خه‌لیل غازی ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له په‌رله‌مانی عێراق / پارتی/ له‌و دیمانه‌ی له‌گه‌ڵ "وشه"دا تیشك ده‌خاته سه‌ر چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت به مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان و رێككه‌وتنه‌كه‌ی هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و به‌غدا له باره‌ی مووچه و پرسی دۆلاریش له دوای سه‌ردانه‌كه‌ی سوودانی بۆ ئه‌مه‌ریكا روون ده‌كاته‌وه.
مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بۆ ئه‌و مانگه چۆن ده‌بێت؟
له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عێراق، وه‌زاره‌تی دارایی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه ده‌كات و هه‌موو مانگێكیش له كاتی خۆی به‌غدا مووچه ده‌نێرێت، فه‌رمانبه‌ران با دڵخۆشبن كه چیتر شتێك نه‌ماوه به ناوی دواكه‌وتنی مووچه، هه‌موو مانگێك به‌بێ دواكه‌وتن مووچه‌كانیان وه‌رده‌گرن.
شێوازی ناردنی پاره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به شێوه‌ی كاش ده‌بێت؟
پێویسته هه‌مووان ئه‌وه بزانن، پڕۆسه‌ی ته‌وتین ماوه‌یه‌كی زۆری پێده‌چێت و له هه‌موو عێراق حه‌وت ساڵ جا پڕۆسه‌كه ته‌واو بووه، تا ئێسته‌یش شوێن هه‌یه له عێراق ته‌وتینی مووچه‌ی بۆ نه‌كراوه، ئه‌وه شتێك نییه به رۆژێك و مانگێك بكرێت، تا ئه‌و كاته‌ی پڕۆسه‌ی ته‌وتین ده‌كرێت بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌و رێككه‌وتنه‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا كردوویانه، به‌غدا هه‌موو مانگێك به‌شێوه‌ی كاش پاره‌ی مووچه بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌نێرێت.
رێككه‌وتنه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت و به‌غدا بابه‌تی مووچه كۆتایی پێده‌هێنێت؟
ئه‌و رێككه‌وتنه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ به‌غدا به جۆرێك كراوه كه چیتر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دواناكه‌وێت، مانگانه مووچه‌كانیان وه‌رده‌گرن، رێككه‌وتنێك بوو زۆر گرنگ و كاریگه‌ر، له‌به‌رژه‌وه‌ندی فه‌رمانبه‌ران، كۆتایی به كێشه‌ی دواكه‌وتن و نه‌دانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران هێنا، سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌و لێهاتووه‌ی خۆی كارێكی زۆر باشی كرد، له هه‌فته‌یه‌ك دوو مووچه و له رۆژانی داهاتووش مووچه‌ی سێیه‌م ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت كه بۆ مانگی چواری فه‌رمانبه‌رانه ئه‌م ده‌بێت پێی بڵێین سه‌ركه‌وتن.
پڕۆسه‌ی ته‌وتین و هه‌ژماری من بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له چ قۆناغێكدایه؟
ئه‌وه‌ی پێوه‌ست بێ به به‌غداوه رێككه‌وتن كراوه له‌سه‌ر ئه‌وه، ئه‌و بانكانه‌ی له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندی عێراق مۆڵه‌تی كاركردنی هه‌بێت ده‌توانێت له‌و پڕۆسه‌ی هه‌ژماری من خۆی تۆمار بكات و كار بكات و به‌شداربێت، رێككه‌وتنه‌كه‌ش له‌سه‌ر بانكی تی بی ئایه، هه‌ر بانكێكی تریش ده‌توانێت به‌شداربێت به مه‌رجێك سزای له‌سه‌ر نه‌بێت له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه، ئه‌وه كۆتایی هاتووه.
بابه‌تی پله به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌غدا چۆن كاری له‌سه‌ر ده‌كات؟
له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم پێویسته ئه‌و بابه‌ته به‌شێوه‌یه‌كی لیست ره‌وانه‌ی به‌غدا بكات له‌گه‌ڵ مووچه، ئه‌وكات به‌غدا له‌گه‌ڵ مووچه ئه‌و جیاوازییه خه‌رج ده‌كات بۆ پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، ئه‌وه‌یش ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه و كێشه‌ی نییه.
له باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی سوودانی بۆ ئه‌مه‌ریكا و كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆلار پێتان وایه گۆڕانكاری روو بدات؟
سه‌ردانێكی گرنگ ده‌بێت و پرسی دۆلار و ئه‌و بانكانه‌ی سزادراون له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا له ماوه‌ی رابردوو بابه‌تێكی گرنگی گفتوگۆكان ده‌بێت، هه‌واڵه‌كان باشن، بهلاَم ناكرێت له ئێسته‌وه هیچ بوترێت، چونكه كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕ و خه‌ڵك ده‌بێت.
دیمانه‌ی هۆشیار عه‌لی