بڕگەی دانەوەی پاشەكەوتی مووچە بۆچی لادرا؟

:: PM:10:04:09/06/2023 ‌

دوور لە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ دەركردنی هەردوو یاسای بودجە و نەوت و غاز، لە لایەنی ژمارەیەك ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان عێراقەوە گۆڕانكاری لە چەند بڕگەیەكی پێوەست بە هەرێمی كوردستان كرا، بۆ مەبەستی خۆیان بڕگەی دانەوەی پاشەكەوتی مووچەشیان بۆ زیاد كرد، كە بابەتێكی زۆر هەستیارە، بەوەی حكوومەتی هەرێم 10%ی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بداتەوە كە هەنگاوێكی زۆر گرنگە، بەڵام بۆچی لادرا؟
 
بابەتی پاشەكەوتی مووچە رێوشوێنێكی ناچاری بوو كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت مووچەی هەموو فەرمانبەران بدات، پەنای بۆ برد، چونكە ئەوكات داهات بەشی ئەوەندەی كردووە، ئێستەش ئەو پارەیە مافی فەرمانبەرانە و نكووڵی لێ نەكراوە، بەڵام هێشتا هەرێم پێویستی بە بەردەستبوونی پارەی پێویست هەیە، كە رەنگە نەتوانرێت لەو بڕە بودجەی ئێستە لە لایەن عێراقەوە تەرخان كراوە دابین بكرێت، بۆیە دەبوایە ئەوانەی بڕگەكەیان لەناو رەشنووسی بودجە جێگیر كرد، مسۆگەركردنی سەرچاوەی دارایی دانەوەی ئەو پاشەكەوتەیان دیاری كربا، ئەوكات لە سنووری موزایەدە دەردەچوو بۆ داوای مافی فەرمانبەران.  

دوای ئەو زانیارییانەی باسی ئەوەیان كرد كە لە میانی گفتوكانی هادی عامری و محەمەد حەلبووسی و فوئاد حوسێن و فراكسیۆنە كوردییەكان، بڕگەی تایبەت بە دانەوەی پاشەكەوتی مووچە لە بودجە لادراوە، ڤیان سەبری، سەرۆكی فراسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دووپاتی كردەوە كە پارتی بە هەموو جۆرێك لەگەڵ ئەوەدایە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بدرێتەوە، چونكە ئەوە مافی فەرمانبەرانی هەرێمە، بەڵام پێویستە شایستەی دارایی لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ تەرخان بكرێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی روونی كردەوە، هەموو ئەوانەی لەوبارەوە موزایەدە دەكەن، تەنیا یاری بە هەست و سۆزی خەڵك دەكەن و كەسیان داوای ئەوەیان نەكردووە كە دەبێ بڕە پارەیەك بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بكرێت.

لای خۆیەوە سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی دادگەری دەڵێت، لە كۆبونەوەكەی سەرۆكی پەرلەمان و هادی عامری و فراكسیۆنەكان بڕگەی پاشەكەوتی مووچەیان لادا، بە هادی عامریم گوت ئەوە مافی خەڵكە چۆن لای دەبەن، گوتی حكوومەتی هەرێم تەحەمولی ناكات، ئەوەش دەری دەخات كە ئەو بابەتە ناكردەنییە و هەر لە سەرەتاوە بۆ موزایەدە و شەرمەزاركردنی حكوومەتی هەرێم دانراوە و پێوەندی بە فەرمانبەرانەوە نییە، چونكە حكوومەتی هەرێم ئەو خەرجییەی لەبەردەستدا نییە كە بیداتەوە.

لای خۆیەوە شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت، وەك حكوومەتی هەرێم و پارتی داومان كردووە، تەرخانكردنی دارایی بۆ پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەبێت، بە شێوەیەك نەك بۆ 10%، بەڵكو بۆ تەواوی قەرەبووكردنەوەی پاشەكەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

روونی كردەوە، بۆ ئەو مەبەستە دەبێت وەزارەتی دارایی ئەو پارەیە تەرخان بكات، بەڵام وەزارەتەكە ئامادە نەبوو ئەو پارەیە بخاتە ناو بودجە یان دوای پەسندكردنی بودجە تەرخانی بكات، پێشنیازێكی تر هەبوو كە حكوومەتی عێراق قەرز بە حكوومەتی هەرێم بدات بۆ دانەوەی پاشەكەوتی مووچە، بەڵام رەت كرایەوە، بۆیە بڕیار درا بە لابردنی ئەو بڕگەیەی تایبەتە بە دانەوەی پاشەكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

دوای سەرنەگرتنی و بۆ كۆتاییهێنان بەو بابەتەی كە مافی فەرمانبەرانە و چاویان لێیەتی و هەندێك هێزی سیاسی بۆ مەبەستی خۆیان بۆ موزایەدە و بانگەشەی هەڵبژاردن و راكێشانی سۆزی ئەوان و شێواندنی هەڵوێستی پارتی بەرانبەریان بەكاریان هێنا، چەند فراكسیۆنێكی كوردی لە پەرلەمان كۆنگرەی رۆژنامەوانیان ساز كرد، ددانیان بەوەدا نا كە ئەو بڕگە لادراوە و بەڵێنیان دا كە هەوڵ بدەن لە كاتی خوێندنەوەی مادەكانی پێوەست بە هەرێم لەناو پەرلەمان بیگەڕێننەوە.



وشە - تایبه‌ت