پێشنیاز دەكرێت مووچە بە دۆلار بدرێت

:: PM:06:59:04/02/2023 ‌

بێ رەچاوكردنی هۆكارەكەی، حكوومەتی عێراق و بانكی ناوەندی عێراق لەكێبەركێدان لەگەڵ كات بۆ ئاوەژووكردنەوەی هاوكێشەكە و دابەزینی نرخی دۆلار و هەڵكشانی نرخی دیناری عێراقی، ئەوان پێش سەردانەكەی واشنتن چیان بەبیردا بێت دەیكەن، پەرلەمانتارێكی عێراق پێشنیازێك دەخاتە روو بەوەی مووچە بە دۆلار دابەش بكرێت.

عەبدولكەریم عەبتان، پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت، دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییانی عێراق بەوەی نرخی دۆلار بۆ نرخی ئاسایی دەگەڕێتەوە، چونكە پرسی هەڵكشانی نرخەكەی كاتییە و بانكی ناوەندی چەندان رێوشوێنی بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخەكەی و بەقاچاخبردنی دۆلار پێڕەو كردووە.

روونی كردەوە، چارەسەرێك بۆ ئەو دۆخە ئەوەیە مووچەی فەرمانبەران بە دۆلار دابەش بكرێت، ئێمە هەزار چارەسەریمان بۆ تەنگژەكە هەیە، لەوانە دانی راستەوخۆی پارە بە خەڵك بۆ گۆڕینی دۆلار، دووپاتی كردەوە، پێویستە هەڵەكانی پێشوو كۆتایی بێت، واتە ئەو كێشانەی ئێمەیان گەیاندە ئەو دۆخەی ئێستە هەیە.

عەبتان داوای لە حكوومەت و لایەنی بەرپرسار كرد كە گرنگی بە كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ بدرێت، بۆ ئەوەی ببنە دەروازەیەكی ئابووری بۆ هاووڵاتییان و تەنیا پشتنەبەستن بە هاوردەكردن لە دەرەوە.

شایەنی باسە جیا لە بوونی تەنگژەیەك لە كەمیی دۆلاری خراوە روو لە بانكی ناوەندییەوە، كێشەی سیولە لە دراوی عێراقیش هەیە، واتە حكوومەت وشەكپارەی پێویستی عێراقی لەدەست نییە بۆ دانی مووچە، ئەوەش گوشارەكانی سەر حكوومەتی عێراقی زیاتر كردووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل