مادەی هۆشبەر ماڵێك وێران دەكات

:: PM:09:47:27/08/2023 ‌

تێكهەڵكێشیی هۆكارەكانی تاوان، تاوانی گەورەتریان لێ دەكەوێتەوە، كاتێك كێشەی خێزانی و جیابوونەوە و مادەی هۆشبەر و توندوتیژیی خێزانی یەك دەگرن، ئەوانە كۆمەڵگە و خێزان و دەروونی تاك وێران دەكەن، بە شێوەیەك چاویان خۆشییەكانی ژیان و پێوەندیی لەگەڵ یەكتر نابینێت و ئامادەی هەموو جۆرە تاوانێك دەبن، تەنانەت لەگەڵ نزیكترین كەسیان، وەك ئەوەی لە میسر رووی دا.

بە پێی سەرچاوە تەناهییەكان لە میسر، كچێكی 15 ساڵ بە شێوەیەكی دڕندانە باوكی خۆی كوشتووە، ئەو سەری بوتڵی غازی كردووەتەوە تا ماڵەكەیان پڕ بووە لە غاز، كاتێك باوكەكە جگەرەیەك دادەگیرسێنێت، ئاگرەكە گڵپە دەكات و لەناو ئاگرەكەدا دەسووتێت و دەبێتە لاشەیەكی تەواو سووتاو.

ئەو تاوانە لە شاری ئەتفیح لە جیزە لە باشووری قاهیرە لە میسر رووی داوە، كاتێك پۆلیس زانیاری بە دەست گەیشتووە بە بوونی رووداوی سووتانی شوقەیەك و گیانلەدەستدانی كەسێك بەهۆی ئاگرەكەوە، كاتێك پۆلیس دەچێتە شوێنی رووداوەكە تەرمێكی تەواو سووتاو دەدۆزنەوە، كە دەركەوت خاوەنی شوقەكەیە.

پۆلیس گومانی كەوتووەتە سەر رووداوەكە كە بە بەمەبەست ئەنجام درابێت، بەوەی سەری بوتڵە غازەكە لە لایەن كەسێكەوە كراوەتەوە، بۆیە لێكۆڵینەوەكان بەو ئاراستەیە كاریان كرد، دەركەوت ئەو پیاوە تەمەن 36 ساڵە، ماوەیەكی كەمە لە هاوسەرەكەی جیا بووەتەوە، لەو ساتەوە لەگەڵ كچەكەی بەتەنیا دەژین.

پۆلیس كچەكەی بۆ لێكۆڵینەوە بانگ كرد، دەركەوت كە هیچ شوێنەوارێكی سووتانی بەسەر دیار نییە، بۆیە لە كاتی لێكۆڵینەوەدا دەمی تێك دەئاڵێت و لەبارەی هۆكاری چوونەدەرەوەی لە ماڵەكە قسەی جیاواز دەكات، كاتێك گوشاری خراوەتە سەر، ددانی بەوەدا ناوە كە ئەو سەری بوتڵە غازەكەی كردووەتەوە.

ئەو كچە تەمەن 15 ساڵییە لە باسی رووداوەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە باوكی ئاڵوودەبووی مادەی هۆشبەر بووە، بەو هۆیەشەوە بە بەردەوام لەگەڵ دایكی شەڕ و دەمەقاڵیان بووە، بۆیە كە دایكی نەیتوانیوە لەو مادەیە دووری بخاتەوە، لێی جیا بووەتەوە و چووەتەوە ماڵی كەسوكاری، دوای ئەوە لەگەڵ باوكی بە تەنیا ژیاون و بە بەردەوام لێی داوە. 

كچەكە ئەوەشی گوت كە بەهۆی لێدانی و جیابوونەوەی لە دایكی، پلانی بۆ خۆرزگاركردن لە باوكی داناوە، بۆیە سوودی لەو هەلە بینیوە كە باوكی لە رێگەی جگەرەوە مادەی هۆبەر بەكاردێنێت، بۆیە سەری بوتڵی غازی كردووەتەوە و ماڵەكە پڕ بووە لە غاز و ئەو چووتە دەرەوە و دەرگەی داخستووە، كاتێك باوكی جگەرە دادەگیرسێنێت، ئاگر گڵپە دەكات و دەسووتێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل