"بەغدا دەیەوێ بە هەنگاو هەرێم بخاتە ژێر دەستی خۆی و بۆ دەرفەتێك دەگەڕێت ئەوە بكات"

:: PM:09:19:28/11/2023 ‌

حكوومەتی عێراق پێنج مانگە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی وەك پێویست رەوانە نەكردووە، مانگ لە دوای مانگیش بە بیانووی جۆراوجۆرەوە ناردنی پارەكە دوا دەخات، ئەوەش لە لایەك یاریكردنە بە هەستی فەرمانبەران و لە لایەكی تر هاندانیانە لە دژی حكوومەتی هەرێم، لەوكاتەی ئەگەر بەغدا پارە بنێرێت، حكوومەتی هەرێم لە ماوەیەكی كەمدا مووچە دابەش دەكات.
 
گەڕانەوە بۆ بەغدا و نەمانی داهات لە ژێر دەستی حكوومەتی هەرێم، وای كردووە فەرمانبەران چاویان لە دەستی بەغدا بێت تا مووچە بنێرێت و دابەش بكرێت، بەغدا چەند مانگێكە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نەناردووە، ئەو قەرزەشی كە بۆ مووچەی فەرمانبەران باسی دەكات، مانگانە لە كاتی خۆیدا رەوانەی ناكات، بۆیە ئەو بەغدایەی كە زۆرێك پێیان وابوو ئەگەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە دەستی ئەودا بێت هیچ گرفتێك بۆ مووچە دروست نابێت، دەركەوت كە بەغدا هیچ كات دڵسۆز و خەمخۆری هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان نەبووە، ئەوانەشی پشت بە بەغدا دەبەستن و پێیان وایە لە حكوومەتی هەرێم باشترە، دەبێت هەمیشە بێهوودە چاویان لە دەستی بەغدا بێت.

عومەر رەنگێنەیی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانكۆی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، گرنگە ئەوەی لە رابردوو بەدەست هاتووە وەك خۆی بەردەوام بێت و بە هیچ شێوەیەك رێگە نەدرێت ئەوەی بەغدا لە بەرنامەیدایە جێبەجێ بكرێت، كە دەیەوێ هەنگاو بە هەنگاو ئەوە جێبەجێ بكا و هەرێم بەتەواوەتی بخاتەوە ژێر دەسەڵات و بڕیارەكانی خۆی، دەیەوێ ئەو نیوچە سەربەخۆییەی كە هەیە نەیهێڵێت، بۆیە ئێستە بەغدا بۆ دەرفەتێك دەگەڕێت ئەوە بكا و چەندان كەسیش هەن كاری بۆ دەكەن.

باسی لەوە كرد، بەغدا ئەو دۆخە دەقۆزێتەوە كە لە هەرێم هەیە، ئەویش مووچە لە ژێر دەستی خۆیدا بێت، مانگانە ئەوەمان بەسەر دێنێت و دووبارە دەبێتەوە،  پێنەدانی مووچەی سێ مانگ فەرمانبەری رووبەڕووی دۆخێكی خراپ كردووەتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەو تێبینییانەی لە ناوخۆ هەن، هیچكات حكوومەت و دەسەڵاتێكی تر وەك حكوومەتی هەرێم خەمخۆر و باشتر نییە.

 لای خۆیەوە رێبوار كەلاری، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، ئەوەی لە هەنگاوەكانی حكوومەتی عێراق بەدی دەكرێت، حكوومەتی هەرێم ئەوەی پێوەندیدارە بەو ئەركانەی لە كۆكردنەوەی داهاتی نەوتی و نانەوتی كە دیاری كراوە، هەمووی بە داتا خستووەتە بەردەم بەغدا، بەڵام ئەوەی روو دەدات و بەغدا دەیكات لە یەك شتدایە، هەموو كێشەكانیان لە بابەتی تەكنیكی كۆ كردووەتەوە و لە هیچ شوێنێك گرفت نییە، بەڵام بۆ هەرێم گرفتی تەكنیكی دروست بووە، بۆیە زۆر روون دیارە كە بەغدا مەبەستێكی تری هەیە، هەر ئەوە با وەڵامێكیش بێ بۆ ئەوانەی كە بە شان و باڵی بەغدایان هەڵدەگوت.

رونی كردەوە، بەغدا تەنیا دەستی دەستی بە هەرێم دەكا و كار لەسەر لێدانی دەسەڵات و قەوارەی هەرێم دەكات، جا هەر كەس قبووڵیەتی ئەوەیە و ئەوەشی كە قبووڵی نییە هەر ئەوەیە، چەندان ساڵە ئەو گرفتە هەر هەیە، رەنگە لە یاسای نەوت و غازیش ماف بە كورد نەدرێت، بە كورتییەكەی هەموو ئەو هەنگاوانە پێشێلكردنی دەستوورە، هەروەك یاسای بودجە و رێككەوتن جێبەجێ ناكرێت، كەواتە ئەگەر بڕیاری ناردنی پارە بە ناوی قەرزەوە دراوە، بۆچی دوای دەخات و ناینێرێت؟، كە ئەم سیاسەتەی بەغدا هەموو سنوورە مرۆییەكانی بەتەواوی بەزاندووە.

پێوەست بەو بابەتە پشتیوان مستەفا، فەرمانبەرە بە "وشە" دەڵێت، پێنج مانگە ئەوەندە گوێمان لە هات و نەهاتی پارە لە بەغداوە گرت بێزار بووین، كوا ئەم عێراقە وڵاتی یاسایە، لێرە شتێك كاری پێ نەكرێت یاسایە، ئەگەرنا بۆ یاسای بودجە بۆ هەرێم كار پێ ناكات، تا لەگەڵ پەسندكردنی بودجەدا یاساكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆیە چاوەڕێكردنی بەغدا هیچ لە بەرژەوەندیی فەرمانبەر نییە.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل