆن چییە؟

:: PM:06:53:28/01/2023 ‌

نەخۆشی پاركنسۆن حاڵەتێكە كار لە مێشك دەكات، مرۆڤ تووشی چەند كێشەیەك دەكات، لەوانە لەرزین و رەقبوونی ماسولكەكان، كە بە تێپەڕبوونی كات حاڵەتەكە زیاتر دەبێت، زۆر جار سەرەتاكەی بە لەرزینێكی سووك و هەست پێنەكراوی دەست، دەست پێ دەكات، بەگشتی جووڵەی لەش سست دەبێت، یان رەقبوونی رووخسار و نەجووڵانەوەی قۆڵ و باسكەكان لەكاتی رۆیشتن و قسەكردنیش نائاسایی دەبێت. 

بەتێپەربوونی كات نیشانەكانی زیاتر دەبن، چارەسەری بنبڕی نییە، بەڵام چەند دەرمانێك هەن یارمەتی سووككردنی نیشانەكانی دەدات و رەنگە پەنا بۆ نەشتەرگەریش ببرێت، هاوكات زوو ئاشكراكردنی یارمەتی كۆنترۆڵكردنی دەدات، وەك رۆژنامەی "سەن"ی بەریتانی دەڵێت، ژمارەیەك كارمەندی فریاكەوتن لە زانكۆی كاوناس لە لیتوانیا باسی ئەوە دەكەن كە نیشانەیەكی سەرەتایی ئەو حاڵەتە هەیە، ئەویش نەخۆشانی پاركنسۆن لە قۆناغە سەرەتاییەكان بە هێواشی و تەمبەڵییەوە قسە دەكەن.

لە توێژینەوەیەك بەشداران خرانە شوێنێكی دابڕاو بۆ دەنگەوە، لەو شوێنە دەنگی نەخۆشانی پاركنسۆن و كەسانی ئاسایی تۆمار كرا، لە رێگەی زیرەكی دەستكرد و بەرنامەی كۆمپیۆتەرەوە دەنگەكان شی كرانەوە و تێبینی گۆڕانكاری لە قسەكان كرا، واتە ئەوانەی گوێی مرۆڤ ناتوانێت لێكیان بكاتەوە، دەركەوت ئەوانەی ئەو حاڵەتەیان هەیە هێواشتر و هەڕەمەكیتر قسە دەكەن. 

ریتایس ماسكیلۆناس، توێژەر لە زانكۆی كاوناس دەڵێت، گرنگیمان بە دەستنیشانكردنی زووی نەخۆشییەكە و چاودێریكردنی كاریگەری چارەسەرییەكەی دا.

شارەزایان دەڵێن گۆڕانكاری لە قسەكردن نیشانەیەكی حاڵەتەكەیە، بەپێی دامەزراوەی تەندروستی بەریتانیا سێ نیشانەی سەرەكی بۆ پاركنسۆن هەیە، لەرزنینی خۆنەویستانەی چەند شوێنێكی لەش، سستبوونی جووڵە و رەقبوونی ماسولكە و نەمانی جیڕیەتییەكەی، جیا لەوانە ئەو كەسە تووشی خەمۆكی و رارایی دەبێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل