چوارشەم و پێنجشەم لە خوورماتوو كرایە پشووی فەرمی بەبۆنەی نەورۆزەوە

:: PM:09:06:21/03/2023 ‌
دوای ئەوەی دوێنی حكوومەتی عێراق رای گەیاند 21 ی ئاداری 2023 لە تەواوی عێراق پشووی فەرمییە بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، ئەمڕۆ لە بڕیارێكی پارێزگای سەڵاحەددیندا هاتووە كە دوو رۆژی تریش "چوارشەم و پێنجشەم" بەهۆی نەورۆزەوە بۆ شارەدێی خوورماتوو دەكرێتە پشووی فەرمی. 

لە بەیاننامەیەكی پارێزگای سەڵاحەددین كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە هاتووە، چوارشەم و پینجشەمیش لە تەواوی دام و دەزگا و قوتابخانەكانی سنووری شارەدێی خورماتوو پشووی فەرمیی دەبێت. 

ئاماژە بەوەیش كراوە، پشووەكە فەرمانگە خزمەتگوزاریی و تەندروستییەكان ناگرێتەوە. 

شارەدێی خوورماتوو دەكەوێتە سنووری ناوچە كێشەناكۆكی لەسەرەكان و مادەی 140 و ناوچەیەكی كوردییە و ناوەكەی لە دوو وشەی لێكدراوی كوردی "توت" كە بەمانای بڕێكی زۆر لە خوورما دێت و بەشی دووەمیشی هەر كوردیە "خورما" پێك دێت. 



وشە - تایبه‌ت