پیاوێک لە ماوەی 16 هەفتەدا 20 کیلۆی كێشی دابەزاند

:: PM:07:08:26/11/2023 ‌
لە ڕێگەی ئەنجامدانی وەرزش و پارێزی بەردەوام بە درێژایی 16  هەفتە، پیاوێک توانی 20 کیلۆ لە کێشی دابەزێنێت و ''سیکس پاک'' دروست بکات.

ستیفان جارمۆلۆڤیچی تەمەن 43 ساڵ کە دانیشتووی شاری مانچستەری بەریتانیایە، بە گوتەی خۆی پێشتر چەندان جار هەوڵی داوە کێشی بهێنێتە خوارەوە و لەش و لارێکی ڕێکی هەبێت، بەڵام دوای دەست پێ کردن بە ئەنجامدانی هەر جۆرێک لە پارێزی دەستی کردووەتەوە بە خووە خراپەکانی خواردن و نەیتوانیوە پابەند بێت.

ستیڤان دەڵێ زۆر بێزار بووە بە شێوازی لەش و لاری، کاتێک لە ئاوێنەدا لە خۆی ڕوانیووە هەستی بە شەرمەزاری کردووە، بەپێی قسەکانی هاندەری سەرەکی ستیڤان لە دابەزاندنی 20 کیلۆ لە کێشی بەم ماوەیە منداڵەکانی بوونە.

''زۆر هەستم بە تاوان دەکرد کە هەموو کاتەکانم لە ماڵەوە لە سەر قەنەفە بەسەر دەبرد و کارم بووبووە تەماشاکردنی تەلەڤزیۆن و خواردن، هەستێکی نابەرپرسیارانەم هەبوو بەرانبەر بە منداڵەکانم و پێم وابوو نموونەی باوکێکی خراپ پیشانی منداڵەکانم دەدەم'' ستیڤان وای گوتووە.

ئەم کەسە زۆر بە غەمبارییەوە باس لە ئەزموونی خۆی دەکات لەگەڵ قەڵەویدا و دەڵێ، هەر کات هەستی کردبێت کە نموونەیەکی خراپە بۆ منداڵەکانی، تۆڵەی خەمەكەی بە خواردنی زۆر کردووەتەوە، نەستەلە، چپس، چەوری و هەموو جۆرە خواردنێکی ناتەندروستی خواردووە، دەشڵێت ''هەندێک کات بڕیارم دەدا پارێز بکەم، بەڵام تا شەو خۆم پێ ڕادەگیرا و دووبارە دەستم دەدایەوە خواردنی شیرینی و بە شێوازێکی ناتەندروست خۆم تێر دەکرد''. 

شایەنی باسە پیاوە تەمەن 43 ساڵانەکە 90 کیلۆ بوو کاتێک دەستی کردووە بە ئەنجامدانی وەرزش و پارێزی، ئێستە تەنیا 69 کیلۆیە و بووەتە خاوەن لەش و لارێکی ''فتنس'' و قیت. 

کلیلی سەرکەوتنی ستیفان تایبەت بوو و لەوەوە دەستی پێ کرد کە ڕاهێنەرێکی تایبەتی گرت و لە هۆڵێکی ڕاهێنان ناوی خۆی تۆمار کرد، لە هەفتەیەکدا دوو جار چووەتە هۆڵی ڕاهێنان و لەگەڵ ڕاهێنەرە تایبەتەکەی مەشقی چڕی ئەنجام داوە، لە کاتێکدا هەفتەی جارێکیش خۆی ڕاهێنانی ئەنجام داوە.

ستیفان لە هەفتەیەکدا 10 کیلۆمەتر لەسەر ئامێری ڕاکردن ڕاهێنانی کردووە و دەڵێ، سەرەتا ئەو ماوەیەم بە 50 خولەک دەبڕی، بەڵام ئێستە تەنیا 42 خولەکم پێویستە. هەروەها لە باسی چڕی ڕاهێنانەکانیدا، ستیفان دەڵێ کەمتەرخەمی نەکردووە و هەموو ڕاهێنانەکانی بە ''سووپەر سێت'' ئەنجام داوە.

دەربارەی ژەمە خۆراکییەکانی و سەرکەوتنی لە پارێزیدا دەڵێ، یەکێک لە هۆکارەکانی زاڵبوون بەسەر کێشیدا بریتی بووە لەوەی، بە بێ شەرم هەموو خووە خراپەکانی خواردنی بە ڕاهێنەرەکەی گوتووە و بەمەیش ڕاهێنەرە تایبەتەکەی سەرکەوتوو بووە لە داڕشتنی پلانێکی سەرکەوتووی خۆراکی.

ژەمی بەیانییانی ستیفان بریتی بووە لە سێ هێلکەی کوڵاو، هێلکەیەکی نەکوڵاو بە سادەیی و گیراوەیەکی پڕۆتین، ژەمی نیوەڕوانی پێکهاتووە لە 120 گرام لە مریشک و 125 گرام برنجی کوڵاو لەگەڵ ئەڤۆکادۆ یاخود پارچەیەک پەنیری ''فیتا''.

بۆ ژەمی ئێوارانیش، ستیفان ماسی سەلەمۆن یاخود مریشکی خواردووە لەگەڵ هەندێک پەتاتەی کوڵاو.

لە باسی ئەم بەرنامەیەی خواردن دەڵێ، زۆر سەختە و دەبێت بە بەردەوامی پێوەی پابەند بیت، دەبێت تەنانەت بە خواردنی بسکیتێکیش لانەدەیت لە سیستمەکە.

ستیفان دەڵێ بۆ ئەمەیش دەبێت ئیرادەیەکی پتەوت هەبێت و پێویستت بە پاڵنەرێکی بەهێزە، هەروەها ئەو پاڵنەرە بە "ئازار" پێناسە دەکات، دەڵێ بینینی منداڵەکانی بە جۆرێک کە تەماشای باوکیان کردووە وەک کەسێکی قەڵەو و ناڕێک و کەم وزە، وای لێ کردووە ئازاری بدات و ئەم ئازارە وای لێ دەکات کە بەردەوام بێت لەسەر ئەم جۆرە ستایلە توندە لە ژیانکردن.

لە پاڵ هەموو ئەمانەدا ستیفان بڕێکی باش لە میوەی خواردووە. ئەم پیاوە لەم ماوەیەدا ڕێژەی قەڵەوی لەشی لە%20 بۆ %10 دابەزاندووە. 


وشە - ئارا هێمن