ئێران كێشە بۆ عێراق دروست دەكا و لە سزاكانی ئەمەریكای نزیك دەكاتەوە

:: PM:08:26:17/09/2023 ‌

عێراق و ئێران دوو وڵاتی دراوسێن و چەند پێوەندییەكی سیاسی و ئابووری و بازرگانی و تەناهی و كۆمەڵایەتی بەیەكەوەیان دەبەستێتەوە، تاران بە بەردەوام ترسی لە لەدەستدانی هەژموونی بەسەر عێراق هەیە، ئەمەریكاش سوود لەوە دەبینێت و خستوویەتییە ناو سیاسەتەكانی بۆ خنكاندنی ئابوورییانەی ئێران، بۆیە حكوومەتی ئێستەی عێراق كەوتووەتە تاقیكردنەوەی رژد بۆ هەڵبژاردنی یەكێك لەو دوو بەرە، ئەو ناتوانێت دەستبەرداری ئێران بێت، ئەوەش لە بازنەی سزادانی ئەمەریكای نزیك دەكاتەوە.  

د. غازی فەیسەڵ، سەرۆكی ناوەندی عێراق بۆ لێكۆڵینەوە ستراتیجییەكان دەڵێت، ئەمەریكا ناڕەزایەتی زۆری بەرانبەر بە هەندێك لە سیاسەتەكانی حكوومەتی عێراق هەیە، بەتایبەتی پێوەست بە حەواڵەی رەشەوە، بۆیە ئەگەری هەیە واشنتن ناچاری راگەیاندنی سزای نوێ بێت كە رەنگە كەرتی نەوتی عێراقیش بگرێتەوە. 

روونی كردەوە، بە پێی رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیجیی واژووكراو لە لایەن هەردوو حكوومەتی عێراق و ئەمەریكا لە 2008 كە پەرلەمانی عێراق لە 2009 پەسندی كردووە، ئەمەریكا هاوبەشێكی ستراتیجیی عێراقە، بۆیە ئەو پێوەندییە توندوتۆڵەیان لە رووەكانی سەربازی سیاسی و تەكنۆلۆجی و ئابوورییەوە بەردەوام دەبێت.

فەیسەڵ ئاماژەی كرد، هاوكات هەندێك كێشەی گەورە لە نێوانیان هەیە، لەوانە یاریكردنی بانكە عێراقییەكان بە حەواڵەی دۆلار، واتە حەواڵەی رەش، كە پێوەستە بە گەندەڵی دارایی و سپیكردنەوەی پارە، بەتایبەتی بە ئاراستەی ئێران، بۆ ئەوەش واشنتن هەڕەشەی لە بانكی ناوەندی و حكوومەتی عێراق كردووە بەوەی ناچارە بەو هۆیەوە سزا بەسەر ئەو بانكانە بسەپێنێت، كە رەنگە كەرتی نەوتی عێراقیش بگرێتەوە.   

وەك ئەو توێژەرە ستراتیجییە دەڵێت، لەسەر ئەو بنەمایە هەڵوێستی گشتیی هاوبەش و پێوەندی هاوپەیمانی ستراتیجی لە نێوان واشنتن و بەغدا هەیە، هاوكات ناڕەزایەتیی گەورەش لە بەرانبەر سیاسەتی هێزە رادیكالییەكانی نزیك لە ئێران لە عێراق هەیە، جیا لە میلیشیاكانی هاوپەیمان لەگەڵ سوپای پاسداران و هەندێك لە سیاسەتەكانی حكوومەتی عێراقیش كە بەرژەوەندییە ستراتیجییەكانی ئەمەریكا فەرامۆش دەكەن. 

فەیسەڵ دووپاتی دەكاتەوە، بەو شێوەیە و بەقەد ئەوەی واشنتن هاوپەیمانی بەغدایە، بەڵام چەندان تێبینی لەسەر حكوومەتی عێراق هەیە كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێكی هێناوە، هەر بەوهۆیەشەوەیە كە تا ئێستە كە داوەتنامەی فەرمیی ئاراستەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق نەكراوە بۆ سەردانیكردنی واشنتن و دیداری جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا، كە رەنگە لە ماوەی ئەم مانگە هەلێك بۆ دیداری ئەوان لە نیویۆرك لە میانی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان برەخسێت.

ئەمەریكا هەموو رێگەیەكی لەپێش عێراق داخستووە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران بەو شێوەیەی ببێتە هۆی یارمەتیدانی و شكاندنی سزاكانی بەسەر تارانی سەپاندووە، داوای لێ كردووە بەدوای سەرچاوەی تری وزەی كارەبا و غاز لە ناوچەكە بگەڕێت، دەشبێت پارەی غازی ئێران بەو شێوەیە بدات كە ئێران تەنیا بۆ مەبەستی مرۆیی سوودی لێ ببینێت، كەچی بانك و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق، دۆلارێكی زۆر بە ئێران و ئەو وڵاتانە دەدەن كە سزای ئەمەریكایان لەسەرە، ئەوەش پێچەوانەی ویستی واشنتنە و ئەو وڵاتەی توڕە كردووە.

د. نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری ئاماژە دەكات، پێ دەچێت سەردانەكەی هەفتەی رابردووی یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا بۆ بەغدا تەنیا پێوەست نەبووبێت بە یارمەتیدانی بانكی ناوەندی عێراق لەبارەی هەوڵەكانی بۆ سەقامگیریی نرخی دۆلار، بگرە ئاماژە بووە بۆ ئەگەری سەپاندنی سزای زیاتر لەسەر كەرتی بانكی عێراق، لە حاڵەتی بەردەوامبوون لە پرۆسەی قاچاخی دۆلار.

ئەو شارەزایە دووپاتی كردەوە كە ئەو دۆخەی عێراق و بەردەوامیی هەڕەشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر كەرتی بانكیی عێراق، بە قەدەغەكردنی هاوردەكردن و گەشتكردنی عێراقییەكان بۆ ئێران چارەسەر دەبێت، كە ئەمەریكا وەك ئامانجێكی ستراتیجی مەبەستیەتی بۆ خنكاندنی ئابوورییانەی ئێران، كە ئەوەش مەترسیدارە بەهۆی پێگەی گرنگیی ئابووری عێراق لەناو ستراتیجیەتی ئابووری ئێرانەوە.    

سەرەڕای كۆتەكانی بانكی ناوەندی عێراق، تا ئێستە ژمارەیەك لە بانك و كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوی عێراقی لە بردنەدەرەوەی بە قاچاخی دۆلار و سپیكردنەوەی پارە بەردەوامن، ئەوان سەر بە ژمارەیەك میلیشیا و سیاسەتوان و هێزی سیاسین، سوودمەندی كۆتاییش ئێران و ئەو وڵاتانەن كە سزای ئەمەریكایان لەسەرە، ئەوەش وای كردووە شارەزایان بە بەردەوام باسی كاریگەرییەكانی سەپاندنی سزای نوێ و فرەوانتری ئەمەریكا بكەن و حكوومەتی عێراقی لێ وریا دەكەنەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل