عێراق 15 بازرگان و بەكارهێنەرانی مادەی هۆشبەر دەگرێت

:: AM:11:13:07/05/2024 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و ئاسایش لە وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەمڕۆ رای گەیاند، مەفرەزەكانیان توانیویانە لە چوار پارێزگای وڵاتەكەدا، 15 بازرگان و بەكارهێنەرانی مادەی هۆشبە بگرن و هاوكات دەست بەسەر رێژەیەك لە مادەكە بگرن.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم حەوتی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی بەیاننامەكەی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و ئاسایشی وەزارەتی بەرگریی عێراق، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكان، توانیویانە لە پارێزگاكانی بەغدا، دیوانیە، موسەنا و نەینەوا، 15 بازرگان و بەكارهێنەرانی مادەی هۆشبەر بگرن و رادەستی یاسایان بكەن.

بەپێی بەیاننامەكە، مەفرەزە مەیدانییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە و بەپێی زانیارییەكانیان، توانیان 15 بازرگان و بەكارهێنەرانی مادەی هۆشبەر بگرن كە كەسانی دیار بوون و پێشتر بە مادەی "28 هۆشبەر" فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووبوو.

بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەش داوە، گرتنی ئەو تاوانبارانە لەڕێی چاودێرییان بووە و پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەكان بووە، لەگەڵ گرتنیاندا توانیان دەست بەسەر رێژەیەك مادەی هۆشبەر بگرن. هاوكات دەستیان بەسەر چەند چەكێك گرتووە و تەواوی تاوانبارەكان رادەستی لایەنی یاسا كراون تا سزای خۆیان وەربگرن.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د