من پاسەوان و پێشمەرگەی هەولێرم و داوا دەكەم هەمووان سەروەری یاسا بپارێزن

:: PM:10:29:01/05/2023 ‌
بارزان قەساب بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە" رای دەگەیەنێت، ئێستە رێوشوێن زیاترە و رێ‌ بە هیچ گێرەشێوێنییەك نادرێ‌ و هەر ئەوانەی بەرژەوەندییان لە مەترسیدایە، بەردەوام خەریكی نانەوەی كێشەن. هەروەها دەڵێ‌، من پاسەوان و پێشمەرگەی هەولێرم و داوا دەكەم هەمووان سەروەری یاسا بپارێزن.

لای من گرنگ نییە كەسێك لە دەرەوەی هەولێر بڵێ‌ هەولێر ئارام نییە
لەم ماوەیەدا كۆمەڵێك رووداو زیادی كرد، بەڵام هەموو ئەوانە دوای ئەوەبوو كە تۆ بوویت بە بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر؟ 
سەرەتا سوپاسی هاووڵاتییانی خۆشەویستی شاری هەولێر دەكەین كە هەموو كات هاوكار بوون لەگەڵ دەزگا تەناهییەكان، ئەوەی باسی دەكەی چەند هۆكارێكی هەیە، یەكێك لەوانە ئەوەیە ئێستە رێوشوێن دەگیرێتەبەر لەگەڵ ئەو كەسانەی گێرەشێوێنی دەكەن، بەبێ‌ جیاوازی بەبێ‌ بگەڕێینەوە بۆ ئەوەی كە كێیە و سەر بە چ لایەنێكە و كێ‌ لە پشتیەتی، سەرباری ئەوەیش راگەیاندن و لایەنەكانن كە هاوكاری دەزگا تەناهییەكان نین و پشتیوان نین، بەڵام یەك شت لای من زۆر گرنگە كە دانیشتووی هەولێر لێمان رازی بن بە هەموو دەنگ و رەنگەكانەوە، لای من گرنگ نییە كەسێك لە دەرەوەی هەولێر بڵێ‌ هەولێر ئارام نییە.

بەرنامەتان چییە بۆ زیاتر تۆكمەكردنی ئاسایشی شارەكە؟
بەگوێرەی داتاكان لەو ماوەیەدا لە سنووری هەولێر زۆرترین رێوشوێن گیراوەتەبەر، چونكە هەولێر سنوورێكی فراوانە و خەڵكی زۆری لێ‌ دەژیت كە ئەو خەڵكەی دێتە هەولێر، دەبێتە خەڵكی ئەو شارە، ئێستە رێوشوێن زیاترە و رێ‌ بە هیچ گێرەشێوێنییەك نادرێ‌ و هەر ئەوانەی بەرژەوەندییان لە مەترسیدایە،،، بەردەوام خەریكی نانەوەی كێشەن و بانگەشەی جۆراوجۆر دەكەن، لە هەموو دنیادا تاوان دەكرێ‌ و دادگا و سزا هەیە، بەڵام لە هەولێر هەموو تۆمەتبارێك گیراوە بەبێ‌ ئەوەی كەس بێبەری نەكرێ‌. ئێستە بانگەشەی جۆراوجۆر بڵاو دەبێتەوە كە گوایە خەڵكی بێ‌ تاوان دەگیرێن، ئێ‌ ئەگەر نەیانگرین هەر ئەوانەی بانگەشە دەكەن دەڵێن نایانگرن، كۆنترۆڵكردنی ئاسایشی هەولێر زۆر ئاسانە و ئێستە ئارامترین شاری ناوچەكەیە، لە كاتێكدا پڕ لە خەڵك و پێكهاتە و لایەنی ترە، بۆیە دڵنیاتان دەكەمەوە هەولێر ئارامتر دەبێت لەوەی ئێستە هەیە.

خەبات شوێنێكی ستراتیجییە و ناكرێ‌ لەبەر چەند كەسێك ناوچەكە بكەین بە قوربانی
دەزگاكانی تەناهی لە عەشیرەتەكان سڵ دەكەنەوە، بەتایبەت لەو شەڕانەی لە خەبات و چەند ناوچەیەكی تر روو دەدەن؟ 
كورد هەمووی لە چەند عەشیرەتێك پێكدێت و هەر كوڕی ئەو عەشیرەتانەیش بووە لەپێناو كوردستان خوێنی رشتووە، بۆیە ئەگەر حاڵەتێكی كۆمەڵایەتی لەناو عەشیرەتێك هەبێت، مانای ئەوە نییە عەشایەرەكان خراپن، بەڵكو ئەوان بەردەوام پشتیوانی كوردستان و حكوومەت بوون، تا ئێستەیش عەشیرەتەكان هاوكارن و پشتیوانی هەموو رێوشوێنێك دەكەن، ئەوەی ئێمە دەیكەن بۆ مانەوەی ئەوانە. خەبات شوێنێكی ستراتیجییە و ناكرێ‌ لەبەر چەند كەسێك ناوچەكە بكەین بە قوربانی.

لە باشماخەوە چووەتە ئێران و لەوێوە بۆ فڕەنسا
تاوانباری سەرەكیی ئەتككردنی پارێزەرەكەی هەولێر گیراوە؟ 
هیچ تاوانبارێك لە هەولێر ناتوانێ‌ خۆی بەدەستەوە نەدات، دوو چارەسەری هەیە یان دەبێت خۆی بە دەستەوە بدات یان دەبێت لە شارەكەدا بچێتە دەرێ‌، ئەو حاڵەتەی بووە، تاوانبار راستە ئێستە لە هەولێر نییە و لە باشماخەوە چووەتە ئێران و لەوێوە بۆ فڕەنسا، ئێستە لە هەوڵداین لەگەڵ پۆلیسی ئینتەرپوڵ بیگرین.

وەك بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر كە پێشتر رۆڵت هەبووە لە سەقامگیری شارەكەدا، پلانی خۆت چییە؟
ئەوەی ئاژاوە دەگێڕێت یان ئەوەی تاوانێك ئەنجام دەدات، هیچ جیاوازی لەگەڵ داعشێك نییە، چونكە هەردووكیان ژیانی خەڵك تێكدەدەن، بەڵام ئەو رووداوانەی لە هەولێر روو دەدەن، هەمووی كۆمەڵایەتییە و یاسا بۆ هەموو كەسێكە نەك كۆمەڵێك، دڵنیاتان دەكەمەوە ئەوەی لە هەولێر تاوانی كردووە، گیراوە و هەر كەسێك نەگیراوە، پێویستە هاووڵاتییان ئاگەدارمان بكەنەوە و هەر كەسێكیش لەو شارە پەنامان بۆ بهێنێ‌، بە هانایەوە دەچین بەبێ‌ جیاوازی، من پاسەوان و پێشمەرگەی هەولێرم و داوا دەكەم هەمووان سەروەری یاسا بپارێزن.

دیمانەی/ شۆخان رەشید و فەیسەڵ شێخانی





وشە - سه‌رخێڵ هاشم