لە 25ی مانگی ئاداری رابردووەوە هەناردنی رۆژانەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كیڵگەكانی كەركووك لە رێگەی بەندەری جیهانی توركیاوە وەستاوە، كە قەبارەی دەگاتە نزیكەی 500 هەزار بەرمیلی رۆژانە، شارەزایان پێیان وایە دواكەوتنی دەست پێكردنەوەی هەناردنەكە پێوەندی بە هەڵبژاردنی توركیا و هەندێك بابەتی ترەوە هەیە.
وەك لە راپۆرتێكی تۆری هەواڵی
"ئێن بی سی"ی ئەمەریكیدا هاتووە، هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووك لە 25ی ئاداری رابردوو لەدوای بڕیارێكی دادگەی پاریس وەستا، ئێستەش بڕیاری دەست پێكردنەوەی هەناردنی پشت بە ئەنجامی دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا لە یەكشەمی داهاتوو دەبەستێت.
راپۆرتەكە ئاماژە بۆ لێدوانێكی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە 23ی ئایار دەكات، بەوەی بەغدا بە توركیای راگەیاندووە كە دەتوانێت دەست بە هەناردنەوەی نەوتی لە رێگەی بەندەری جەیهان بكاتەوە، بۆ ئەوەش بەغدا چاوەڕوانی وەڵامی ئەنقەرە دەكات، روونی كردەوەن بەرپرسانی توركیا باسی ئەوەیان كردووە كە هەندێك بابەتی تەكنیكی هەیە و پێویستە بەر لە دەست پێكردنەوەی هەناردن هەڵسەنگاندنیان بۆ بكرێت، بۆیە شاندێكی عێراقی رەوانەی توركیا دەكرێت بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوت.
راپۆرتەكە لە چەند سەرچاوەیەكی لە كەرتی بازرگانی و باركردن و بەرهەمهێنانی نەوتی گواستەوە، ئەوان دەڵێن، لەسەر داوای بەغدا پێشبینی دەكرا هەناردنی نەوتی هەرێم و كەركووك لە رێگەی توركیا لە 13ی ئەم مانگە دەستی پێ بكرایەوە، واتە رۆژێك بەر لە هەڵبژاردنەكە، بەڵام بەهۆی چوونی پرۆسەكە بۆ گەڕی دووەم، بەربەستی خستە بەردەم دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوت.
بەپێی سەرچاوەكان دەسەڵاتدارانی ئێستەی توركیا نایانەوێ بەرپرسیارەتی دووبارە دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتەكە بگرنە ئەستۆ، لەو كاتەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ درێژكردنەوەی فەرمانڕەوایەتییەكەی، كە دوو دەیە ساڵە بەردەوامە.
راپۆرتەكە لە لاوك غەفووری، شەرۆڤەكاری كورد دەگوازێتەوە بەوەی بابەتی سەرەكیی كاریگەر لە دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهان، هەڵبژاردنی توركیایە، دووەم بەربەستیش دۆسیەكەی دادگەی باریسە لە دژی توركیا، واتە لە دوای 2018 تا ئێستە، كە ئەنقەرە داوا لە بەغدا دەكات ئەو داوایە بكشێنێتەوە، كەچی بەغدا تا ئێستە ئەوەی نەكردووە، بۆیە ئێستە پارتی فەرمانڕەوا، واتە داد و گەشەپێدان بە سەرۆكایەتی ئەردۆغان دەیەوێت بابەتی هەڵبژاردن بۆ بەرژەوەندیی خۆی یەكلا بكاتەوە، ئینجا مامەڵە لەگەڵ پرسی نەوتی هەرێمی كوردستان و بەغدا دەست پێ بكات.
راپۆرتەكە لە ژمارەیەك شرۆڤەكاری تری گواستەوە كە ئێستە توركیا دەیەوێت لە رێگەی گەیشتن بە رێككەوتنێكی روون و ئاشكرا لەبارەی شەرعیەتی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە نێوان بەغدا و هەولێر، خۆی لە كێشەی یاسایی زیاتر لابدات، چونكە ئەوەی ئێستە لە نێوان هەردوولا هەیە چەند رێككەوتنێكی سیاسییە نەوەك یاسایی.
راپۆرتەكە لە یەریڤان سەعید، توێژەر لە پەیمانگەی كەنداوی عەرەبی لە واشنتن دەگوازێتەوە بەوەی تا ئێستە چەند لایەنێكی تەكنیكی لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەولێر و بەغدا لەبارەی نەوتەوە پێویستە یەكلا بكرێنەوە، تا ئێستە روون نییە كە ئەو نەوتە چۆن هەناردە دەكرێت و ئەو لایەنەشی كۆنترۆڵی داهاتی نەوتەكە دەكات.
روونی كردەوە، لەلایەكی تر ئەنقەرە دەیەوێ گفتوگۆكان لەو بارەوە لەگەڵ بەغدا فرەوانتر بكات و سەرچاوەی ئاوی رووباری فورات و بوونی سەربازی توركیا لەناو خاكی عێراق بگرێتەوە.
لای خۆیەوە بیلال وەهاب، توێژەر لە پەیمانگەی واشنتن دەڵێت، كۆنترۆڵكردنی دەروازەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە لایەن توركیاوە، هێزی ئەوەی پێ دەبەخشێت كە داوا لە بەغدا بكات واز لە داواكردنی ئەو بڕە پارەی سزا دراوە بێنێت، هەروەها دەست لە داوای دووەم كە هێشتا بەردەوامە بێنێت، جیا لە فرەوانكردنی پێوەندیی بازرگانی ئەنقەرە و بەغدا.
روونی كردەوە، بەهۆی داخستنی بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێم، توركیا زۆر زیان ناكات و تەنیا رسووماتی تێپەڕبوونی نەوتەكەی بە خاكەكەی لەدەست دەچێت، لەوكاتەی بازرگانانی نەوت وریایی لەوە دەدەن بە دۆڕاندنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردن، رەنگە وەستانی هەناردنی نەوتەكە درێژە بكێشێت، چونكە ئەگەری هەیە كلیچدارئۆغڵو لە حاڵەتی بردنەوەی داوای گفتوگۆیەكی نوێ لەگەڵ عێراق لەو بارەوە بكات.
وەهاب دووپاتی كردەوە، پێم وا نییە ئەردۆغان لە حاڵەتی بردنەوەی ترسی لەوە هەبێت وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان وەك ئامرازێكی گوشار بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ بەغدا بەكاربێنێت، كە دۆخ و مەرجی گونجاوتری بۆ ئەنجامدانی كاری بازرگانی لە عێراق دەست بكەوێت، جیا لە سڕینەوەی ئەو غەرامە داراییەی بەسەریدا سەپێنراوە، یان سووككردنی داواكارییەكانی عێراق پێوەست بە پشكی ئاوی لە رووباری فورات و بوونی بنكە سەربازییەكانی توركیا لەناو خاكی عێراق.