توێژەرێك: کێشەی مۆبایل ئامێرەکە نییە بەڵکوو خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکەیە

:: AM:10:21:17/09/2023 ‌
مۆبایل یەكێكە لەو ئامرازانەی ئێستە مرۆڤ بەكاری دەهێنێت بۆ راییكردنی كاروبارەكانی رۆژانە و سوودی لێ وەردەگرێ بەڵام لە هەمان كاتدا مۆبایل كۆمەڵگەی تووشی چەندان كێشە كردووەتەوە، توێژەرێكی دەڵێ، هۆکارەکە لە ئامێرەکە نییە و بەشێکە لە ژیان، بەڵکوو لە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکەیە.

ئەمڕۆیەکشەم 17 ئەیلوول، سەعد بەرزنجی توێژەری كۆمەڵایەتی، بە "وشە"ی راگەیاند، مێژووی پێوەندیكردن دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی 1900ی زاینی، لەو سەردەمانەدا تەلەفۆن بە وایەربوو، ئێستە بووەتە ئەم مۆبایلە بێ تەلانە، مۆبایل لە دوای ساڵی 2003 هاتە ناو كۆمەڵگەی عێراق و كوردی، هەرچەند پێش ئەو ماوەیە هەبوو، بەڵام بە بەربڵاوی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2003، كاری سەرەكیی مۆبایل بریتییە لە پێوەندیكردن لە نێوان تاكەكاندا، بەڵام لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا هێواش هێواش مۆبایل كارە سەرەكییەكەی خۆی ون دەكات، ئەویش مۆبایل بووەتە بەشێك نەك لەناو هەموو خێزانەكان، بەتایبەتیش بووە بە بەشێكی گرنگی سەرەكی لای منداڵان، كە ئێستە منداڵی تەمەن خوار سێ ساڵ، مۆبایلی دەوێت و بەكاری دەهێنێت.

ئەو توێژەرە دەڵێ، "ئەو شەپۆلە تەكنەلۆجییەی كە هاتووە، مرۆڤ ناتوانێت رووبەڕووی ببێتەوە و خۆی لێ بەدوور بگرێت، بەڵام دەتوانرێت سوودی لێ ببینرێت بۆ زۆر بابەتی باش، لێرەدا دەكەوێتە سەر ئەو كەسەی چۆن بەكاری دەهێنێت، چونكە پڕاوپڕە لە شتی بەسوود، ئەوەی لێرە كێشە بێت، خراپ بەكارهێنانیەتی لای بەشێك لە خەڵك".

سەعد بەرزنجی باسی لەوەش كرد، ئەو ئەپانەی لەناو مۆبایل هەن، دووسەرەن و دەتوانی بۆ سوودوەرگرتن بەكاری بهێنی، بۆ نموونە وەك هەواڵ پرسینێك یا زانیاری بەكاری بهێنی، نەك وەك خوویەك بەكاری بهێنی بۆ كاری تر كە زیانت پێ بگەیەنێ، بوونی مۆبایل لە ناو كۆمەڵگەدا بووەتە زیانێكی حەتمی و رووبەڕووبوونەوە و دابڕانی مۆبایل ئێستە لەناو كۆمەڵگەدا زۆر ئەستەمە، پێویستە ئێمە هەوڵ بدەین سوود لە ئەپەكانی ببینین كە كۆمپانیاكان ململانێ دەكەن لەسەری.

ئەو توێژەرە گوتیشی، من لەگەڵ ئەوەدا نیم كە وازی لێ بهێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەدام بەباشی بەكاری بهێنین.


وشە - لاڤین عومەر