بۆ ئەوانەی كۆرۆنا مێشكی ئاڵۆز كردوون

:: PM:08:39:30/01/2023 ‌

تا ئێستە مەترسیی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەتەواوەتی یەخەی مرۆڤایەتی بەرنەداوە، هێشتا لە چەندان ناوچەی دنیا قوربانی هەیە، یەكێك لەو كێشە درێژخایەنانەی تووشبووان بەو پەتایە بەدەستییەوە دەناڵێنن، ئاڵۆزبوونی مێشك و بیركردنەوە و یادەوەریانە، كە بەتەمومژاوی مێشك دەناسرێت، لە خوارەوە چەند رێگەیەك باس كراوە بۆ سووككردنی حاڵەتەكە.  

كە باسی گژخواردن یان تەمومژاویی مێشك دەكرێت، واتە ئەو حاڵەتەی چەند نیشانەیەكی هەیە، وەك لاوازیی هۆشیاری و سەرنجخستنە سەر شتەكان و شپرزەیی و لەیادكردنی شتەكان، بەگشتی بیركردنەوە سست دەكاتەوە و بیرۆكەی نادیار و لەبیرچوونەوە قسەی بێ مانا دروست دەبێت، مێشك ماندوو دەردەكەوێت بە هاوشێوەی نەنوستن.

د. ئەنیشا باتیل، لەبارەی حاڵەتەكەوە دەڵێت، پێویستە ئەو كەسانە فێری شتی نوێ ببن بۆ پاراستنی كاركردنی ئاسایی مێشكیان، شتی نوێ وەك خولیا و پیشە، لەوانە دوورمان و سەماكردن، یان یاری مێشكییەكان، ئەوانە پارێزگاری لە چالاكیی مێشك دەكەن و یادەوەری و وریایی و سەرنجدان بەهێز دەكەن، خۆت رێك بخەوە و رۆژانە سێ شتی نوێ بخەرە ناو بەرنامەی ژیانت.

د. ئەمیرخان دەڵێت، واز لە جگەرەكێشان بێنە، كە یارمەتی گەیشتنی باشتری خوێن بۆ مێشك دەدات، پابەندی سیستمێكی ژیانی تەندروست ببە، خواردنەوەی كحول كەم بكەوە، كێشی لەشت ئاسایی بێت، نوستنی باشی شەوانەت هەبێت، ئەوانە هەمووی تەندروستی مێشك باشتر دەكەن.

بەگشتی دەتوانی ئەوانە بكەیت، رۆژانە فێری شتی نوێ ببە، كارەكانت زیاتر رێك بخەوە، ژیانێكی تەندروستت هەبێت، شەو بە باشی و بۆ كاتی پێویست بخەوە، لە هەوای كراوە هاتوچۆ بكە و گەشت بكە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل