سۆلاڤ شەیدا بە شێرپەنجە كۆچی دوایی كرد

:: PM:02:14:17/07/2023 ‌
ئەكتەری شانۆ و درامای كوردی سۆلاڤ شەیدا، سەرەتای ئەمساڵ تووشی شێرپەنجە بوو و لە ژێر چارەسەریی پزیشكیدا بوو، بەڵام ئەمڕۆ كۆچی دوایی كرد.

ئەمڕۆ دووشەم 17ـی تەمووز، ئەكتەر و هونەرمەند سۆلاڤ شەیدا بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە، لە نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد.

لە مانگی كانوونی دووەم ئەو هونەرمەندە تووشی شێرپەنجە بوو، جۆری شێرپەنجەكەی سۆلاڤ لیمفەگرێیەكان بوو، لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی چارەسەری كیمیایی وەردەگرت.

ئەم ئەكتەرە نزیكەی 30 ساڵە كاری هونەریی دەكات و بە شانۆ دەستی بە نواندن كرد، پاشان بۆ دراما و فیلم و جگە لە نواندن، دەرهێنەر و هاوكات چالاكی مەدەنیش بووە.

سۆلاڤ شەیدا لە ساڵی 2007 لە درامای "گوڵێك كاڵتر” دەركەوت، پاشان رۆڵی لە چەندان فیلم و درامای تردا بینی، وەك "فیلمی ژانی گەل، درامای بەختەباران و ژیلەمۆ”.

شەیدا بەشداریی لە چەند فێستیڤاڵێكی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ سینەما كردووە، خاوەنی چەند خەڵاتێكیشە، یەك لەوان باشترین سیناریۆ بۆ كورتە فیلمی "فرمێسك بۆ تارا"، خەڵاتی لاوی ساڵی لەلایەن سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان پێ بەخشرا.



وشە - رامیار جەواد