پارتی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگەكان ئامادە كردووە.. بە نیازی چییە؟

:: PM:07:33:18/11/2023 ‌

بڕیارە لە 18ی مانگی كانوونی یەكەمی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق، جگە لە هەرێمی كوردستان، بەڕێوە بچێت، هەڵبژاردنەكە زۆر گرنگە، بە تایبەتی بۆ كورد، كە سەنگ و دەسەڵاتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەچەسپێنێت و پێشان دەدات، پارتی دیموكراتی كوردستان كە بەم دواییە بە فەرمی بارەگەكانی گەڕایەوە ئەو ناوچانە، بەرنامەیەكی تۆكمەی هەیە و بە نیازە ئەو لاربوونەی لە هاوكێشەی نوێنەرایەتیی كورد لە 16ی ئۆكتۆبەر دروست بوو، راستیات بكاتەوە.

شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی لەسەر پارێزگەی نەینەوا دووپاتی دەكاتەوە كە كورد لەو هەڵبژاردنە هەوڵی راستكردنەوەی دۆخەكە دەدات، چونكە پێشتر لە ناوچە كێشەلەسەرەكان تووشی گوشار و پێشێلكاریی مافەكانی بوو و وەك پێویست رەچاوی بوون و سەنگ و قورسایی جەماوەری و سیاسی نەكرا.  

روونی كردەوە، لەو هەڵبژاردنە و دوای پرۆسەكەش، هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو مافانەی كورد دەدەین كە زەوت كرابوون و ئەنجامەكان بۆ بەرژەوەندیی كورد ئاوەژوو بكەینەوە، بۆ ئەوەش هێز و ویستی جەماوەریی پێویستمان هەیە، بۆیە هەنگاوی داهاتوومان بەدەستهێنانەوەی ئەو پۆستانەیە كە مافی ئێمە بوون و لێمان زەت كرابوون.

ئێستە هێزە كورستانییەكان لەبەردەم بەرپرسیارەتییەكەی گەورەی نەتەوەیی و نیشتمانیدان، چونكە ئەوەی ئەوان تەنیا كێبەركێ نییە لە نێوان خۆیان بۆ بەدەستهێنانی چەند كورسی پۆستێكی دیاریكراو، بەڵكو لە كێبەركێیەكی توند لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی پێكهاتەكانی تر، بە تایبەتی عەرەبی سوننە و شیعە و توركمان، كە هەموو هەوڵێك دەدەن پۆستی پارێزگاری كەركووك و سەرۆكی یەكە كارگێڕی و بەڕێوەبەری دەزگە و فەرمانگەكان لە ناوچە كێشەلەسەرەكان بۆ خۆیان ببەن.

ئێستە كورد، بە تایبەتی پارتی و یەكێتی، چاویان خستووەتە سەر پۆستی پارێزگاری كەركووك، چاودێرانیش پێیان وایە ئەگەر كورد لە كەركووك یەكگرتوو بێت، دەتوانێت ژمارەیەكی گەورەی كورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگەكە و پۆستی پارێزگاریش بە دەست بێنێت، جیا لەوە دەتوانێت لەبارەی جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستووری عێراق، ئەو بابەتە گەرم بكات، بە تایبەتی راپرسی بۆ دیاریكردنی چارەنووسی كەركووك.  

لای خۆیەوە وەفا محەمەد كەریم، ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە كە پێكهاتەی كوردی لەناو خۆیان رێككەوتوون و كۆكن بۆ گەڕاندنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركووك، روونی دەكاتەوە كە ئەگەر كورد بە یەك لیستیش نەچێتە ناو هەڵبژاردنەكەوە، ئەوان لە نێوان خۆیان رێكن، بەوەی پۆستی پارێزگاری كەركووك بگەڕێتەوە بۆ كورد.

روونی كردەوە، ئەوەی بۆ پارتی گرنگە هەندێك لە حزبە بچووكەكان بە لیستی سەربەخۆ نەچنە ناو پرۆسەكەوە، واتە بێ هاوپەیمانیكردن لەگەڵ هێزە كوردییەكانی تر، بۆ ئەوەی دەنگی كورد بە فێڕۆ نەچێت و كار نەكاتە سەر پشكی كورد.

لە 6ی ئابی ئەمساڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هاوپەیمانیەتیی لەگەڵ شەش حزبی كوردستانی بۆ پارێزگەی كەركووك پێك هێنا، لەوانە بزووتنەوەی ئیسلامی و پارتی سۆسیال دیموكرات و چەند حزبێكی توركمانی، بەڵام یەكێتی نەهاتە ناو هاوپەیمانیەتییەكەوە، لەو كاتەی پارتی ئەوەی راگەیاند كە جیا لە حزبە ئیسلامی و نەتەوەییەكان، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی تریش رێك دەكەون.   

عەدالەت عەبدوڵا، نووسەر و شرۆڤەكاری سیاسی پێی وایە بە هۆی نەگەیشتنی لایەنە كوردستانییەكان بە دەقێكی هاوبەش بۆ یەكگرتن، بە تایبەتی لە كەركووك، دۆخی كورد لە ناوچە كێشەلەسەرەكان باش نەبێت، كاتێك حزبە كوردییە سەرەكی و لاوەكییەكان بە لێكگەیشتنێكی هاوبەش و بنیاتنانی هاوپەیمانیەتێكی یەكگرتووی كوردستانی لە ناوچە كێشەلەسەرەكان نەگەیشتوون، دووپاتی كردەوە كە كورد خاوەنی دۆزێكی ناوەندییە، ئەویش ناسنامەی كەركووك و ناوچە كێشەلەسەرەكانە، كە دەبوایە پاڵ بە هێزە سیاسییەكان بنێت بۆ یەكبوون.

پێوەست بە بەرنامە و ئامانجەكانی پارتی نەژاد مەحموود، رۆشنبیر ئاماژە دەكات كە پارتی هێزێكی گەورەیە لە عێراق و خاوەن مێژوویەكی پڕشنگدار و كەسایەتییەكی بەهێزی وەك سەرۆك بارزانییە، حزبێكیش مێژووەكەی دەیان ساڵ بێت، ئەوەمان پێ دەڵێت كە ئەم حزبە چەند كاریگەریی بەهێزی لەسەر ئاستی ناوچەكە و كوردستان و عێراق هەیە، لەبەر ئەوەیە پارتی دەتوانێت رۆڵی خۆی لە هەر ناوچەیەك بگێڕێت و ببتە هۆكاری ئارامی و سەقامگیری و حیسابی تایبەتی بۆ بكرێت.

محەمەد كەمال، بەرپرسی لقی كەركووكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، هەڵبژاردن رێگەیەكە بۆ گۆڕانكاری بەرەو باشتر، هەوڵی دامەزراندنی حكوومەتێكی ناوخۆیی دەدەین كە بەیەكەوەژیانی ئاشتییانە بچەسپێنێ و مافی هەموو پێكهاتەكان مسۆگەر بكات، هەوڵی گۆڕینی ئیدارەی ئێستەی كەركووك دەدەین، پارێزگارێك بێت كە بە ناوی هەموو پێكهاتەكانەوە قسە بكات نەوەك یەك پێكهاتە.

دووپاتی كردەوە، ئەو پارێزگارەی ئێستە دانراوە و شەرعی و دەستووری نییە، بۆیە پێویستە دۆخی ئیداریی كەركووك بێتە گۆڕان، سەبارەت بە چانسی پارتی لەو هەڵبژاردنە ئاماژەی كرد، ناتوانین پێشبینیی پێشوەختەی ژمارەی كوردسییەكانمان بكەین، ناشمانەوێ پێش رووداوەكان بكەوین.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل