غه‌سان شربل سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی "
شه‌رق ئه‌وسه‌ت" چاوپێكه‌وتنێكی ورد و درێژی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی ئه‌نجام داوه و له ڕۆژنامه‌كه بڵاوكراوه‌ته‌وه و تێیدا شربل نووسیویه‌تی، هه‌ر جارێك سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی بكه‌م دیداره‌كه‌م ده‌بێته دیدارێكی سێقۆڵی، سته‌مه‌كانی سه‌دام حسێن ئاماده‌یی ده‌بێ و ده‌رگه به ڕووی یادگارییه‌كان و ڕابردوو ده‌كاته‌وه. ئه‌و دوو پیاوه چیرۆكه‌كه‌یان سه‌یر و سه‌رنجڕاكێشه، سه‌دام ده‌یه‌ویست رووحی نه‌ته‌وه‌گه‌ری گێڕانه‌وه‌ی شكۆ بۆ عێراق بهێنێته دی، له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌یشدا سه‌رۆك بارزانی له‌و بڕوایه‌دایه كه چاره‌نووسی ئه‌وه‌یه پارێزه‌ری ماف و خه‌ونی گه‌لی كورد بێت. سه‌دام به توندوتیژی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ داواكانی گه‌لی كورد ده‌كرد و له خراپترین دۆخیش شار و گونده‌كانی به‌سه‌ر یه‌كتر ده‌ڕووخاندن، به‌ڵام سه‌رۆك بارزانی سه‌رسه‌ختانه بۆ پارێزگاری و به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر ڕێبازی باوكی مه‌لا موسته‌فا بارزانی ڕێبه‌ری نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد هه‌نگاوی ده‌نا.
ئه‌و دوو پیاوه له هه‌نگاوی جیا جیا به‌ره‌و ڕووی یه‌كتربوونه‌وه و نه‌یانتوانی یه‌كتر بسڕنه‌وه، جار جار له پێناوی مافه‌كانی گه‌لی كورد و چاره‌سه‌ركردنی توندوتیژییه‌كان دانوستاندنیان ده‌كرد و جار جاریش گورزی كه‌مه‌رشكێنیان له‌یه‌كتر ده‌دا، به‌ڵام دوو ده‌یه پێش ئێسته چاره‌نووس ئه‌و ململانێیه‌ی یه‌كلایی كردووه و ئه‌مه‌ریكا جه‌نگی له دژی ڕژێمی به‌عس به‌رپا كرد و سه‌دام به ڕێگهگهی سه‌ركه‌وت تا گه‌یشت به په‌تی سێداره و سه‌رۆك بارزانیش له ژێر ئاڵای كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ مایه‌وه، هاوكات بارزانی سه‌ركه‌وتوو بوو له به‌دیهێنانی ئه‌و مافانه‌ی كه كورده‌كانی توركیا و ئێران و سووریا تا ئێسته شكستیان خواردووه به ده‌ستی بهێنن، جیا له‌وه سه‌رۆك بارزانی خه‌ونی یاسر عهرهفاتیشی به‌دیهێناوه، كه له نێوان ئه‌و و یاسر عه‌ره‌فاتیش پێوه‌ندییه‌كی سه‌رنجڕاكێش و به‌هێز بوونی هه‌بووه.
سه‌ره‌تای ئه‌م سه‌ده‌یه له عێراق به به‌رده‌وامی سوودوه‌رگرتنی كورده‌كان له ناوچه‌ی دژه فڕین ده‌ستی پێكرد، هاوكات له به‌غدایش ڕژێمی سه‌دام حسێن بوونی هه‌بوو، كه یارییان به چاو‌دێر و پشكنه‌رانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كرد، كه به دوای چه‌كی كیمیایی له عێراق ده‌گه‌ڕان، جیا له‌وه‌یش خۆیان له مه‌رج و مامه‌ڵه‌كانی پرۆگرامی "نه‌وت به‌رانبه‌ر خۆراك" ده‌دزییه‌وه، هه‌رچۆنێك بێ سه‌دام له دوا ده‌یه‌ی سه‌ده‌ی ڕابردوو و له دوای ئه‌و نسكۆیه‌ی له كوێت تووشی بوو، توانی ڕاپه‌ڕینی كورد و شیعه‌كان سه‌ركووت بكات و له ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه.
به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی ڕژێم خه‌ونه كۆنه‌كه‌یان زیندوو هێشته‌وه، كه بریتی بوو له ڕووخاندنی ڕژێمی به‌عس، به‌ڵام نه‌یانده‌توانی به‌و هێزانه‌ی هه‌یانه توانا سه‌ربازییه‌كانی ڕژێمی به‌عس تێكبشكێنن و هێزی ئاسمانی ئه‌مه‌ریكایش وه‌ك ئه‌وه نه‌بوو كه به‌كرێ بیگرن تا پشتیوانی ئاسمانیان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكات له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕژێمی به‌عس، بۆیه ده‌بوو بلهرزهیهك ڕووبدات و حساباته‌كان و هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه گۆڕانكاری گه‌وره‌یان لێ دروست ببێت، تا ئه‌و خه‌ونه بێته‌دی، ئه‌مه‌یش زۆر دوانه‌كه‌وت و كاتی یه‌كجار زۆری نه‌خایاند.
له یازده‌ی ئهیلوول/سێپتێمبه‌ری هه‌موو ساڵ یادگه‌ی كورده‌كان ده‌هه‌ژێ و زیندوو ده‌بێته‌وه، چونكه له‌و ڕۆژه‌دا و له ساڵی 1961 مه‌لا مسته‌فا بارزانی ده‌ستی به شۆڕشی كورد كرد كه پشكۆكهی به گه‌شی و به‌هێزی مایه‌وه تا ساڵی 1970 و ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حزبی به‌عس، كه ئه‌مه وایكرد به‌عس ده‌سه‌ڵاتی بۆ ناوچه‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه، له‌و ماوه‌یه‌یشدا له ته‌ك مه‌لا مسته‌فای بارزانی نه‌وه‌كانی بوونیان هه‌بوو له نێویشیان سه‌رۆك بارزانی.
كاتێك ئێمه ئێسته له 11ی ئهیلوول/سێپتێمبه‌ری 2001 بووین، سه‌رۆك بارزانی له دهۆك بوو و له ته‌كییه‌وه نه‌وه‌كه‌ی مه‌سروور بارزانی دانیشتبوو و سه‌یری شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنمان ده‌كرد، كاتێك فڕۆكه‌كان خۆیان به تاوه‌ره‌كان له ئه‌مه‌ریكا كێشا، له یه‌كه‌م چركه‌ساتدا مرۆڤ خه‌یاڵی ده‌كرد كه سه‌یری فیلمێك ده‌كات، به‌ڵام دواتر فڕۆكه‌یه‌كی تر خۆی به تاوه‌رێكی تر كێشا، كاتێكیش به دوای هه‌واڵه‌كاندا بگهڕابووایت، هه‌مووان دووپاتیان له‌وه ده‌كرده‌وه كه ڕووداوێكی مه‌زن و مه‌ترسیدار له ئه‌مه‌ریكا ڕوو ده‌دات، ئه‌وه دووربوو له‌وه‌ی گریمانه‌ی بكه‌ی، كه وڵاتێك به ئاشكرا بوێری ئه‌وه‌ی هه‌بێ هێرش بكاته سه‌ر تاكه هێزی مه‌زن له جیهان و ماڵه‌كه‌ی بڕووخێنێت و سیمبۆله‌كانی بكاته ئامانج و له‌م ئهركهیشدا سه‌ركه‌وتوو بێت.
ئه‌مه‌ریكا هێزێكی مه‌زنه و خاوه‌نی ئامرازی سه‌ربازی زۆر پێشكه‌وتووه تا دوورترین خاڵی گۆی زه‌وی، دواجار ئه‌وه ئاشكرا بوو كه ڕێكخراوی قاعیده له پشتی ئه‌و هێرشه‌وه‌یه، دوای ئاشكرابوونی ئه‌و ڕاستییه‌یش قوورس بوو پێشبینی ئه‌وه بكه‌یت، كه سه‌دام حسێنی دیكتاتۆر باجی ئه‌م هێرشه ده‌دات، گریمانه‌كردنی بوونی پێوه‌ندیش له نێوان ڕژێمی به‌عس و قاعیده كارێكی قورس بوو. هه‌ردوولا واته سه‌دام و بن لادن به ته‌واوی دژی یه‌كتربوون، به‌ڵام كاتێك تۆپه‌كه له گۆڕه‌پانی ئه‌مه‌ریكا بێت، له‌وانه‌یه دۆخه‌كه به جۆرێكی تر بێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بن لادن ڕژێمی به‌عسی به سیسته‌مێكی كافر و دژی ئاینی ئیسلام ناوده‌برد.
سه‌رۆك بارزانی ئه‌وكات سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو هه‌ستی به ده‌سپێكردنی قۆناغێكی نوێ له ناوچه‌كه و جیهان كرد و بۆ به‌رگرتن له مه‌ترسییه‌كانیش بڕیاری دا پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی جه‌لال تاڵه‌بانی به‌هێز بكاته‌وه و شاند و نوێنه‌ری ڕه‌وانه‌ی سووریا و ئێران و توركیا كرد، بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه و لێكدانه‌وه و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه بزانێت له كاردانه‌وه‌كان و ئه‌گه‌ره‌كانی ئه‌و هێرشانه‌ی كرایه سه‌ر ئه‌مه‌ریكا، هه‌رسێ وڵاته‌كه به‌رده‌وام پرسیاریان ده‌كرد و هه‌وڵی تێگه‌یشتنیان له كاردانه‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌دا، به‌ڵام نه‌یانده‌توانی بگه‌ن به وه‌ڵامێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه.
ئێران داوای شاندێكی تری كورده‌كانی كرد و ئه‌وانیش له هۆتێلی ئیستقلال له تاران پێشوازیان له شانده كوردییه‌كه كرد، كه به ئه‌نقه‌ست دیداری شانده كوردییه‌كه برابووه ئه‌و هۆتێله، چونكه له هه‌مان كاتدا شاندێكی ڕژێمی به‌عس به سه‌رۆكایه‌تیی تاهیر جه‌لیل حه‌بووش له تاران بوو، شاندی كوردی و به‌عس له هۆتێله‌كه یه‌كتریان بینی و سڵاویان له‌یه‌كتر كردووه. له‌و ماوه‌یه به‌غدا به ته‌واوی دوودڵ و نیگه‌ران بوو بۆ تێگه‌یشتن له قۆناغی نوێ و مه‌ترسییه‌كانی، بۆیه په‌یامیان بۆ سه‌رۆك بارزانی نارد، كه ئه‌وان ئاماده‌ییان هه‌یه هه‌موو شتێك قبووڵ بكه‌ن كه سه‌رۆك بارزانی داوای ده‌كات، به‌ڵام سه‌رۆك بارزانی دووپاتی له‌وه كردبووه‌وه، كه ئێسته زۆر دره‌نگه و دوای وێرانكردنی عێراق دێن داوای گفتوگۆ ده‌كه‌ن، هه‌ر ڕێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ڕژێم درێژه ناكێشێ و بۆ گرفتێكی گه‌وره و قورساییه‌كی مه‌زن له‌سه‌ر شانی گه‌لی كوردستان ده‌گۆڕێت.
ئه‌مه‌ریكا برینداربوو و له ناوخۆی خۆی ده‌كوڵا، جیهان چاوه‌ڕوانی ململانێی داهاتوو و تووڕه‌ییه‌كانی داهاتووی ده‌كرد، ساڵی 2002 سه‌ره‌تاكانی تێگه‌یشتن له كاردانه‌وه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ركه‌وتن، كه یارمه‌تی سه‌رۆك بارزانیان دا له هاوكێشه‌كان بگات. له 30 كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2002 جۆرج ده‌بلیوو بووش سه‌رۆكی ئه‌و كاتی ئه‌مه‌ریكا به توندی هێرشی كرده سه‌ر ڕژێمی به‌عس له عێراق و عێراق وه‌ك یه‌كێك له وڵاتانی میحوه‌ری شه‌ڕ ناوبرد، مانگێك دوای ئه‌وه‌یش كۆلن پاول وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به ئاشكرا دووپاتی له‌وه كرده‌وه كه پێویسته كۆتایی به ڕژێمی به‌عس له عێراق بهێنرێ و ئه‌مه‌ریكایش به ته‌نیا ئه‌و ئه‌ركه ده‌گرێته ئه‌ستۆ، ئه‌گه‌ر پێویست بكات، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاتی به‌ریتانیا تۆنی بلێر دوا نه‌كه‌وت و هه‌رزوو چووه پاڵ ئه‌و ئۆركسترایهی كه ئه‌مه‌ریكا مایسترۆكهی بوو.
سه‌رۆك بارزانی له‌و دیداره یادگارییه گرنگه‌كانی تایبه‌ت به‌و ڕووداوانه و ورده‌كارییه‌كان له‌گه‌ڵ "شه‌رق ئه‌وست" ده‌خاته ڕوو.
له 17ی شوبات/فیێبرایهری 2002 سه‌رۆك بارزانی پێشوازی له شاندێكی ده‌زگه‌ی هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا كرد، له دیداره‌كه شانده‌كه دووپاتیان له هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا كردووه‌ته‌وه و ڕسته‌كانی وه‌ك "ئه‌مه‌ریكا بڕیاری له ده‌سه‌ڵاتخستنی ڕژێمی سه‌دام حسێنی داوه و هێرش بۆ سه‌ر ڕژێمی به‌عس له كۆمه‌ڵێك میحوه‌ره‌وه ده‌بێت، ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه له یه‌كلاكردنه‌وه‌ی حساباته‌كان و ئێوه‌یش بانگهێشتكراون تا سه‌ردانی واشنتن بكه‌ن". له به‌رانبه‌ر ئه‌و قسانه‌دا سه‌رۆك بارزانی وه‌ڵامی داونه‌ته‌وه و گوتوویه‌تی، كورده‌كان پشتیوانی پشتیوانی له هه‌موو ئۆپراسیۆنێك ده‌كه‌ن كه كار بۆ هێنانه‌دی عێراقێكی دیموكراسی و فیدڕاڵی و فره بكات، بۆ ئه‌مه‌یش پێویستمان به گره‌نتی ئه‌مه‌ریكا، تا دڵنیا بین له‌وه‌ی داهاتووی گه‌له‌كه‌مان پارێزراوه، واشنتن ده‌توانێ له وڵاتانی دراوسێ بپرسێت، ئێمه هیچ كات نه‌بووین و نابین به هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر هیچ لایه‌ك. هاوكات سه‌رۆك بارزانی بانگهێشته‌كه‌ی حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكای بۆ سه‌ردانیكردنی واشنتن قبووڵ كرد.
له یه‌كی نیسان/ئه‌پریلی هه‌مانساڵ، سه‌رۆك بارزانی به به‌شداری سه‌ركرده‌كانی حزبه‌كانی پێشوازی له شاندێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به سه‌رۆكایه‌تی یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه "رایان كرۆكه‌ر" كرد. شانده‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه دووپاتیان له هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا به‌رانبه‌ر ڕژێمی سه‌دام كرده‌وه و پێشنیازیان كرد كه سه‌رۆك بارزانی له 14ی نیسان/ئه‌پریل له‌گه‌ڵ جه‌لاڵ تاڵه‌بانی به‌ره‌و واشنتن به‌ڕێ بكه‌ون و شاندێكی هاوبه‌شی كورد به یه‌كڕیزی بێنه واشنتن، هاوكات شانده‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا دووپاتیان له گرنگی یه‌كڕیزی ناوماڵی كورد كرده‌وه و به پێویستیشیان زانی كه گرژییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا كۆتایی پێ بهێنن.
ئاماژه‌كان زۆر ڕوون‌بوون، به‌ڵام سه‌رۆك بارزانی به هه‌ڵوێستی ئاگریناوی وڵاتانی گه‌وره‌ی جیهان و ناوچه‌كه ڕاهاتووه، بۆیه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بوو كه گوێی له قسه‌ی ڕوونتر له ئاستێكی به‌رزتری ناوه‌نده‌كانی بڕیار بێت. 15ی نیسان/ئه‌پریل سه‌رۆك بارزانی و مه‌سروور بارزانی و هۆشیار زێباری سه‌ركه‌وتنه نێو فڕۆكه‌یه‌كی تایبه‌ت كه له فڕۆكه‌خانه‌ی فرانكۆفۆرتی ئه‌ڵمانیا چاوه‌ڕوانی ده‌كرد، دواتر له واشنتن شانده‌كه له‌گه‌ڵ جه‌لال تاڵه‌بانی و بافڵی كوڕی و به‌رهه‌م ساڵح یه‌كیانگرت و بوون به شاندێكی هاوبه‌ش و له شوێنی مانه‌وه‌ی میوانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ویلایه‌تی ڤرجینیا مانه‌وه.
له‌و شوێنه‌وه كۆبوونه‌وه یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان ده‌ستیان پێكرد، له‌لایه‌نی ئه‌مه‌ریكا هه‌ریه‌ك له ماك لوخلین جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگه‌ی ناوه‌ندی هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا "سی ئای ئه‌ی" و جه‌نه‌ڕاڵ وین دوانینك له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا و رایان كرۆكه‌ر له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بوونیان هه‌بوو، ئه‌مه‌یش مانای ئه‌وه‌یه كه كۆبوونه‌وه‌كه به به‌شداری و هه‌ماهه‌نگی نێوان كۆشكی سپی و هه‌واڵگری و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بوو.
شاندی ئه‌مه‌ریكی به زمانێك قسه‌یان كردووه، كه بڕیاری له‌ناوبردنی ڕژێمی سه‌دام حه‌تمییه و گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه‌ی نییه، بۆیه به وشه و ڕسته‌ی زۆر ڕوونی وه‌ك "ئه‌مه‌ریكا بڕیاری داوه كه كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمی سه‌دام بهێنێت و كورده‌كان پێویسته مافه‌كانی خۆیان به‌ده‌ستبهێنن، ئه‌مه‌ریكا ڕازییه كه پشتیوانی له سیسته‌می فیدڕاڵی له عێراق بكات و ڕێگه‌یش نادات كه ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی له كاروباری ناوخۆی عێراق هه‌بێت، هاوكات واشنتن هیوایه‌كی زۆر گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ڕۆڵی كورد له‌و پرۆسه‌یه هه‌ڵچنیووه، پێویسته كورده‌كان به ئه‌ركی كۆكردنه‌وه و ئاماده‌كردنی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی هه‌ڵبستن.
زمانی شاندی ئه‌مه‌ریكی زۆر ڕوون و یه‌كلاكه‌ره‌وه بووه، وه‌ك كوردیش وه‌ڵاممان دانه‌وه، كه مادام ئه‌مه‌ریكا بڕیاری كۆتایی داوه كۆتایی به ڕژێمی سه‌دام بهێنێت، ئێمه هه‌موو هه‌وڵی خۆمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ و چی له تواناماندا بێ بۆ هاوكاریكردن و هێنانه‌دی ئه‌م بڕیاره ده‌یخه‌ینه‌گه‌ڕ، مادام جێگره‌وه‌ی ڕژێمی به‌عسیش سیسته‌مێكی دیموكراسییه كه پشتیوانی فیدڕاڵییه‌ت بۆ كوردستان ده‌كات، هه‌موو تواناكانمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ و به‌ڵێنمان به لایه‌نی ئه‌مه‌ریكادا كه ده‌ست بهكاردهبین بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆنی عێراق.
له‌و شه‌وه سه‌رۆك بارزانی وێستگه ئازاربه‌خشه‌كانی مامه‌ڵه‌ی وڵاتانی زلهێز و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ گه‌لی كورد بیر ده‌كه‌وێته‌وه و ئه‌وه‌ی بیر ناچێته‌وه كه چۆن وه‌زیری پێشووی ئه‌مه‌ریكا هینری كیسنجه‌ر كاری كرد تا بڕوا به محه‌مه‌د ڕه‌زا په‌هله‌وی شای ئێران بهێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی جه‌زائیر له 1975 له‌گه‌ڵ ڕژێمی عێراق واژوو بكه‌ن، كه به گوێره‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌یش ئێران ده‌ستی له پشتیوانیكردنی شۆڕشی ئهیلوول هه‌ڵگرت و دۆخی كورده‌كان گه‌یشت به خراپترین سات و داڕمانێكی گه‌وره له خه‌بات و تێكۆشانی گه‌لی كورد دروست بوو، ئه‌وه‌یشی بیرنه‌چووه‌ته‌وه كه یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت كه یارمه‌تیه‌كی بچووكی كوردیان ده‌دا به ته‌واوی ده‌ستیان لێ هه‌ڵگرتن و له 1972 له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێككه‌وتنیان واژوو كرد به ناوی "په‌یماننامه‌ی هاوڕێیه‌تی و هاوكار" له مۆسكۆ واژووكرا. وڵاتانی تری درواسێ جار جار تێگه‌یشتنیان بۆ دۆخی كورد هه‌بوو، به‌ڵام ڕێگه‌یان نه‌ده‌دا به ته‌واوی پشتیوانی كورد بكه‌ن، مامه‌ڵه‌كردنیان له ده‌روازه‌ی جووڵاندنی كارتی كورد بوو، بۆ ترساندنی ئه‌وانی تر له‌وه‌ی كه كورده‌كان به مافه‌كانی خۆیان بگه‌ن و پشتیوانیان لێ ده‌كه‌ن.
له 18ی نیسان/ئه‌پریل فڕۆكه تایبه‌ته‌كه كه شاندی كوردی هه‌ڵگرتبوو گه‌یشته‌وه فرانكفۆرنی ئه‌ڵمانیا، وه‌ك سه‌رۆك بارزانی ده‌ڵێ، له‌م شاره من و مام جه‌لال ڕێككه‌وتین، كه هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆمان بخه‌ینه‌گه‌ڕ و هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كی پێویستیش بگرینه‌به‌ر بۆ خۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارییه چاوه‌ڕوانكراوه. دواتر له فرانكفۆرته‌وه سه‌رۆك بارزانی و یاوه‌ره‌كانی ڕوو ده‌كه‌نه پاریس تا گوێیان له به‌رپرسانی فڕه‌نسا له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه بێت، له‌وێ به‌رپرسانی فڕه‌نسی دووپاتیان له‌وه كرده‌وه، كه ئه‌مه‌ریكا بڕیاری كۆتایی داوه كه كۆتایی به ڕژێمی به‌عس بهێنێت، هاوكات به‌رپرسانی فڕه‌نسی پرسیاری جێگره‌وه‌ی ڕژێمی به‌عسیان له سه‌رۆك بارزانی كردووه و ئه‌میش له وه‌ڵامدا گوتوویه‌تی، كه جێگره‌وه به ڕاوێژ و هه‌ماهه‌نگی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق ده‌بێ و سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی دوای ڕژێمیش له عێراق، سیسته‌مێكی دیموكراسی و فیدڕاڵی ده‌بێ كه مافی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان ده‌سته‌به‌ر بكات.
له دوای پاریس، سه‌رۆك بارزانی ڕووی كردووه‌ته دیمه‌شق، سه‌رۆك بارزانی پێوه‌ندییه‌كی تۆكمه‌ی له‌گه‌ڵ حافز ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی پێشویو سووریا هه‌بوو، بۆیه دوای حافز ئه‌سه‌دیش كورده‌كان پێویستبوو ڕاوێژ و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د و به‌رپرسانی حكوومه‌ته‌كه‌ی هه‌بێت، له‌وێ سه‌رۆك بارزانی گفتوگۆی له‌گه‌ڵ سه‌رانی دیمه‌شق كردووه و ئه‌وانیش پرسیاریان له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری له‌ناوبردنی ڕژێمی به‌عس له عێراق لێ كردووه و ئه‌میش وه‌ڵامی داونه‌ته‌وه كه بڕیاره‌كه كۆتاییه و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نییه، ئه‌وان هه‌ستیان دڵخۆشی كرد و پرسیاریان له‌باره‌ی داهاتووی عێراق ده‌كرد، به‌ڵام جێگری ئه‌وكاتی سه‌رۆكی سووریا زۆر به دڵنیاییه‌وه دووپاتی له‌وه ده‌كرده‌وه كه ئه‌مه‌ریكا گورزی سه‌ربازی له دژی عێراق ناوه‌شێنێت و ئاماده‌یش بوو كه گره‌و له‌سه‌ر ئه‌مه بكات.
له سه‌ره‌تای هاوینی هه‌مانساڵ ده‌نگۆ و ئاماژه‌ی ئه‌وه دروستبوون كه ئه‌مه‌ریكا پاشگه‌زبووه‌ته‌وه له بڕیاری له‌ناوبردنی ڕژێمی به‌عس و ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ ئه‌و كاره وه‌ستاندووه، له‌و كاته‌یش له 21ی تهمووز/یۆلیۆ هه‌ریه‌ك له هۆشیار زێباری و نێچیرڤان بارزانی له ئه‌مه‌ریكا بوون و دواتر شاندێكی پسپۆرانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ ئه‌وان هاتن بۆ هه‌ولێر كه له‌لایه‌ن چارلز فیتس ناسراو به سام سه‌رۆكایه‌تییان ده‌كرا. گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ ئه‌و شانده ده‌ستی پێكرد و دووپات‌مان له‌وه كرده‌وه كه توركیا ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه گۆڕانكارییه‌كان له عێراق دواجار ببێته هۆی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی، به‌رپرسانی شانده‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا ڕایانگه‌یاند، "توركیا ده‌یه‌وێ ئه‌مه‌ریكا بێزار بكات و داوای پاره‌یه‌كی زۆر ده‌كات، ئێمه هاتووین تا دۆخه‌كه هه‌ڵبسه‌نگێنین و به هیچ شێوه‌یه‌كیش ڕێ به توركیا ناده‌ین كه ده‌ستوه‌ردان له كاروباری هه‌رێم بكات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا گرێی توركیا و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی هێرشی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر عێراق زیاتر و زۆرتر ده‌بوو.
له‌هه‌مان مانگ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و به‌رگری ئه‌مه‌ریكا داوایان له سه‌ركرده‌كانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق كرد تا كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ساز بكه‌ن، جه‌لال تاڵه‌بانی پێشنیازی كرد كه دیداری سه‌ركرده‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌سه‌ر ئاستێكی باڵا بێ له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی، به‌ڵام سه‌رۆك بارزانی له‌م دیداره به‌شداری نه‌كرد، چونكه ئه‌و فڕۆكه تایبه‌ته‌ی ئه‌مه‌ریكا ڕه‌وانه‌ی كردبوو، تا سه‌رۆك بارزانی له قامیشلۆ هه‌ڵبگرێ و بیگه‌یه‌نێته ئه‌مه‌ریكا، له‌لایه‌ن حكوومه‌تی سووریا ڕێ به نیشتنه‌وه‌ی نه‌درا، بۆیه هۆشیار زێباری به نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆك بارزانی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی كرد، كه هه‌ریه‌ك له جه‌لال تاڵه‌بانی و ئه‌یاد عه‌لاوی و ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی و عه‌بدولعه‌زیز ئه‌لحه‌كیم و شه‌ریف بن عه‌لی بن حسێن ئه‌ندامانی شانده‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بوون و چاویان به دۆناڵد رامسفێلد وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا و سوپاسالاری ئه‌وكاتی ئه‌مه‌ریكا جه‌نه‌ڕاڵ مایرز كه‌وت. ڕامسفێلد له دیداره‌كه‌ی به شێوه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه دووپاتی له‌وه كردبووه، كه سیاسه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ل عێراق سه‌ركه‌وتوو نییه، به‌ڵكو پێویسته هێرش بۆ سه‌ر به‌عس له باشوور و باكوره‌وه له‌هه‌مان كاتدا ده‌ست پێ بكات.
ئێران به وردی چاودێری ئه‌و گه‌رده‌لووله‌ی ئه‌مه‌ریكای ده‌كرد كه هه‌ڕه‌شه له ڕژێمی به‌عس ده‌كات، كه چه‌ندان ساڵ له‌گه‌ڵ ئێران شه‌ڕی كردووه و ڕقێكی گه‌وره‌ی به‌رانبه‌ر به‌و ڕژێمه هه‌بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا بۆ ئێران قورس بوو كه به ئاشكرا دووپات له پشتیوانیكردنی هێرشی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ڕژێمی به‌عس بكات، ترسی له كاردانه‌وه هه‌بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هه‌ستی به‌وه ده‌كرد كه كۆتاییهێنان به ڕژێمی به‌عس دیوارێكی گه‌وره به ڕووی ئێران ده‌ڕووخێنێت، بۆ جووڵه‌كردن به ئاراسته‌ی عێراق و وڵاتانی تری ناوچه‌كه، باشترین ئاسانكاریش كه ئێران بۆ پشتیوانی له هێرشی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر عێراق كرد، به‌شداری گرووپه میلیشیاكانی شیعه بوو له گفتوگۆكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق و هاندانیان بوو تا زه‌مینه‌یه‌كی گونجاو بڕه‌خسێن بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به ڕژێمی به‌عس له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌مه‌ریكا بهێنرێت. به‌ڵام له ته‌ك ئه‌وه‌یشدا ئێران له‌گه‌ڵ شیعه‌كان باسی له مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق كردبوو، چونكه له‌و بڕوایه‌دابوو كه مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراقێكی جێگیر و شوێنكه‌وته‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا كێشه‌یه بۆ تاران، دیمه‌شقیش له‌سه‌ر هه‌مان ئاوازی ئێران ده‌یخوێند و تێگه‌یشتنی بۆ دۆخه‌كه هه‌بوو، له‌لایه‌كه‌وه پشتیوانی ده‌كرد و له دیوێكی تره‌وه‌یش پیلانگێڕی بۆ دوای له‌ناوبردنی ڕژێمی به‌عس ده‌كرد. قاسم سلێمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانیش به ئه‌ركی كێشه دروستكردن بۆ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له دوای ڕووخانی به‌عس ڕاسپێردرابوو.
ئه‌مه‌ریكا بڕیاری هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی دژی سه‌دام ده‌ركرد و به‌دوای ئامراز و تاكتیك ده‌گه‌ڕا تا بڕوا به پێویستی ئه‌نجامدانی ئه‌و جه‌نگه له نێو ڕای گشتی ئه‌مه‌ریكا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بهێنێت، بۆیه تۆمه‌تی بوونی پێوه‌ندی له نێوان ڕژێمه‌كه‌ی سه‌دام و ڕێكخراوی قاعیده دووپاتی لێ ده‌كراوه، هاوكات تۆمه‌تی خاوه‌نداریكردنی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژ له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه. سه‌رۆك بارزانی ده‌ڵێ، خۆی و حزبه‌كه‌ی به‌شداریان له‌و بانگه‌شانه نه‌كرد كه ئه‌مه‌ریكا له میدیاكان دووپاتی لێ ده‌كرده‌وه، تا دواجار ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیش دووپاتی لێ ده‌كردنه‌وه.
واده‌ی هێرشی ئه‌مه‌ریكا نزیك ده‌بێته‌وه و مه‌ترسییه‌كانی توركیایش زیاتر ده‌بێت و زانیاری ده‌گاته سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی دیدارێكی به‌رپرسانی توركیا له‌گه‌ڵ تۆمی فرانك فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ناوه‌ڕاستی سوپای ئه‌مه‌ریكا، له دیداره‌كه به‌رپرسانی توركیا چوار داواكارییان خستبووه به‌رده‌م لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی، یه‌كه‌م: نابێ به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌وڵه‌تی كوردی دروست ببێت، نابێ ڕێ بدرێ كه كورده‌كان كۆنتڕۆڵی مووسڵ و كه‌ركووك بكه‌ن، پێویسته توركیا بۆچوونی بۆ سیسته‌می نوێی عێراق هه‌بێ و ڕای وه‌ربگیرێت، نابێ كورده‌كان له پرۆسه‌ی ڕووخاندنی ڕژێمی ئێسته‌ی عێراق به‌شداری بكه‌ن.
نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی عێراق باڵوێز زه‌لمای خه‌لیلزاد به كورده‌كانی ڕاگه‌یاند، كه به‌شداری توركیا له هاوپه‌یمانی له‌ناوبردنی ڕژێمی به‌عس گرنگ و پێویستییه، له هه‌فته‌كانی دواییش ئه‌وه ڕوونبووه‌وه كه پلانی ئه‌مه‌ریكا بریتییه له له‌ناوبردنی ڕژێم له ڕێی هێرشكردن له باشوور و باكوره‌وه، ئه‌مه‌یش واته‌ی هاتنی هێزه‌كان له نێو خاكی توركیاوه و ده‌ربازبوونیان به ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل و زاخۆ. هه‌ڵوێستی كورد له‌و ڕووه‌وه به ته‌واوی ڕوون بوو و دژی به‌شداری هێزی وڵاتانی ناوچه‌كه چ ئێران چ توركیا بوو، گفتوگۆكان به‌ره‌و گرژی ده‌چوون، به تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی توركیا مه‌رجی ئه‌وه‌ی سه‌پاند چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی هێزه‌كانی ده‌نێرێته مووسڵ و كه‌ركووك بۆ به‌شداریكردنیان له ڕووخاندنی ڕژێمی به‌عس، به‌وهۆیه‌وه‌یش ڕێ ده‌دا كه ئه‌مه‌ریكا خاكی توركیا به‌كاربهێنێت، له‌میانه‌ی یه‌كێك له كۆبوونه‌وه‌كان زانیاری به سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی هه‌ڵوێستێكی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی په‌رله‌مانی توركیا ده‌گات كه گوتبووی، هێزه‌كانی توركیا ده‌چنه باكوری عێراقه‌وه و سه‌رجه‌م هێزه‌كانی پێشمه‌رگه چه‌ك ده‌كه‌ن.
هه‌ڵوێستی سه‌رۆك بارزانی له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وه یه‌كلاكه‌ره‌وه و زۆر توندبوو و له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی گفتوگۆی كرد و پێی ڕاگه‌یاند، ئێمه له‌گه‌ڵ سه‌ربازانی توركیا ده‌جه‌نگین، ئه‌گه‌ر به ته‌نیا بێن یان به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئێوه، سه‌ره‌تا به تیرۆر تۆمه‌تبارمان ده‌كه‌ن و دواتریش ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دووقۆڵی له چوارچێوه‌یه‌كی تر، ئێمه ده‌زانین كه توركیا وڵاته و سوپایه‌كی به‌هێزی هه‌یه، به‌ڵام پێشمه‌رگه ئه‌وه به‌باشتر ده‌زانن كه به‌سه‌ر ته‌رمه‌كانمان بڕۆن، نه‌ك چه‌كه‌كانمان ڕاده‌ست بكه‌ین، من له دژیان ده‌جه‌نگ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌نیا بمێنمه‌وه و له زاخۆ چاوه‌ڕوانیان ده‌كه‌م.
ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه له‌گه‌ڵ توركیا ڕووی نه‌دا و لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی مه‌رجه‌كانیان قبووڵ نه‌كردن، په‌رله‌مانی توركیایش ڕێی نه‌دا كه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا خاكی توركیا بۆ چوونه نێو خاكی عێراق به‌كاربهێنن، بۆیه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ناچاربوون هێزه‌كانیان له كه‌ناراوه‌كانی توركیا بوه‌ستێنن و ئاراسته‌یان بگۆڕن.
واده‌كه سه‌روبه‌ندی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگه، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا كاتی دیاریكراوی هێرشی بۆ سه‌ر ڕژێمی به‌عس به هیچ یه‌كێك له هاوپه‌یمانه‌كان ڕانه‌گه‌یاندووه، به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ و له ناكاو شه‌وی 19 له‌سه‌ر 20ی ئادار/مارسی 2003 جه‌نگ ده‌ستی پێكرد و كه به‌وهۆیه‌وه گۆڕانكاری گه‌وره له عێراق دروستبوون و سه‌رجه‌م هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه‌یش گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هات.
هێرشه‌كانی 11ی سێپتێمبه‌ر برینی قووڵی له رووحی تاكه زلهێزی جیهان دروست كرد، به‌شێك له ههڵۆكانی حكوومه‌تی جۆرج بووشی كوڕ له‌و بڕوایه‌دابوون هێرش بۆ سه‌ر وڵاتان ده‌رفه‌ته بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ری بخه‌ن كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا شیاوی ناسناوی "تاكه زلهێزی جیهان"ه، كه له دوای رووخانی دیواری به‌رلین و مه‌رگی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ته‌وه ئه‌و ناسناوه بۆ ئه‌مه‌ریكا به‌كارده‌هێنرێت، به‌ڵام له نێویشیاندا به‌شیك هه‌بوون كه جیهانی داهاتوو جیهانی توندڕۆكان و تیرۆره، ده‌توانرێ ئه‌و شه‌پۆله توندڕۆییه به هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازی و چاندنی تۆی دیموكراسی له جه‌سته‌ی جیهان بڕه‌وێنرێته‌وه.
به‌ره‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی نه‌بوو كه هاوشێوه‌ی ئه‌مه‌ریكا سه‌نگ و قورسایی هه‌بێ و ئه‌و سه‌ركێشیانه بكات، ڤلادیمێر پووتین خه‌ریكی دووباره بنیاتنانهوهیڕووسیای فیدڕاڵ بوو، دوای ئه‌و هه‌موو وێرانكارییه‌ی له سه‌رده‌می بۆریس یلتسن ڕووبه‌ڕووی ڕووسیا بووه و كۆتایی به یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت هات، له‌سه‌ر ڕووسیا پێویست بوو كه دووباره تواناكانی سوپای ڕووسیا و رووحی سوپاكه و كۆتاییهێنان به پرۆسه‌كانی تاڵانی و گه‌نده‌ڵی له وڵات بهێنێت كه له‌سه‌ر ده‌ستی خه‌ڵكی ڕووسیا ئه‌م دیارده‌یه به‌رده‌وامی هه‌بوو.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌یش چین له سه‌ره‌تای ئه‌م سه‌ده‌یه به‌م چه‌شنه‌ی ئێسته گرنگی به جیهان و ململانێكردن له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بۆ ههژموونسهپاندن به‌سه‌ر ناوچه جیا جیاكانی جیهان نه‌ده‌دا و پێویستی به كاتی زیاتربوو تا ببێت به دووه‌م زه‌به‌لاحترین ئابووری دنیا و ده‌سكه‌وتنی زۆر گه‌وره‌تر له نه‌هێشتنی هه‌ژاری و بێكاری به‌ده‌ستبهێنێت و له ڕووی ته‌كنه‌لۆجیا و زانسته‌وه بازی گه‌وره به‌ره‌و پێشه‌وه بدات.
سه‌رۆك بارزانی چاودێری هه‌ڵوێستی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كرد كه به‌رهه‌ڵستی بوونی هه‌یه و گه‌وره‌ترین به‌رهه‌ڵستكاریش سه‌رۆكی ئه‌وكاتی فڕه‌نسا جاك شیراك بوو، كه له په‌راوێزی كۆنگره‌ی لووتكه‌ی وڵاتانی ناتۆ له پراگ بۆ جۆرج ده‌بلیوو بووش دووپاتی كرده‌وه، كه هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ له دژی عێراق كۆتایی به سه‌قامگیری له ناوچه‌كه ده‌هێنێت و ده‌رئه‌نجامه‌كه‌یشی ده‌بێته هۆی گه‌یاندنی شوێنكه‌وتوو و پاشكۆكانی ئێران بۆ ده‌سه‌ڵات له به‌غدا و به‌هێزكردنی هه‌ژموونی ئێران له دیمه‌شق و لبنان، بۆیه ئه‌و جه‌نگه هیچ شه‌رعیه‌تێكی نییه و سوودیشی نابێت. حكوومه‌تی بووش گوێی به‌و هه‌ڵوێستانه نه‌دا به تایبه‌ت كه تۆنی بلێری سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا پشتیوانی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی ده‌كرد.
جه‌نگ نزیكبووه‌ته‌وه و پرسیاره‌كان زۆرن یه‌كێك له پرسیاره ئاڵۆزه‌كانیش ئه‌وه بوو، كه ئایا ئێرانی خومه‌ینی ئاسانكاری بۆ ئه‌ركی شه‌یتانی گه‌وره ئه‌مه‌ریكا ده‌كات تا كۆتایی به سه‌رسه‌خترین دوژمنی سه‌دام حسێن بهێنێت؟ له‌میانه‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه شاندی كوردی له‌میانه‌ی سه‌ردانه‌كانیان بۆ ئه‌مه‌ریكا و كۆنگره‌ی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی له له‌نده‌ن پێیان گه‌یشتبوو دۆخه‌كه به‌و جۆره نه‌بوو، چونكه له كۆنگره‌ی ئۆپۆزسیۆن له له‌نده‌ن، حزبی ده‌عوه و حزبی شیوعی و به‌عسییه‌كانی پشتیوانی سووریا به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌یان نه‌كرد، سه‌رۆك بارزانی به‌لایه‌وه گرنگ بوو كه هه‌ڵوێستی ڕاسته‌قینه‌ی ئێران به‌رانبه‌ر پرۆسه‌كه بزانێت، چونكه ئێران ده‌سه‌ڵاتی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك له هێزه‌كانی عێراق هه‌بوو.
به‌هۆی ئه‌و دژیهكیانهی كه له كۆنگره‌ی ئۆپۆزسیۆن له له‌نده‌ن ده‌ركه‌وت، هانی سه‌رۆك بارزانیان دا كه سه‌ردانی تاران بكات، له‌وێ دیداری له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی پێشووی ئێران هاشمی ره‌فسنجانی هه‌بوو، سه‌رۆك بارزانی به‌لایه‌وه گرنگ بوو كه هه‌ڵوێستی ئێران نه‌ك ته‌نیا به‌رانبه‌ر به هێرشی ئه‌مه‌ریكا بۆ له‌ناوبردنی به‌عس، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ی عێراقی دوای سه‌دامیش بزانێت، كه عێراقێكی دیموكراسی و فیدڕاڵی بێت، واته له ده‌ستوور هه‌ریمی كوردستان جێگیر ده‌كرێت. ڕه‌فسه‌نجانی وه‌ك هه‌میشه كه‌سێكی نه‌رمه و به واقیعی قسه‌ی كردووه و ڕای گه‌یاندووه، كه هاوسه‌نگی هێز و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌یان ڕه‌چاو ده‌كه‌ن، ئێمه له‌و بڕوایه‌ین كه‌وتنی ڕژێمی سه‌دام سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه بۆ ئێران، به‌ڵام ناتوانین به فه‌رمی و ئاشكرا پشتیوانی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته بكه‌ین، هاوكات ره‌فسنجانی پشتیوانی دروستكردنی عێراقێكی فیدڕاڵی كردبوو، كه ئه‌مه به‌شیكی گرنگی دیداری نێوان سه‌رۆك بارزانی و ره‌فسنجانی بوو.
سه‌رۆك بارزانی ده‌ڵێ، له سه‌ردانه‌كه‌م بۆ ئێران له‌گه‌ڵ جه‌نه‌ڕاڵ قاسم سلێمانی كۆبوومه‌وه، له‌وكاته زۆر ناسراو نه‌بوو، به‌ڵام به‌رپرسی دۆسیه‌ی عێراق بوو، هاوكات له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌كیم كۆبوومه‌وه و پێمان راگه‌یاندن، كه پێویسته ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی واقیعیانه بیر بكاته‌وه له گفتوگۆكانی تایبه‌ت به قۆناغی دوای ڕژێمی سه‌دام. كاتێكیش دووه‌م كۆنگره‌ی ئۆپۆزسیۆن له سه‌لاحه‌دین ساز كرا، ئه‌وه بۆ هه‌مووان ڕوونبووه‌وه كه تاران گڵۆپی سه‌وزی بۆ لایه‌نه‌كانی شوێنكه‌وته‌ی خۆی هه‌ڵكردووه تا به‌شداری له پرۆسه‌ی له‌ناوبردنی ڕژێمی به‌عس بكه‌ن.
ئێران بڕیاری دا ئاسانکاری بۆ ڕووخاندنی سه‌دام بكات. لەهەمانکاتدا قاسم سولەیمانی، ئامادەکاری بۆ تێکدانی جێگیربوونی سەربازانی ئەمه‌ریکا لە عێراق و ڕێگری‌کردن لە دامەزراندنی ده‌سه‌ڵاتێكی جێگیر و پشتیوان له‌لایه‌ن وڵاتانی ڕۆژئاوای ده‌كرد. له سه‌رۆك بارزانیم پرسی، كه کە ئایا ئێران یەکەم وڵاته کە دژی بوونی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق بوه‌ستێته‌وه و پلانی بۆ دابڕێژێت، سه‌رۆك بارزانی به ئه‌رێنی وه‌ڵامی دایه‌وه، دواتر پرسیم، ئایا ئەمه‌ریكا ئێران بە ئامانجی دووەمی خۆی لە دوای له‌ناوبردنی ڕژێمی به‌عس دەبینێت، سه‌رۆك بارزانی گوتی، ئه‌وكات ده‌نگۆیه‌كی له‌م چهشنهبوونی هه‌بوو، كه ده‌گوترا عێراق یەکەم ئەڵقەی بەرنامەیەکی ئەمه‌ریکییە بۆ ناوچەکە کە دواتر ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دژی ئێران و... سوریا ئه‌نجام ده‌دات. ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە کاتی کۆبوونەوەکانمدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمه‌ریکا، جا شاندی مەدەنی بێت یان سەربازیان بێت، هەرگیز نەمبیستووە بیرۆكه‌یه‌كی له‌مجۆره‌یان هه‌بێت و هیچ ئاماژەیەکیان به‌وه نه‌كرد. ئەو جۆرە قسانه له‌وانه‌یه تەنیا شرۆڤهیهكردن بن، لایەنەکانی تر بۆ دروستکردنی گرژیی زیاتر لە ناوچەکەدا دروستیان كردبێت، به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا لای من گله‌ییان له ڕۆڵی ئێران و قاسم سلێمانی كردووه، به‌هۆی پشتیوانیكردنی ئێران له‌و گرووپانەی کە ئەوان دەکەنە ئامانج، بەڵام هەرگیز باسیان لە بەئامانجکردنی ئێران یان سوریا نەکردووه، به‌ڵام تۆمه‌تباریان كردووه، به‌وه‌ی سنووریان كردووه‌ته‌وه بۆ هاتوچۆی چه‌كداران و توندڕۆكان بۆ هاتنه ناو عێراق و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق.
دواتر ئێران په‌یامی تر و زۆرترین نارد، كاتێك ئه‌نجوومه‌نی حوكم له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا پێكهێنرا و جه‌مسه‌ره‌كانی ئۆپۆسیۆنی عێراق كه شوێنكه‌وته‌ی ئێران بوو دابه‌شكران و كورسی كه‌میان پێدرا، له 2007 په‌یامێكی تری ئێران گه‌یشت، كاتێك فڕۆكه‌یه‌ك له فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا نیشته‌وه و سه‌ردانێكی كه‌سێكی نائاسایی بوو، چونكه سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئێران مه‌حموود ئهحمهدینهژاد سه‌ردانی عێراقی داگیركراوی كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی بیری هه‌مووان بهێنێته‌وه كه ئێران به‌شێكه له چاره‌نووسی جیوگرافیای عێراق و وه‌ك دراوسێی عێراق ده‌مێنێته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان ته‌واو ماندوبوون و بڕیاری پاشه‌كشه‌یان دا.
ئهحمهدینهژاد به چاوی خۆی قه‌باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی زۆری ئه‌مه‌ریكای له عێراق بینی كه ژماره‌یان 170 هه‌زار سه‌رباز بوو، ئه‌وكات هۆشیار زێباری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق بوو و شاندێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه یاوه‌ری ئهحمهدینهژادی كرد و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م خاڵه‌كانی پشكنینی ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجام دا، بۆ ئه‌وه‌ی كاروانی ئۆتۆمبێله‌كان نه‌وه‌ستێنن، به‌ڵام یه‌كێك له خاله‌كانی پشكنین به‌و بڕیاره پابه‌ند نه‌بوو، ئه‌ندامانی خاڵی پشكنینه‌كه هیوایان ده‌خواست كه وێنه له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رۆكه بگرن كه سه‌ردانی عێراقی كردووه، سه‌رۆكی ئێران لاری نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌و شانده عێراقیه‌ی یاوه‌ری ئهحمهدینهژادیان به سه‌رۆكی ئێرانیان ڕاگه‌یاند كه له ئۆتۆمبێله‌كه‌ی نه‌یته خواره‌وه. به‌ڵام لایه‌نی عه‌ره‌بی به ته‌واوی له به‌غدا بێ ئاگابوون، ئه‌م سه‌ردانه ئاماژه‌یه‌ك بوو بۆ دیمه‌نی داهاتووی عێراق و په‌نجه‌مۆر و ئاماده‌یی ئێرانی له داهاتووی عێراق دووپات كرده‌وه.
خه‌ونی له‌ناوبردنی سه‌دام و ڕژێمه‌كه‌ی به درێژایی چه‌ندان ده‌یه خه‌ونی سه‌رۆك بارزانی بووه، سه‌ره‌ڕای ئاگربه‌ست و ڕێككه‌وتنه‌كان، به‌ڵام سه‌رۆك بارزانی هه‌میشه ویستوویه‌تی كۆتایی به‌و ڕژێمه‌ی به‌غدا بهێت و جێگرهوهكهیشی دیموكراسی و فیدڕاڵی بێت. كاتێك سه‌دام گیرا و له گرتووخانه بوو و دادگه‌یی ده‌كرا، سه‌رۆك بارزانی نه‌ویستووه سه‌ردانی بكات، هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر چاره‌نووسی سه‌دام و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵی به كورتی ده‌رده‌بڕێ و ده‌ڵێ، چۆنیه‌تیی سزادانه‌كه‌ی له كاری پیاوان نه‌ده‌چوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌دام كورده‌كان زۆرترین سته‌میان لێكراوه.
جیهان سه‌یری كه‌وتنی په‌یكه‌ری سه‌دام و كۆتاییهاتنی ده‌كرد و سه‌رۆك بارزانیش دڵخۆشه به كه‌وتنی دوژمنی گه‌له‌كه‌ی، به‌ڵام له هه‌مانكاتیش ترسی هه‌یه كه عێراق نقوومی یهكلاكركدنهوهی حساباتی خوێناوی ببێ، ترسی له بوونی ئه‌و بۆشایییه هه‌یه كه دوای سه‌دام هاوكێشه‌كان پڕ ده‌كاته‌وه، ترسی له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شیعه و سوننه، عه‌ره‌ب و كورد هه‌بووه، به تایبه‌ت كه وڵاتانی ناوچه‌كه بۆ له‌ناوبردنی عێراق و به‌دیهێنانی خه‌ونی كۆن و نوێی خۆیان كاریكی له‌مجۆره بكه‌ن، ڕۆژه‌كانی سه‌ره‌تای كه‌وتنی سه‌دام و ڕژێمه‌كه‌ی دووپاتیان له‌وه كرده‌وه كه ترسه‌كانی سه‌رۆك بارزانی له‌جێی خۆیان بوون، به‌غدا و ناوچه‌كانی تر خوێناوی بوو، به‌ر له‌وه‌ی عێراق هه‌ناسه‌ی ئازادبوون هه‌ڵبمژێت.
هێزه‌كانی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا بڕیارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان به‌سه‌ر سوپای ڕژێمی پێشووی عێراق سه‌پاند، كه ئه‌و سوپایه له جه‌نگی ئێران كێشه‌ی زۆری تووشببوو و له هێرشكردنه سه‌ر كوێتیش به ته‌واوی تێكشكێنرا بوو، جیا له‌وه‌ی گه‌مارۆ به‌سه‌ر عێراق سه‌پێنرا بوو، ئه‌مه له‌گه‌ڵ سوپای ئه‌مه‌ریكا دوو جیهانی له‌یه‌كتر دووربوون، كه سوپای ئه‌مه‌ریكا توانای زۆر و ته‌كنه‌لۆجیای پێشكه‌وتوویان هه‌بوو. سه‌رۆك بارزانی ترسی هه‌بوو كه سه‌ربازانی سوپای عێراق له ناوچه كوردییه‌كان ڕووبه‌ڕووی تۆڵه‌كردنه‌وه ببنه‌وه، وه‌ك وه‌ڵامێك له دژی پرۆسه‌كانی ئه‌نفال و خاپووركردنی هه‌زاران گوندی كورد، به‌وهۆیه‌وه بڕیاری توند و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ده‌ركرد، بڕیاره‌كه‌یشی ئامانجه‌كانی هێنایه دی، نزیكه‌ی 15 هه‌زار ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازی عێراق خۆیان ڕاده‌ستی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كرد و له سه‌ربازگه‌كان هێلرانهوه و خۆراك و شوێنی مانه‌وه‌یان بۆ ده‌سته‌به‌ركرا، تا دواجار گه‌ڕانه‌وه ناوچه‌كانی خۆیان، ئه‌مه بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه هیچ شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌یه‌ك له هه‌ریمی كوردستان ڕوونه‌دات.
له به‌غدا دۆخه‌كه ئاڵۆز بوو، ئه‌و سیسته‌مه‌ی له دوای شۆڕشی 1958 عێراقی به‌ڕێوه ده‌برد، هه‌رگیز هێزه‌كانی عێراق ڕانه‌هێناوه كه له‌سه‌ر میزێك كۆ ببنه‌وه و خاڵه هاوبه‌شه‌كانیان گفتوگۆ بكه‌ن، چۆن ئه‌مه دێته‌دی كاتێك پرسه‌كه پێوه‌ست بێ به حوكمكردنی وڵات؟ حزبه‌كانی به‌رهه‌ڵستكاری ڕژێم خاوه‌نی باره‌گه نه‌بوون له به‌غدا. سه‌رۆك بارزانی و یاوه‌ره‌كانی ڕوویان كرده به‌غدا و له هۆتێلی "بورج حه‌یات" مانه‌وه، كه دواتر بووه باره‌گه‌ی گفتوگۆ و كۆبوونه‌وه‌كان، ئه‌و هێزانه‌ی گه‌ڕانه‌وه به‌غدا ئاماده‌نه‌بوون بۆ ڕێككه‌وتن و ده‌رفه‌ته‌كان لهدهستدهچوون، ئه‌مه‌ریكا جه‌نه‌ڕاڵ جه‌ی گارنه‌ری وه‌ك حاكمی مه‌ده‌نی نارده عێراق و داوای له هێزه‌كانی عێراق كرد كه بگه‌ن به ڕێككه‌وتن بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تێكی كاتی و تا ده‌سه‌ڵاتی وڵاتیان پێ بدرێت، به‌ڵام هێزه‌كانی عێراق بیرۆكه‌ی سازشكردن بۆ یه‌كتر لایان بوونی نه‌مابوو و سه‌رجه‌میان به‌وجۆره مامه‌ڵه‌یان ده‌كرد، كه ده‌رفه‌تێكی مێژووی گه‌وره‌یان هاتووه‌ته به‌رده‌م بۆ كۆنتڕۆڵكردنی زۆرترین پۆست و ده‌سكه‌وت، چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك تێپه‌ڕی و عێراقییه‌كان نه‌یانتوانی بگه‌ن به شێوازی پێكهێنانی حكوومه‌تێك، له كاتێكدا پێویست بوو هه‌رزوو ئه‌م كاره ئه‌نجام بدرێ، تا كۆتایی به كێشه‌كان بهێنرێت.
ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی هۆشداری له گرنگی پێكهێنانی حكوومه‌ت ده‌كرده‌وه و به گرنگیشی ده‌زانی كه بگه‌ین به ڕێككه‌وتن و ده‌بێ ئه‌وه بهێنینه دی و هه‌مووان تووشی شۆك بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر كارته‌كان تێكه‌ڵی یه‌كتر نه‌بن و پرسه‌كان ئاڵۆز نه‌بن، چه‌ندان جار دووپات له گرنگی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرسه‌كان كرده‌وه، به‌ڵام نه‌مانتوانی سه‌ركه‌وتوو بن، دوای سه‌رجه‌م كۆبوونه‌وه‌كان ده‌گه‌یشتنه‌وه سه‌ر خاڵی سفر، ئه‌و پۆسته بۆ فڵانه حزب و ئه‌وه‌ی تر بۆ فڵانه حزب، گفتوگۆكان ناكۆكی یه‌كجار زۆریان ده‌رخست، وه‌ك ئه‌وه‌ی چه‌له‌بی پێشبینی ده‌كرد، جه‌نه‌ڕاڵ جه‌ی گارنه‌ر زۆر نه‌مایه‌وه و دوای ئه‌و پۆل برێمه‌ر هات، كه ئه‌مه‌یش وایكرد گۆڕانكاری گه‌وره ڕووبدات، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به ویستی خۆیان بوون به هێزێكی داگیركه‌ر.
سه‌رۆك بارزانی بڕیاری پۆل برێمه‌ر به هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سوپای عێراق و وه‌ك ده‌ركردنی بڕیاری له‌سێداره‌دان بۆ كه‌سێكی مردوو ناو ده‌بات و ده‌ڵێ، هێرشی ئه‌مه‌ریكا سوپای عێراقی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، سه‌ربازگه‌كان چۆڵبوون و یه‌كه و هێزه‌كان بوونیان نه‌مابوو و هیچ پله‌یه‌كی سه‌ربازی بوونی نه‌بوو، ده‌ركردنی بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سوپا له كاتێكدا بوو كه سوپاكه ده‌مێك بوو هه‌ڵوه‌شابووه‌وه، له‌بری ئه‌وه گرنگ بوو كه بڕیاری به په‌له ده‌ربكرێ بۆ دووباره ڕێكخستنه‌وه‌ی سوپایه‌كی نیشتمانی و دیموكراسی، ئه‌وه‌یش هه‌ڵه‌بوو كه ڕێگری له ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازانی عێراق بكرێ، كه نه‌توانن ڕۆڵ ببینن له ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایش و ئارامی شاره‌كان، سه‌رۆك بارزانی ئه‌وه‌یشی ڕه‌تكرده‌وه كه حزبه‌كه‌ی ڕۆڵی له ده‌ركردنی سوپا سالاری پێشوو نزار ئهلخهزرهجیش له به‌غدا هه‌بێ و دووپاتی له‌وه كرده‌وه كه هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا به‌و كاره هه‌ستاوه و ئێمه بیستمان كه به‌و ناوچانه‌ی ئێمه تێپه‌ڕیون.