فەردەی برنج چەند گران بووە؟

:: PM:12:43:04/02/2023 ‌
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی سلێمانی رای دەگەیەنێت، كێشەی حەواڵەی پارە لە سنووری سلێمانی هەیە و گرانبوونیش بەسەر كاڵاكان هاتووە، فەردەیەك برنجی پێنج كیلۆیی هەزار دینار گران بووە.

ئەمڕۆ شەموو چواری شوبات، دوای كۆبوونەوەی قایمقامییەتی سلێمانی بەمەبەستی زانینی دۆخی بازاڕ، سۆران غەفوور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانیی سلێمانی گوتی، راگرتنی حەواڵە كاریگەری خراپی لەسەر بازرگانانی ئەم سنوورە دروست كردووە و دەبێ ئەم كێشەیە بەزووترین كات چارەسەر بكرێت.

باسی لەوەش كرد، شت گران بووە، فەردەیەك برنجی پێنج كیلۆیی تەنیا یەك هەزار دینار گران بووە، شمەكەكانی تریش زۆر گران نەبوون، هەروەها لە دەسەڵاتی بازرگان نییە بێ بەڵگە نرخ بەرز بكاتەوە و رێ بە قۆرخكاریش نادەین.

روونی كردەوە، شوێنەكان چاودێری دەكرێن، دەسەڵاتمان هەیە گرانفرۆشان لە 50 هەزارەوە تا یەك ملیۆن و 500 هەزار سزایان بدەین و سزای داخستنیشمان هەیە، ئەوەیش ئەگەر دووبارەی بكەنەوە، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستە كەسمان سزا نەداوە بەهۆی گرانفرۆشییەوە.

لەبارەی كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار و رێگری لە گرانبوون گوتی، تا ئێستە هیچ میكانیزمێكمان نییە بۆ كۆنترۆڵكردنی بازاڕی دۆلارەكەی شاری سلێمانی.



وشە - رامیار جەواد